زانکۆی #سلێمانی# (بە ئینگلیزی: University Of Sulaymaniyah) یەکێکە لە گەورەترین زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و ساڵی 1968 دامەزراوە، سەرەتا لە سێ کۆلێژ پێکهاتبوو بەڵام دواتر ژمارەی کۆلێژەکان زیادی کرد بەهۆی ویستی خوێندنی زیاتر لە زانکۆکە، کەمپی سەرەکی زانکۆ دەکەوێتە شاری سلێمانی هەرێمی کوردستان و زانکۆ هەر بە ناوی شارەکەوە ناونراوە.
ساڵی 1981 حکوومەتی ئێراقی زانکۆکەی هەڵوەشاندنەوە و گواستییەوە بۆ شاری هەولێر و ناوی لێنرا زانکۆی سەڵاحەدین، ساڵی 1992 بۆ جارێکی دیکە زانکۆی سلێمانی بنیاتنرایەوە لەلایەن چەندین کەسی ڕۆشنبیر و زانستخوازەوە و بە شێوەیەکی فەرمی لە #14-11-1992# زانکۆ کرایەوە.
کۆلێژەکان:
زانکۆی سلێمانی خاوەنی 19 کۆلێژە و قوتابییەکان لە دوای تەواوکردنی خوێندن دەبنە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە بواری خۆیان.
کۆلێژی ئەندازیاری
بەشی ئەندازیاری لە ساڵی 1995 کراوەتەوە و سەرەتا تەنیا بەشی ئەندازیاری ئاودێری بووە، ساڵێک دواتر بەشی ئەندازیاری بیناکاری و ساڵی 1999 ئەندازیاری تەلارسازیش کراوەتەوە، ئەندازیاری کارەباش ساڵی 2004 کراوەتەوە.
کۆلێژی پزیشکی
یەکێکە لە بەناوبانگترین بەشەکانی زانکۆ و ساڵانە سەدان خوێندکار وەردەگرێت، خوێندکاران بۆ ماوەی شەش ساڵ دەخوێنن و لە ماوەی ئەو شەش ساڵەدا قوتابی بە شێوەیەکی گشتی فێری هەموو بابەتە پزیشکییەکان دەبێت و لە قۆناغە سەرەتایییەکانی خوێندن وانەکانی بە شێوەی تیۆری و کەمێکی بە پراکتیکی دەخوێنێ، دوای دەرچوونیش شارەزاییەکی ئەوتۆی لە بوارەکەی خۆیدا دەبێت بە شێوەیەکی زۆر باش.
ئەم بەشە ئەرکێکی قورس دەخاتە سەر خوێندکار و هەوڵدانێکی زۆری دەوێت بەهۆی ئەو ئەرکە گەورەیەی لە ئاییندەدا لەسەریانە.
لە قۆناغی یەک خوێندکار بە ئامێر و بەشەکانی نەخۆشخانە دەناسرێت، لە قۆناغی دووەمیش مێژووی نەخۆشی و هۆکاری تووشبوون و باری لەناکاو و نیشانەکان دەناسێت، لە ساڵی سێیەمدا وانەی پراکتیکی زیاتر دەبێت هاوشان لەگەڵ وانەی تیۆری.
لە سێ ساڵەکانی کۆتایی وانەکان زۆرینەی دەبنە پراکتیکی و کرداری و ساڵی شەشەمیش بە شێوەیەکی گشتی لە نەخۆشخانەکان دەبێت.
وانەکانی ساڵی یەکەم:
Human Biology
Medical Chemistry
Biophysics
Critical Thinking (Academic Debate)
English
Computer
Kurdology
Anatomy
کۆلێژی پزیشکی ددان
لە دوای پزیشکی گشتی بە پلەی دووەم دێت لەسەر ئاستی کۆلێژ و سکوڵ و فاکەڵتییەکان، خوێندن لەم بەشە بۆ ماوەی 5 ساڵە و دوای تەواوکردنی ئەو وادەیە بەسەرکەوتوویی خوێندکار دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی (بەکالۆریۆس B.D.S) لە پزیشکی و نەشتەرگەری دەم و ددان.
لە قۆناغی یەکەم و دووەم زیاتر ئەو وانانە دەخوێنرێن بە شێوەی تیۆری و پراکتیکی کە پێیان دەگوترێت (Basics) کە پەیوەندییان بە دەم و ددانەوە هەیە و هەندێک وانەی پەیوەندیداریش بە پزیشکی گشتی لەم دوو قۆناغە و قۆناغی سێیەم بەتایبەتی دەخوێنرێ، لە قۆناغی چوارەم وە پێنجەم بە تایبەتی، خوێندکار ڕاستەوخۆ لە کلینیکی ناو زانکۆ نەخۆش وەردەگرێت و وانە پراکتیکییەکانی لەسەر جێبەجێ دەکات بە سەرپەرشتی مامۆستای پسپۆڕ و وەکوو پزیشکێک مامەڵە لەگەڵ نەخۆشەکە دەکات.
دوای تەواوکردنی ئەو پێنج ساڵە، ساڵێکیش وەکوو پزیشکی نیشتەجێی خولاو لە ناوەندەکانی ددان لە ناوەوە و دەرەوەی سنووری شار دەوام دەکات و دوای ئەو ساڵە دەتوانێت کلینیکی تایبەت بە خۆی دابنێت.
کۆلێژی دەرمانسازی
بەشی دەرمانسازی (بە ئینگلیزی: Pharmacy) لە بەشە پزیشکییەکانە و لە هەرێمی کوردستاندا لە ڕووی ئاستی نمرەوە دوای هەریەک لە بەشەکانی پزیشکی گشتی و پزیشکی ددان دێت.
زانستی دەرمانسازی بریتییە لەتەکنیک یاخود زانستی درووستکردن و دەستەبەرکردنی دەرمان، پسپۆڕی دەرمانسازی پسپۆڕییەکی پزیشکی و تەندرووستییە، کاری سەرەکی بریتییە لە فەراهەمکردنی دەرمان و زانینی پێکهاتە سەرەکییەکانی هەروەها چۆنییەتی بەکارهێنانی دەرمان بە شێوەیەکی ڕاست و تەندرووست و دیاری کردنی ژەمە دەرمانەکان، لێکۆڵینەوە لە دەرمان و درووستکردنی، چۆنییەتی کارکردنی و کاریگەرییەکانییە بەگشتی لەسەر زیندەوەران و بەتایبەت لەسەر مرۆڤ.
کۆلێژی پەرستاری
بەشی پەرستاری (بە ئینگلیزی: Nursing) بەشێکی پزیشکییە، لە دوای پزیشکی گشتی و پزیشکی ددان و دەرمانسازی، لە ئاستی چوارەمدایە.
کاری سەرەکی پەرستاری بریتییە لە چاودێریکردن و گرنگیدان بە نەخۆش بە شێوازێکی تەندرووست و زانستی هەروەها هاوکاریکردنی پزیشک لە چارەسەرکردن و پێشکەشکردنی یارمەتییە پزیشکییەکانی وەکوو: تیمارکردن و دەرزی لێدان، چاودێری کردنی باری تەندرووستی و دەروونی نەخۆش، ئامادەکردنی فایلی تەندرووستی تایبەت بە نەخۆش، هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگە لە نەخۆشییە باوەکان و ڕێنوێنی کردنیان بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشییە وەرزیەکان، چەندان کاری تریش.
پیشەی پەرستاری بنچینەی پزیشکییە، بایەخدارە وەکوو بەشە پزیشکییەکانی تر، بەشێکی دڵخوازی خوێندکارانە، ڕێژەی وەرگرتن لەو کۆلێژە 75% کچان وەردەگرن و 25% بۆ کوڕانه.
کۆلێژی زانست
هەریەک لە بەشەکانی جیۆلۆجی و بایۆلۆجی و کۆمپیوتەر و کیمیا و بیرکاری لە خۆ دەگرێت.
کۆلێجی زانست بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1965 دا دامەزرا کە یەکێک بوو لەو کۆلێجانەی ئەو سەردەمە زانکۆی سلێمانیان پێک هێنا و دواتر لە ساڵی 1982 دا کۆلێجەکە گواسترایەوە بۆ هەولێر و زانکۆی سەڵاحەدین دامەزرا، پاشان لە ساڵی 1992 دا جارێکی تر کۆلێجەکە لە زانکۆی سلێمانی دامەزرایەوە کە لەو کاتەدا تەنیا دوو بەشی هەبوو، هەر لەو کاتەوە هەتا ئێستا کۆلێجی زانست بەردەوام لە گەشەکردندایە و بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیووە لە ڕووی ڕێژەی وەرگرتنی خوێندکاران و ژمارەی ئەندامانی ستافی کۆلێجەکە و کەلوپەل و ئامێر و تاقیگە و هەروەها لە ڕووی ئەنجامدانی توێژینەوە وە.
کۆلێژی پەروەردە
کۆلێژی پەروەردە بریتییە لە زانستە فێرکارییەکان و ئامانجی پێگەیاندنی فێرکار و مامۆستای داهاتووە بۆ خوێندنگە ئامادەییەکانی وەزارەتی پەروەردە لە بوارەکانی : فیزیا و ماتماتیک و کیمیا و زیندەوەرزانی و زانستی کۆمپیوتەر.
کۆلێژی زانستە کشتوکاڵییەکان
لە دامەزراندنی زانکۆوە یەکێک بوو لە بەشە سەرەکییەکان و بە دوو بەش کرایەوە: بەشی بەرهەمی ڕووەکی و بەشی بەروبوومی ئاژەڵی و دواتریش چەندین لقی تر کرانەوە.
کۆلێژی هونەرە جوانەکان
یەکەمین فێرگەی هونەرە لە کوردستان، ساڵی 1998-1999 دامەزراوە و سەرەتا بەشی شێوەکاری لەخۆگرتبوو، دواتر کرایە سێ بەشی سەرەکی کە نیگارکێشان، پەیکەرسازی، سیرامیک بوون.
کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/872/0012.JPG=KTML_Photo_Alt=زانکۆی سلێمانی=KTML_Style=width:30%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/872/0012.JPG=KTML_Photo_End=
یەکێکە لە کۆلێژەکانی دوای دووبارە دامەزراندنەوەی زانکۆ و سەرەتا تەنیا سێ زمانی (ئینگلیزی و عەرەبی و کوردی) لەخۆدەگرت و دواتر لە 1993 بۆ 1994 بەشی خوێندنی ئیسلامی کرایەوە و لە 1997 بەشی جوگرافیاش کرایەوە، لە ساڵی 1998 هەریەک لە بەشی مێژوو و کۆمەڵناسی کرانەوە و لە ساڵی 2000 بەشی ڕاگەیاندن کرایەوە، دواتریش بووە خاوەنی سەرەکی بەشەکانی: جوگرافیا و مێژوو و کۆمەڵناسی و ڕاگەیاندن و کاری کۆمەڵایەتی و شوێنەوار.
کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان
لەم کۆلێژە خوێندکار زانستە ئیسلامییەکان دەخوێنێت و ساڵی 2005 لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دامەزراوە بە ناوی (سکووڵی کوردستان) کە ئامانجی پێگەیاندنی پیشنوێژ و وتارخوێن بووە.
سەرەتا ئەم کۆلێژە لە دوو بەشی پێشنوێژی و وتارخوێنی پێکهاتبوو و ئێستا لە سێ بەش پێک هاتووە کە بریتین لە: خوێندنی ئیسلامی، بەشی بنەماکانی ئایین، بەشی فقە و اصول.
کۆلێژی زمان
ئەم کۆلێژە هەر سێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی و زمان و ئەدەبی فارسی لە خۆ دەگرێت و تا ئێستاش بەردەوامە.
کۆلێژی یاسا و زانستی ڕامیاری
ساڵی 1998 بە فرمانی زانکۆیی ژمارە (7/5/4957) دامەزراوە، ئامانج لێی پێگەیاندنی نەوەیەکی زانا لە بواری ڕامیاری و بەگەڕخستنی هەوڵی لۆجیکی و زانستی بۆ ڕووناکبیری یاسایی و ڕامیاری بووە لە کوردستان، لە هەر سێ بەشی یاسا-بەیانیان، یاسا-ئێواران، زانستی ڕامیاری-ئێواران پێک دێت.
کۆلێژی بەڕێوبردن و ئابووری
یەکێکە لە کۆنترین کۆلێژەکان و لە 1976 دامەزراوە و دواتر لە 1999 جارێکی دیکە کرایەوە بە هەردوو بەشی ئامار و ئابووری، لە ساڵی 2000 بۆ 2001 بەشەکانی ژمێریاری و کارگێڕی کرانەوە.
کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت
ئەم کۆلێژە لە ساڵی 2004 بە ناوی مامۆستایان دامەزرا لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستەبەرکردنی مامۆستا بۆ قوتابخانەکان و ساڵێک دواتر چوار بەش کرانەوە کە بریتیبوون لە: زمانی ئینگلیزی و ماتماتیک و کۆمپیوتەر و زانستە کۆمەڵایەتییەکان و پەروەردەی وەرزش.
دەرچووی ئەم کۆلێژە گرنگی دەدەن بە وانەوتنەوەی پۆلی 1 بۆ 9ی بنەڕەتی و ناوەندی.
کۆلێژی پەروەردەی وەرزش
لە هەریەک لە بەشی پەروەردەی وەرزش و بەشی وەرزشی بنەڕەت پێک دێت.
کۆلێژی بازرگانی
لە بەشەکانی (ژمێریاری دارایی و وردبینی، کارگێڕی پڕۆژەکان، دارایی و بانک، گەشتوگوزار، تەکنەلۆجیای زانیاری، بازرگانی نێودەوڵەتی) پێک دێت.
کۆلێژی پزیشکی ڤێتێرنەری (ئاژەڵان)
ساڵی 1995 دامەزراوە، زانستی پزیشکی ڤێتێرنەری کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر تەندرووستی کۆمەڵ و تەندرووستی ژینگە و چاودێریکردنی تەندرووستی ئاژەڵ، ئەم بەشە لێکۆڵینەوە دەکات لە قەدەغەکردن، دەستنیشان کردن و چارەسەرکردنی نەخۆشی، هەروەها ناڕێکی و برینداری لە ئاژەڵ هەموو جۆرەکانی ئاژەڵ ئاژەڵە کێوییەکان و ماڵییەکان.
خوێندن لەم کۆلێژە بەردەوام دەبێت بۆ ماوەی 5 ساڵی ئەکادیمی و بە زمانی ئینگلیزییە، قوتابی دوای دەرچوون دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە نەشتەرگەری و پزیشکی ڤێتێرنەری و شارەزاییەکی باشیشی دەبێت لە ڕێگەکانی پشکنین، دیاری کردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی ئاژەڵ، هەروەها دەبێتە سەرمەشقی کۆمەڵگە لە ڕووی تەندرووستی ئاژەڵییەوە.
کۆلێژی پەروەردەی مرۆڤایەتی - سەیدسادق
هەریەک لە بەشەکانی جوگرافیا و مێژوو لە خۆدەگرێت.
بڕوانامەکان
جیا لە بڕوانامەی بەکالۆریۆس، لە زانکۆی سلێمانی هەریەک لە بڕوانامەکانی ماجستێر و دکتۆرا بەدەستدێن لە بەشە جیاوازەکاندا.
کارمەندان
خاوەنی نزیک لە 2000 مامۆستا و فێرکار و زیاتر لە 3000 کارمەندی بواری جیاجیایە.[1]