1- گۆڤاری نیشتمانی ئۆرگانی کۆمەڵەی ژێ کاف:
دووەمین گۆڤاری کوردی ئێران، بە زەحمەتێکی یەکجار زۆر و بە نهێنییەوە لە تەورێز لە چاپخانەی کابرایەکی ئەرمەنی دەردەچێت و ئینجا بەرەو موکریان و پاشان بۆ دەرەوەی ئێران دەنێرییەت.
دوکتور مارف خەزنەدار سەبارەت بە نیشتمان دەڵێت: نیشتمان گۆڤارێکی مانگانەی کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و خوێندەواری کوردی بوو، لە مەهاباد لەلایەن کۆمەڵەی (ژێ کاف)ەوە چاپ و بڵاو دەکرایەوە. ژمارەی یەکەمی لە مانگی تەمووزی 1943 بڵاو کرایەوە.کۆمەڵێک شاعیر و نووسەر و هەڵکەوتووی لاوی کورد کە ئەندامی کۆمەلەی (ژێ کاف) بوون لە دەوری ئەم گۆڤارەدا کۆبوونەە. زیاتر گۆڤارەکە بایەخی بە ئەدەبی کوردی دەدا و تەماشای مەسەلەی کوردی وەک مەسەلەی میللەتێک دەکرد. لەبەر ئەوە بایەخێکی زۆری بە کوردی دەرەوەی ئێران دەدا و باس و هەواڵی شاعیران و ڕۆشنبیرانی کوردی دەرەوەی ئێرانی بڵاو دەکردەوە. بەرهەمی ئەدەبییانی چاپ دەکرد و هەندێجار ئەگەر چاپکراوێکی دەرەوەی دەستبکەوتایە بۆ سوودی گشتی دووبارە چاپی دەکرد.
ئەم گۆڤارە دەورێکی گرنگی گێڕا لە پەروەردە کردنی لاوی کورد و ئاڕاستە کردنی بۆ ڕێی ڕاستی و باوەڕکردن بە ناوەرۆکی دێموکراتی و خەباتکردن بۆ دامەزراندنی کۆمەڵێکی سەربەست و بەختیار. ئەم گۆڤارە وەکوو هەموو ڕۆژنامەو گۆڤارەکانیتری کوردی تەمەنی درێژ نەبوو، تەنیا 9 ژمارەی لێ بڵاو کرایەوەو لە ساڵی 1945 پەکی کەوت.
هەرچەن هەمیشە گوتراوە نیشتمان 9 ژمارەی لێ بڵاوکراوە بەلام لە هەندێک بەڵگەدا هاتووە کە دوای ڕووخانی کۆمار مامۆستا زەبێحی بە نهێنی ژمارەیەکیتری نیشتمانی لە 1948دا لە عیراق دەرکردووە.
چۆنیەتی ژمارەکانی نیشتمان:
بارستی هەر ژمارەیەکی گۆڤاری نیشتمان (22 17) سانتیمیتر بووەو لە هەموویاندا دوای بەرگەکە پێرست و ناوەرۆکی گۆڤارەکە لەگەڵ ناوی نووسەرەکەی چاپ کراوە. لە سەرەوەی بەرگەکەیشدا وێنەی ڕۆژێک کێشراوە کە تێیدا بە لاتین نووسراوە:(J.K) کە کورتکراوەی ناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد یان کوردستانە. هەر جاریش بەدەور ڕۆژەکەدا ئایەتێک نووسراوە. هەروەها هەرجارێک لە سووچی سەرەوەی بەرگەکەدا وەک درووشم ڕستەیەک نووسراوە.
Ø ژمارەی یەک پووشپەڕی 1322ی هەتاوی، 25 لاپەڕە، بریتی لە: 11 وتار، 4 شێعر (ئەم ژمارە هیچ وێنەیەکی تێدا نەبووە)
ئایەتی ڕووبەرگ: (کم من فئة قلیلة غلبت فئة کثیرة بأذن اللە)
ڕستەی سەر بەرگ: بژی سەرۆک و کورد و کوردستان و هیوا (مەبەست حیزبی هیوای باشووری کوردستان بووە)
Ø ژمارەی دوو خەزەڵوەری 1322ی هەتاوی، 25 لاپەڕە، بریتی لە: 7 وتار، 7 شێعر، 2 وێنە (وێنەی شەهید شێخ عەبدولقادر و مەلا موحەممەد کۆیی)
ئایەتی ڕووبەرگ: (و من یتوکل علی اللە فهو حسبە)
ڕستەی سەر بەرگ: هەروەک ژمارە یەک، بەڵام وشەی (هیوا)ی نەماوە! لەم دیو ئەو دیوی ڕۆژەکەشدا ئەمانە نووسراوە:
بەختیارین لە هەوەڵ نێوی مەیان دانا کورد
ساحبی غیرەتی ئەو قەومە وەکوو ڕۆستەمی گورد
هەرکەسێ پەنجە لە پەنجەی مە دەدا یا ڕەببی
دەست و پەنجەی بشکێ پیلی لە بن ببێ ورد
Ø ژمارەی سێ و چوار سەرماوەز و بەفرانباری 1322ی هەتاوی، 36 لاپەڕە، بریتی لە: 12 وتار، 7 شێعر، 1 وێنە
ئایەتی ڕووبەرگ: (نەسڕوڵڵا من اللە و فەتحوڵڵاقریب و بشر المؤمنین)
ڕستەی سەر بەرگ: (بژی کورد و کوردستانی گەورە) لەلای چەپەوە نووسراوە و لە لای ڕاستیشەوە نووسراوە:
(لە دەم بڕینی ئەوانەی لە کۆمەڵم بە دۆگن/ لەبارو تیژە دەمی مرۆدەکا مەقەستە برینگم)
Ø ژمارەی پێنج ڕێبەندانی 1322ی هەتاوی، 24 لاپەڕە، بریتی لە: 6 وتار، 7 شێعر، 1 وێنە
ئایەتی ڕووبەرگ: (تعاونوا علی البر و التقوی)
Ø ژمارەی شەش ڕەشەمەی 1322ی هەتاوی، 22 لاپەڕە، بریتی لە: 7 وتار، 6 شێعر، 2 وێنه
ئایەتی ڕووبەرگ: (ان اللە یامر بالعدل و الاحسان)
ڕستەی سەر بەرگ: هەر وەک ژمارەی سێ و چوار
Ø ژمارەی حەوت، هەشت و نۆیەم خاکەلێوەو بانەمەڕو جۆزەردانی 1323ی هەتاوی، 32 لاپەڕە، بریتی لە: 14 وتار، 7 شێعر، 1 وێنە (وێنەی لینین!)