کۆسار عوسمان
#جەنگیز چاندار# ، پەڕڵەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەستپێشخەریی ئێستای تایبەت بە پرسی کورد لە باکووری کوردستان بە پڕۆسەی ئاشتی ناودەبات، بەڵام پێیوایە هێشتا بەتەواوی ڕوون نییە.
جەنگیز چاندار، ڕۆژی دووشەممە #03-02-2025# بەشداری لە گەشتێکی هەواڵیی تۆڕی میدیایی ڕووداو کرد و وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی پرسی کورد دایەوە.
لەبارەی چاوەڕوانییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ بانگەوازی چەکدانانی پەکەکە لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان، چاندار وتی: ئۆجەلان لە پەیامی نەورۆزی ساڵی 2013دا، واتە 12 ساڵ لەمەوبەر بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا ئەو بانگەوازەی کرد.
ئەو سیاسەتڤانە تورکە هەروەها باسی لەوە کرد، دەنگۆی ناردنی نامە لە ئۆجەلانەوە بۆ مەزڵووم عەبدی هەیە. هاوکات ڕەتیکردەوە لە سووریا تەنیا هەسەدە، دیمەشق و تورکیا ڕۆڵیان هەبێت.
جەنگیز چاندار هەروەها باسی لەوە کرد کە چاوەڕێ دەکرێت ئۆجەلان ڕۆژی 15ی شوبات ڕاگەیێندراو بڵاوبکاتەوە.
چاندار هەروەها هەرێمی کوردستانی بە تاکە ناوەندی سیاسیی کورد وەسفکرد و جەختیکردەوە، هەولێر لە پڕۆسەیەکی وەهادا ڕۆڵی گرنگی دەکەوێتە سەر شان.
دەقی هەڤپەیڤینەکەی جەنگیز چاندار لەگەڵ ڕووداو:
ڕووداو: دەمەوێ ئەو پرسیارە بکەم؛ لەو پڕۆسەیەی ئێستا هەیە، پرسی کورد لە چ دۆخێکدایە؟
جەنگیز چاندار: پڕۆسەکە لە قۆناخێکی ناڕووندایە، لەبەر ئەوەی هەر لە سەرەتاوە بە چارەسەرکردنی کێشەی کورد ناونەبراوە. وەک پڕۆژەیەکی ئاشتی ناوزەد کرا و گوترا ئەمە پڕۆژەیەکە بۆ زیندووکردنەوەی برایەتیی کورد و تورک کە هەزار ساڵە بەردەوامە و بەهێزکردنی یەکێتی و یەکپارچەیی تورکیایە. سەرەتا ئەم پڕۆژەی ئاشتییە دەکرێت، دواتر دەست بە باسکردنی بابەتەکانی کێشەی کورد دەکرێت.
مەبەست لە ئاشتیش ئەوەیە لە تورکیا خەباتی چەکداریی پەکەکە کۆتایی بێت و پێویستی بە خەباتی چەکداری نەمێنێت. ئەمەش لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە بە بانگەوازێک ڕابگەیێندرێت. دوای ڕوودانی ئەمە وا دادەنرێت ئاشتی بەدیهاتووە، دواتر نۆرەی هەنگاوەکانی چارەسەری پرسی کورد دێت و چی پێویستە هەنگاوی بۆ دەنرێت؛ چاوەڕوانی و تێگەیشتنێکی لەمجۆرە هەیە.
ڕووداو: باشە پێتانوایە پەیامێک بۆ چەکدانان بڵاوبکاتەوە؟
جەنگیز چاندار: دەیکات.. ئۆجەلان لە پەیامی نەورۆزی ساڵی 2013دا، واتە 12 ساڵ لەمەوبەر بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا ئەو بانگەوازەی کرد. ڕای گشتیی تورکیا زۆر بەوردی چاودێریی ئۆجەلان ناکات، بەڵام ئەوانەی بەوردی چاودێری بیروبۆچوون و قسەکانی ئۆجەلان دەکەن، دەزانن کە ئەو دەڵێت چیتر پێویست ناکات کورد خەباتی چەکداری بکات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی لە تورکیا. ئێستا لە ساڵی 2025داین. خەباتی چەکداری پەکەکە کە دەکرێت وەک ڕاپەڕینی چەکداریی کورد لێی تێبگەین، لە ساڵی 1984ەوە دەستی پێ کردووە و نزیکەی 40 ساڵ تێپەڕیوە. ئەمڕۆ پرسی کورد لەسەر هەموو ئاستەکانی تورکیا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت
ڕووداو: باشە پێتانوایە هەمان پەیام بۆ ڕۆژاڤای کوردستانیش بڵاوبکاتەوە
جەنگیز چاندار: سەبارەت بە ڕۆژاڤا چی دەکرێت، ئێمەش بەپەرۆشەوە چاوەڕێین. ئێستا لەو قۆناخەداین کە چاوەڕێی بانگەوازی ئۆجەلان دەکەین. چاوەڕێ دەکرێت ئەم بانگەوازە لە 15ی شوباتدا بکرێت کە دەکاتە 25 ساڵەی گەڕاندنەوەی ئۆجەلان بۆ تورکیا.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ڕۆژنامەڤاناندا ڕۆژەکەی ڕاگەیاند. بۆیە چاوەڕێ دەکەین دوای نزیکەی 10 ڕۆژ یان دوو هەفتە، ئەم بانگەوازە لەلایەن ئۆجەلانەوە بکرێت. بەڵام ڕوون نییە ئایا ئەم بانگەوازە چەکدانانی سووریاش دەگرێتەوە یان نا.
لەبەر ئەوەی لە سووریا هەموو شتێک نوێیە. هێشتا ڕوون نییە سووریا بە چ ئاڕاستەیەکدا دەڕوات، حوکمڕانی چۆن و لەگەڵ کێ، بە چ شێوەیەک دەکرێت، بە چ یاسایەک، چ دەستوورێک و چ ڕێکخستنێک دەبینین. کاتێک هیچ شتێک ڕوون نەبێت، چاوەڕوانیی ئەوەی کە کورد چەکەکانیان ڕادەستی دیمەشق بکەن و وەک تاکە سەرباز خۆیان تۆمار بکەن لە سوپای سووریادا، لۆژیکی نییە.
چاوەڕێکردنی ئەوەی ئۆجەلان بانگەوازێکی وا بکات لۆژیکی نییە. چ جۆرە بانگەوازێک دەکات، ئەمە ئێستا نیشانەی پرسیارە. بەڵام پێدەچێت بانگەوازێک بۆ سووریاش چاوەڕێ بکرێت و کاتێک ئەم بانگەوازە بۆ سووریا دەکرێت، ئەو کات بناخەی بانگەوازەکە دەبینرێت. ئێستا ناتوانین بەتەواوی پێشبینی بکەین چی دەبێت.
ڕووداو: باسی مەزڵووم عەبدیتان کرد، باس لە ناردنی نامە لە ئۆجەلانەوە بۆ مەزڵووم عەبدی و سەرۆک بارزانیش، لەمبارەیەوە هیچ زانیارییەکتان هەیە؟
جەنگیز چاندار: زانیاریی من لەمبارەیەوە دەنگۆی ناردنی نامەیەکە لەلایەن ئۆجەلانەوە بۆ مەزڵووم عەبدی، بەڵام بەڵگەی تەواو لەسەر ئەمە نییە. لەوانەیە وابێت. با ئەوەش لەبیر نەکەین کە لە گۆڕەپانی سووریادا تەنیا دەوڵەتی تورکیا، مەزڵووم عەبدی و دەستەی تەحریری شام و ئەحمەد شەرع نین. تەنیا سێ ئاکتۆر نین.
لە لایەکەوە تەیب ئەردۆغان یان هاکان فیدان لە ئەنقەرە، لە لایەکی دیکەوە مەزڵووم عەبدی و لە دیمەشقیش ئەحمەد شەرع. سێگۆشەیەکی وەها لە ئارادا نییە. لەوێ چەندین ئاکتۆری کاریگەر هەن و گرنگترینیان ئەمریکییەکانن. ئەمریکییەکان لەنێوان تورکیا و مەزڵووم عەبدی، هەروەها لەنێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع پەیوەندی درووست دەکەن. لەبەر ئەوە تەنیا نامە و پەیامی ئۆجەلان بۆ مەزڵووم عەبدی نییە، بەڵکوو پەیامی ئەمریکییەکان و لایەنەکانی دیکەش هەیە بۆ ئاکتۆرەکانی ئەوێ جێی باسە.
لەم نێوەندەدا دەبێت ئەوەشمان لەبیر بێت کە بەڕێز مەسعود بارزانیش لەم پرسانەدا ڕۆڵی هەبووە و دەکرێت ڕۆڵی هەبێت. بۆیە ئەگەر چەند ڕۆژێک یان هەفتەیەک چاوەڕێ بکەین، وەڵامی ئەم پرسیارانە ڕوونتر دەبێتەوە.
ڕووداو: بەڕێز چاندار، ئاگادارم ئێوە زیاتر لە 30 ساڵە پەیوەندییەکی بەردەوامتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە. پێتانوایە هەرێمی کوردستان لەم پڕۆسەیەدا چ ڕۆڵێکی هەبووە؟ یانیش دەتوانێت ڕۆڵی کاریگەریی هەبێت؟
جەنگیز چاندار: هەرێمی کوردستان، لەم قۆناخەی ئێستا تێیداین، دوو ڕۆڵی گەورەی هەیە بۆ ئەوەی بیانبینێت. ئەمڕۆ هەرێمی کوردستانی ئێراق تاکە ناوەندی سیاسیی کوردە کە وشەی کوردستانی تێدا بەکاردێت.
وەک پێکهاتەی بەڕێوەبردن و کارگێڕی و بەشێوەیەکی دەستووری لە دەستووری ئێراقدا جێگیرکراوە. تەنیا کورسیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان نییە. جگە لەوە هەموو ئەو شتانەی دەوڵەتێکی سەربەخۆ هەیەتی، لە کۆنترۆڵی سنوورەوە هەتاوەکوو ئاڵا، زانکۆ، شوناس و زمانی دایک وەک زمانی فەرمی، هەرێمی کوردستانی ئێراق ئەمانەی هەیە.
بۆیە هەرێمی کوردستانی ئێراق ناوەندێکی سیاسی و کارگێڕییە کە بەرپرسیارە لە هەموو پێشهاتێکی کورد لە جیهان و دەبێت بەشداری تێدا بکات. لە سووریا لەناکاو ڕژێمێک کە زیاتر لە 60 ساڵ بەردەوام بوو، ڕووخا و تابلۆیەکی نوێ دەرکەوت.
لەم هەلومەرجە نوێیەی کورد لە سووریادا، بەرپرسیارییەتییەکی گەورە دەکەوێتە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان. کوردی ئەوێ چۆن بژین، لەژێر چ جۆرە حوکمڕانییەکدا بن، بۆ ئەمەش لە یەکێتی نەتەوەیی کورد لە زەمینەی سووریا، لە بابەتی یەکێتیی کورد، ڕۆڵ و بەرپرسیارییەتییەکی گەورە دەکەوێتە سەر هەرێمی کوردستان.
ئەمە ڕۆڵی یەکەمیەتی. ڕۆڵی دووەمی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی زۆر نزیک، دۆستانە و پتەوی لەگەڵ تورکیا و ئەنقەرە هەیە. هەر بۆیە دەتوانێت ڕۆڵێکی زۆر ئەرێنی و بەهادار ببینێت، ئەویش لە ڕێی ئەو پەیوەندییە نزیکەی لەگەڵ تورکیا هەیەتی، بۆ دڵنیاکردنەوەی داهاتووی کورد لە سووریا.
بۆیە لە هەر ڕوویێکەوە سەیری بکەیت، کاتێک باسی سووریا و کورد دەکەین، ڕۆڵێکی گەورەتر لە هەموو لایەک دەکەوێتە سەر هەرێمی کوردستانی ئێراق
ڕووداو: باس لەوە دەکرێت، ئەو شاندەی دەم پارتی کە سەردانی ئیمراڵییان کردبوو و دواتریش سەردانی پارتەکانیان کرد، سەردانی هەرێمی کوردستان و ڕۆژاوای کوردستانیش بکات. شتێکی وەها لەئارادا هەیە؟
جەنگیز چاندار: لەمبارەیەوە قسە هەیە. من زانیاری دڵنیاکەرەوەم لەبەردەستدا نییە، بەڵام ئەم دەنگۆیە گەیشتووەتە منیش. ئایا هەمان شاند دەبێت؟ یان شاندێک دەبێت کە کەسانی دیکەشی تێدا بەشدار دەبن؟ ئەوەش ڕێگەی تێدەچێت.
ڕووداو: دەنگۆیەکی دیکە هەیە، گوایە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ساڵڕۆژی دەستگیر کرانیدا پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاودەکاتەوە. ئایا ئاگاداری شتێکی وەها هەن؟
جەنگیز چاندار: ماوەیەک پێش ئێستا هەمان زانیاری گەیشتە منیش. ئۆجەلان لەگەڵ سێ ئەندامی دیکەی پەکەکە کە لە دوورگەی ئیمراڵی بەندکراون، لەگەڵ ئەو شاندەی سەردانیان کردووە، بە کۆمەڵ ڕاگەیاندنێکی ڤیدیۆیی سازدەکەن. منیش ئەو زانیارییەم هەیە. بەڵام ئایا ئەم زانیارییە ڕاست دەردەچێت و بەدی دێت؟ ئەمە لە ڕۆژانی داهاتوودا دەبینین. ئێستا لەو ڕاگەیاندنەی چاوەڕێ دەکرێت ئۆجەلان بیکات، هەندێک خاڵ هەن سەبارەت بە سووریا کە هێشتا لەنێوان تورکیا و ئۆجەلاندا یەکلایی نەکراونەتەوە. کاتێک ئەو خاڵانە ڕوون دەکرێنەوە، پێدەچێت ئۆجەلان ڕاگەیاندنێکی ڤیدیۆیی بکات. واتە لەبری ڕاگەیاندنێکی نووسراو کە بۆ میدیاکان بڵاو بکرێتەوە، ڕاگەیاندنێکی ڤیدیۆیی دەکات. ئەم زانیارییە لای ئێمەش هەیە.
ڕووداو: ئایا سەردانەکانی ئیمراڵی کۆتاییان پێهاتووە یاخود بەردەوام دەبن؟
جەنگیز چاندار: چاوەڕێ دەکرێت دوای ئەمە نۆرەی ڕاگەیاندن بێت و هاوڕێ ڕۆژنامەڤانەکانمان کە بە شاندی ئیمراڵی ناودەبرێن، بۆ ئەو ڕاگەیاندنەی باسمان کرد بچنە ئیمراڵی. بەڵام ئەمە پڕۆسەیەکە کە هەر کاتێک دۆخێکی نوێ و چاوەڕواننەکراو دەتوانێت ڕوو بدات. کاتێک چاوەڕوان نەکرێت شاندەکە بچێت، لەوانەیە دیسان بچێت، بەڵام تا ئێستا ئەوەی بڕیاری لەسەر دراوە ئەوەیە شاندەکە دەچێت، دوای گەڕانەوەی لەگەڵ پارتەکان کۆدەبێتەوە و زانیاری دەربارەی ئەو کۆبوونەوانە دەداتە ئۆجەلان، پاش ماوەیەکیش ئۆجەلان ڕاگەیێندراوی دەبێت، بەمەش بەرەو قۆناخێکی نوێ هەنگاو دەنێین. ئێستا لەم قۆناخەی کارەکەداین.
ڕووداو: باسی قۆناخێکی نوێتان کرد، ئایا دەوڵەت تاوەکوو ئێستا بە جددی دەیەوێت پڕۆسەیەکی نوێ لە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستپێبکات.
جەنگیز چاندار: وای دادەنێین، واتە ئەگەر ئۆجەلان بە شێوەیەکی جیاواز لە گۆڕەپانەکەدا دەربکەوێت، ئەمە مانای کرانەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی دەگەیەنێت، ئۆجەلان لە دۆخێکدا دەبێت کە چەندین کۆبوونەوە بکات. دڵنیاییەوە سەبارەت بە پرسی کورد دەبن. هەوڵدانی زیاتر بۆ چارەسەری دەبێت، هەرچی دەچێتە نێو پرسی کوردەوە، هەوڵ بۆ ئەوانە دەدرێت. بەڵام بۆ ئەوەی هەموو ئەمانە ڕوو بدەن، وەک دەوڵەت باخچەلی ڕۆژی 22ی تشرینی یەکەم ڕاگەیاند، پێویستە ئۆجەلان هەندێک مافی یاسایی پێ بدرێت.
ئۆجەلان خۆیشی ئەمەی گوت، وتی: با هەلومەرجەکانم بۆ ئاسان بکرێت، من دەتوانم ئەم پرسە بخەمە سەر زەمینەی یاسایی و سیاسی. ئێستا لە قۆناخی سەرەتاین. واتە ئەگەر ئۆجەلان ئەو بانگەوازە بکات کە لێی چاوەڕێ دەکرێت، ئەو بانگەوازەی دەوڵەت چاوەڕێی دەکات، دواتر چی دەبێت؟
ناکرێت پێی بگوترێت: باشە، ئیدی لەبیرمان کردی، لەمەودوا لە ئیمراڵی دەبیت و کەس هەواڵت ناپرسێت و گوێت لێ ناگرین ، وەک چۆن چوار ساڵ لەمەوبەر ڕوویدا، وا دەبێتەوە. واتە بەڵێنێک بە ئۆجەلان دراوە: ئەگەر تۆ بانگەوازێکی وا بکەیت، دۆخەکەت دەگۆڕێت، بارودۆخی یاساییت دەگۆڕێت. ئەگەر ئەمە جێبەجێ بکرێت، مانای ئەوەیە پرسەکە بەرەو قۆناخێکی نوێ دەڕوات. بە لۆژیک دەبێت وا بێت.
ڕووداو: بەڕێز چاندار کاتم کەم ماوە، بەڵام پرسیارێکم هەیە ئەگەر بەکورتی وەڵامم بدەیەوە، ئایا لەم قۆناخەی ئێستا هەیە، هیچ لایەنێکی نێودەوڵەتی وەکوو لایەنی سێیەم لە پڕۆسەکەدا هەیە؟
جەنگیز چاندار: ئێمە ئەمەمان نەبیستووە. واتە ناتوانم لەبارەی شتێکەوە کە نایزانم بڵێم نییە، بەڵام نەمانبیستووە. هەروەها بڕیاردەرانی تورکیا، هاوپەیمانییەکان، لە لایەکەوە سەرۆککۆمار و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی تەیب ئەردۆغان، لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی، دەوڵەت باخچەلی کە ڕێگەی بۆ ئەم پڕۆسەیە کردەوە، ئەوان کەسانێک نین حەز بە دەرەوە بکەن و دڵخۆش بن پێی. لەبەر ئەوە باوەڕناکەم لایەنی سێیەم هەبێت، بەڵام ڕۆژنامەکان دەنگی ئەوەیان لێوە دەبیسترێت کە گوایە لایەنی سێیەم هەیە و دەڵێن ئەمریکییەکان هەن، بەڵام هیچ بەڵگەیەک لەلای من نییە. لەبەر ئەوە ناتوانم شتێک بڵێم، نازانم
ڕووداو: بەڕێز جەنگیز چاندار، پەڕڵەمانتاری دەم پارتی، زۆر سوپاس کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ئیستەنبووڵیوە لەگەڵمان بوویت.
جەنگیز چاندار: من سوپاستان دەکەم، ماندوو نەبن[1]