=KTML_Bold=ئايندەی ناوچە دابڕێندراوەکان پاش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان=KTML_End=
#سیروان حوسێن مەخمووری#
هەر لەڕاگەیاندنی ئەنجامی هەلبژاردنەکانی هەر (15) پارێزگا دەرکەوت هێزەکانی نزیک لەئێران براوەی زۆربەی کورسیەکان بوونە، ئەگەر شیکردنەوە بۆ کات و ساتی هەڵبژاردنەکە بکەین دەبینین ئەم هەڵبژاردنە بەپلەی یەکەم لەبەرژەوەندی هێزە نزیکەکانی ئێرانە بەتایبەتی هێزەکانی حەشد شەعبی کە کۆنترۆلی جومگە سەرەکیەکانی وڵاتیان کردووە، ئەمە وێڕای بەردەوامی بایکۆتی سەدریەکان لەپرۆسەی سیاسی عیراق بۆتە هەل و دەرفەت لەلایەکی ترەوە هێزە شیعەکان هەوڵی کۆنترۆلی پارێزگاکانی سووننەیان داوە لەرێگەی سەربازییەوە و بەڵام پاش هەڵبژاردنەکان دەرکەوت بۆ یەکەمجار لەڕیگەی لیستە نزیکەکانی خۆیان بگەنە ئیدارەی پارێزگا سووننەکان و پارێزگای کەرکوک، پلانەکەیان لەڕێگەی ئەم هەنگاوانە بووە:
=KTML_Bold=هەنگاوی یەکەم:=KTML_End= ئەگەر وردبینەوە پێش هەڵبژاردن لایەنە شیعەکان و هێزە نزیکەکانی خۆیان لەم پارێزگایانە بەپارەیەکی گەورە و زەبەلاح دەستیان کرد بەبانگەشە، بەجۆرێک هەر لەسەرەتاوە بەپاڵپشتی هێزی سەربازی و ماددیەوە دەستیان کرد بە کڕینی کارتی دەنگدان کە بۆ هەر کارتێک نرخەکەی گەیشتە (50 تا 120) هەزار دینار، ئەم کارەشیان بەڕێکخراوی تاڕۆژی هەڵبژاردن جێبەجێ کرد و ئەمەش کاریگەری لەسەر گۆڕینی لە هەڵویستی زۆربەی دانیشتوانی ئەو پارێزگایانەیان کرد، بەشێوەیەک هەندێ لایەن دەنگێکی زۆریان هێناوە لەپاش 2003 وە ئەو دەنگەیان نەهێنا بۆ نموونە هەرسێ کۆتای پارێزگای نەینەوا کەکورسیەکانی هەریەک لە (مەسیحی، کوردی شەبەک، کوردی ئێزیدی) بۆ لایەنەکانی حەشد بووە، ژمارەی دەنگەکانیان جێگای گومانە لەهیچ هەلبژاردنێکی ڕابردوو بەم شێوەیە دەنگ نەهاتووە، ئەمە بۆ لیستەکانی تری نزیک لەخۆیان هەر ڕاستە، لەلایەکی ترەوە کڕینی کادیر و کەسایەتی لایەنەکان بەپارەیەکی زەبەلاح ئەوەش گومانی لەسەر پڕۆسەکە دروستکردووە.
=KTML_Bold=هەنگاوی دووەم:=KTML_End= لەم هەنگاوەیان هێزە سووننەکان و شیعەکانی نزیک لەئێران ڕێککەوتن لەسەر بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەشداری خەڵک لەگشت پارێزگا سوونەنشین و ناوچەکانی نفوزی هەردوو لا بۆ نموونە بەشداری خەڵک لەقەزای حەویجە گەیشتە سەرووی (75%)، ئەم ڕێژەیەش لەڕابردوو رووی نەداوە، لەلایەکی ترەوە نەتەوە یەکگرتووەکان هەر لەسەرەتاوە بڕیاریان دا کەسەرپەرشتی پرۆسەی هەلبژاردن ناکات، ئەمە وێڕای ئەوەی نەبوونی چاودیری لایەنەکان لەزۆربەی بنکەکانی دەنگدان بۆ نموونە لەکەرکووک لەقەزا عەرەبنشینەکان چاودیری لایەنە کوردییەکانی نەبوو هەموو ئەمانە گومانی دروستکردووە لەسەر کۆی پرۆسەکە و ئەو ژمارە زۆرەی دەنگدانی لایەنەکان.
=KTML_Bold=هەنگاوی سێیەم:=KTML_End= ئەم هەنگاوەیان بریتی یە لە قۆناغی پاش هەڵبژاردن، بەجۆرێک ئەو هێزانەی کەنزیکن لەئێران لەهەوڵی گۆڕینی بارودۆخی ناوچە دابڕیندراوەکان بەگشتی کەرکووک و شەنگاڵ بەتایبەتی چونکە ئەو دوو شوێنە هەژموونی هێزەکان زیاتر زاڵە و بوونەتە خاوەن کورسی، ئەم هەنگاوەش بەمەترسیترین هەنگاوی گۆڕینی دیمۆگرافی ئەو ناوچانە دادەنرێت، بەجۆرێک ئەگەرئەم ناوچانە لەڕابردوو دووچاری شاڵاوەکانی تەعریب بوونەتەوە ئەمجارە دەبنە قوربانی شاڵاوی تەشەیووع، چونکە ئەگەر سەیری نەخشەی کورسی لایەن و پێکهاتەکانی کەرکووک بکەین بەڕوونی دیارە ئەو پلانەی دارێژراوبوو بریتی بوو لەکەمکردنەوەی دەنگی کورد، وەک دەبینین لیستەکەی (راکان الجبوری) و لیستی یەکێتی نشتیمانی و کاندیدی کۆتای مەسیحی نزیک لە ئێران براوەی هەرسێ پێکهاتەی عەرەبی و کوردی و مەسیحی بوونە، ئەوەش ڕوونە ئەو پلانە یەکێتی کردە یەکەم بەڵام نەتەوەی کوردی لەم پارێزگایە لەزۆرینەی ڕەها کردە کەمینە، ئەمە وێڕای ئەوەی هەردوو لیستی نەوەی نوێ و مەشخەڵ زیاتر لە (32000) هەزار دەنگی کوردییان لەم پارێزگایە فەوتاند، هەموو ئەو پلانەیان لەپێناو ئەوەیە پارتی دیموکراتی کوردستان و هێزەکانی تری نەیاری خۆیان پەراوێزبخەن بە ویستی خۆیان ئەجیندا و سیاسەتەکانیان پیادە بکەن، هەربۆیە لەپاش ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر ئەو هەڵبژاردنە بەمەترسی ترین پیلان هەژماردەکرێت بۆ لاواز کردنی ڕۆلی کورد و تێکدانی یەکڕێزی لایەنە کوردییەکان.
بۆیە مەترسی لەسەر ئایندەی ناوچە دابڕێندراوەکان زیاتربووە و هەموو ناوچەکان لەبەردەم هەڕەشەی گۆڕانی دیمۆگرافی و ئەتنۆگرافی دان، بەجۆرێک لەهەوڵی ئەوەدان ئەو ململانێیەی نەتەوەیی یەی کە یەک سەدەیە لەنێوان کورد و عەرەبە شۆڤێینی و لایەنە توندڕەوەکانی تر هەبووە لەڕابردوو ئەمجارە دەیگۆڕن بۆ ململانێی حزبی و مەزهەبی و شەخسی و سیاسی،بەجۆرێک هەموو کارێک دەکەن تا بەهەموو ڕای گشتی ڕابگەینن کە لەعیراق هیچ کێشەیەکی نەتەوەیی نیە و لەکەرکووکیش کێشەی نەتەوەیی نەماوە بووەتە کێشەی لایەنە سیاسیەکان (کوردی – کوردی) (عەرەبی – عەرەبی) (تورکمانی – تورکمانی). [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=