دوایین نامەی شەهید ناسر خۆشکەلام لە ژووری سێدارە بۆ دەستگیرانەکەی
بۆ خۆشەویستی ژیانم، ژیانێکی کە ئێستا کە تۆ نامەم دەخوینی بۆ من نەماوه. نازانم لەم سەر دەمەی مەرگدا باسی چیت بۆ بکەم. باسی ئەو هەمووە چەرمەسەریەی من بۆ تۆم دروست کردووه، باسی دڵی بریندارمان، باسی ئەوینی خنکاومان. بەڕاستی ئەوەندەم قسە پێیە نازانم لە کوێوە دەست پێ بکەم ئێستێ کە دوایین کاتەکانی ژیانم دەبەمە سەر وێنەی شیرینی تۆم لە پێش چاوە کە نیگای بە تاسەت چاوەڕوانی ئازادی من دەکات، بەڵام هەیهات بۆ هیوای ڕابردوو، بۆ ژیانی ژاکاو و بۆ ئەوینی گەورەمان. دەزانم لە مەرگی من زۆر پەرۆش دەبی، دەزانم نان و ئاو بە دەستت تاڵ دەبێ، دەزانم دوای من ڕەش دەپۆشی، بەڵام ئەمە چارەنووسی ئەوینی ئێمەیه.
لە بیرم دێ لە یەکەم ژوانماندا باسی گرتن و کوشتن و ئاوارەی و دەربەدەریمان دەکرد، دەی ئەوە ئێستا کاتی تاقیکاریه، بە هێز بە خۆت ڕاگرە و مەهێڵە دوژمنان شادبن، من بە بیر و بڕوایکی کە بە داهاتووی نیشتمان هەمە سەر دەنێمە سەر خاک کە وابوو مەهێڵە تۆزی غەم و پەژارە دات بگرێ وایش نەبوایە من هەر دەمردم'' تۆزی بەر بایێک و خۆڵی وردم''.
تکات لێ دەکەم تووشی ئیحساس و عاتفە مەبه، من دەڕۆم، بەڵام تۆ دەژیت. هیوام وایە لە گەڵ کوڕێکی باشتر لە من زەماوەند بکەیت، بۆ ڕۆژی زەماوەندتتان چەپکێک گوڵی سوور بهێنە سەر مەزارم و یادم بکەن، شادی من لەوەدایه. بەختەوەریت ئاواتەخوازم، تکات لێ دەکەم بەرگی ڕەش لە بەر مەکە بەرگی سووری ئەوین لەبەرکە با یادی ئەوینی گەورەمانت لە پێش چاوا بێت، لە هەر جێژن و کوڕێکدا سەر لە مەزارم بدەن، بەڵام نە بە گریانەوه، بەڵکو بە قاقای پێکەنین، چون من شەهیدی ئامانجێکی بەرزم، یادم بکەن بە گرتنەبەری ڕێگا پیرۆزەکەم، یادم بکەن بە کۆڵنەدان و خەبات و بە یادی من گوێ لە شریتی چاووشی 5 بگره. لە سەر گۆڕم سروودی '' تا بە شیر تابناک'' بخوێنن، ئەوەندەش بڵێم کە من لە بێدادگایەکدا محاکمە کرام کە بێوێنە بوو، لە دادگا نەئەچوو هەر وەک کایەی منداڵانە وا بوو......