پێشبینی دەکرێت 300 هەزار گەشتیار هاتبێتە هەرێمی کوردستان
📊 ئامار و راپرسی
سەرۆکی دەستەی گەشت و گوزاری هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەپێی پێشبینی و لێکدانەوەی خۆیان و بەبەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ڕێژەی هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان بۆ زیاتر لە 300 هەزار زیادیکردووە.
مەولەوی جەبار، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بە دواڕۆژی راگەیاند بەپێی ئامارو پێشبینییەکان لە ماوەی چەند رۆژی بەر لەجەژن و لە رۆژەکانی پشووی جەژنی رەمەزاندا زیاتر لە 300 هەزار گەشتیار روویان لە هەرچوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان کردبێت، لە بەرامبەردا پارساڵ 243 هەزار گەشتیار بووە.
ناوبراو، ئەوەشی خستەروو، زۆرترین ئه و گەشتیاریانەی لە پشووەکانی جەژنی قوربان روویان لە هەرێمی کوردستان کردوە، لە خواروو و ناوەڕست عێراق بە پلەی یەکەم و ئێران و تورکیا بە پلەی دووەم بێت.
سەرۆکی دەستەی گەشت و گوزار، ئاماژەشی بەوەکرد، سەرجەم ئامادەکارییەکان لە لایەن دەستەی گەشت و گوزار و لایەنی پەیوەندیدارو یەکە ئیدارییەکان کراوە، جگە لەوەش هۆتێل و رێستۆرانت و خزمەتگوزاری شوێنە گەشتیاری و گشتییەکان لەجەژنی رەمەزاندا ئاگادارکراونەتەوە بەوەی دەرگاکانیان بەڕووی گەشتیاران بکەنەوە.
وتیشی پێشبینییەکانی دەستەی گەشت و گوزاری هەرێمی کوردستان، لەسەر ئه و بنەمایە، کە ئاسایش بەشێوەیەکی گشتی بۆ ناوچەکە گەڕاوەتەوە.
روونیشیکردەوە، ئەمساڵ ئاسانکاریی لە بازگەکان و سەقامگیری هەرێم وایکرد کە ڕێژەی گەشتیاری لە پارساڵ زیاتربێت بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان، جگە لەوەش بوونی ژمارەیەک کۆمپانیاو گروپی گەشتیاریی، کاردەکەن بۆ هێنانی گەشتیار لە دەرەوەی هەرێم.
بە وتەی ناوبراو، دوای تەواوبوونی جەژنی ڕەمەزان ئاماری هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرادەکەن، بەڵام ئەوەندە هەیە کە تا ئەمڕۆ دەیان هەزار گەشتیار لە وڵاتی ئێران و ناوچەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوونەتە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان.
وتیشی بۆ رۆژانی جەژن زیاتر لە 100 کۆمپانیای دەرەکی گەشتیاری بۆ ناو هەرێمی کوردستان هێناوە.
[1]
17-06-201817-06-2018