هەولێر: زیاتر لە 56%ی هاووڵاتیان ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا تۆمارکردووە
📊 ئامار و راپرسی
بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایدەگەیەنێت، پڕۆسەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بەردەوامە و دەشڵێت، تاوەکو ئێستا لە 56%ی دەنگدەرانی هەولێر ناویان لە سیستمەکه تۆمارکردووە.
ماوەی دوو ساڵە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرقاڵی تۆمارکردنی ناوی هاووڵاتییانە لە سیستمی بایۆمەتریدا و لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاریشدا بۆ یەکەمجار پشتی پێدەبەسترێت.
عەلی قادر، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆن بە دواڕۆژی راگەیاند لە پارێزگای هەولێر رێژەی خۆتۆمارکردنی هاووڵاتییان لە سیستمی بایۆمەتری لە ئاستێکی بەرزدایە، تاوەکو ئێستاش لە 56%ی هاووڵاتیان ناوی خۆیان تۆمارکردووە و له و رێژەیەش 336 هەزار کەس کارتی ئەلیکترۆنی دەنگدانیان وەرگرتۆتەوە.
وتیشی، ئامادەکارییەکان بەرەو کۆتایی دەڕوات بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، بەشی زۆری پێداویستییە لۆجستییەکانی هەڵبژاردنەکانیش گەیشتوونەتە هەرێم.
ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی بارودۆخی ئەمنی، چەند ساڵێک لەمەوپێشی عێراق و شەڕی داعش، ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی ناوچە و شارە جیاوازەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستانن کە هاوشێوەی هاووڵاتیانی دیکە مافی دەنگدانیان هەیە.
عەلی ئاماژەشی بەوەکرد، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڕیاریداوە کە چەند بنکەیەکی دەنگدان بۆ ئەو ئاوارانە بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە ئەو هاووڵاتییانە دەبێت کارتی دەنگدانیان بۆ رۆژی هەڵبژاردن پێبێت و هاوکات دەبێت دەنگ بدەنە کاندیدانی سنووری پارێزگاکانیان.
وتیشی دەربارەی دەنگدانی هاووڵاتیان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان کە پێویستە ئەوانیش لەڕێگەی سایتی کۆمسیۆنەوە ناوی خۆیان تۆماربکەن و زانیاریی ناو تۆمارەکە بۆ رۆژی هەڵبژاردن لەسەر کاغەز ببەن بۆ بنکەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن.
وابڕیارە لە 12ی ئایاری داهاتوو لە سەرتاسەری عێراق پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەبچێت.
[1]
14-03-201814-03-2018