16 پێشێلکاری و توندوتیژی دژی رۆژنامەنوسان ئەنجامدراوە
دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
نەقیبی
سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستانسەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان رایدەگەیەنێت، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتەسەر رۆژنامەنوسان، ئەندامێکی ئەنجومەنی داکۆکیکردن لەمافی رۆژنامەنوسانیش دەڵێت لەسەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی مووچەخۆران هێزە ئەمنییەکان 16 پێشێلکاری و توندوتیژیان دژی رۆژنامەنوسان ئەنجامداوە.
ئازاد حەمەد ئەمین نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی ئازاری2018 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستایان و فەرمانبەران لە میانەی ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکانیان داوای مافی رەوای خۆیان کردووە کە لابردنی پاشەکەوتی مووچە یە.
وتیشی وەک هەموو جارەکان رۆژنامەنوسان بوونە قوربانی و پێشێلکارییان بەرامبەر کراوەو، ئەمجارەش جگە لە بردنی کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکان، مۆبایلی خودی رۆژنامەنوسەکانیشیان بردووە، کە ئەوانە پێچەوانەی یاسای ژمارە 35ی رۆژنامەنوسانی کوردستانە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە وەزارەتی ناوخۆو دەزگا ئەمنییەکان بەدواداچوون بۆ رووداوەکان بکەن و ئه و پێشێلکارییانەی بەرامبەر رۆژنامەنوسان کراوە دەبێت بە پێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و سەرجەم کەلوپەلی رۆژنامەوانی و دەزگاکانی راگەیاندن رادەست بکرێنەوە.
نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنوسان ئەوەشی خستەڕوو، لایەنە سیاسییەکان سواری مافی رەوای خەڵک بوون و بۆ مەرامی خۆیان ناڕەزاییەکانی خەڵکیان بەکارهێنا.
ئاشکراشیکرد، تیمێکی خۆبەخشی پارێزەرانیان پێکهێناوە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەدژی ئەوانەی هێرشیان کردووەتەسەر رۆژنامەنوسان.
دواتر محەمەد ئاکرەیی، ئەندامی ئەنجومەنی داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنوسان ئاماری پێشێلکارییەکانی خستەڕووو وتی لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کۆمەڵێک پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنوسان ئەنجامدراوە کە خۆی دەبینێتەوە لە 16 پێشێلکاری و توندوتیژی.
ناڕەزایی خۆشیان دەربڕی لەبەرامبەر پێشێلکارییەکانی هێزە ئەمنییەکان و ئەوانەی هێرشیان کردووەتەسەر پەیامنێران و دەزگاکانی راگەیاندن.
[1]
29-03-201829-03-2018