بینیتان حکومەتت هەبێت چەند گرنگە!
لەم ڕۆژانەدا کە خراپترین بەناو مرۆڤەکانی جیهان هێرشی هۆڤییانەیان کردە سەر ڕۆژاوای وڵاتەکەمان، هیچیان نە لە ڕێساکانی جەنگ و نە لە ئەوەی پێی دەوترێت مرۆڤایەتی نەهێشتەوە. ئەوەی ڕوویدا تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بوو.
ئەوەی بەردەستیان کەوت تیرۆریان کرد. دیلەکانیان سەربڕی، سووکایەتییان بە دیل و هەموو پیرۆزییەکانی مرۆڤی کورد کرد. ئەوەی چەتە عەرەبەکانی سوپای داگیرکەری سووری کردی نەکراوە و نەبینراوە، بە وتار و دوو وتار و چەند پەرتووک و فیلم تەواو نابێت.
بەهۆی ئەو هێرشانەوە باری دەروونیی زۆرمان خراپە. بەڵام ئەوەی مایەی دڵخۆشییە لە هەموو بوویەرێکی ناخۆشدا هیوایەک هەیە، درەنگ بێت یان زوو دەرچەیەکی باش درووستدەبێت کە بەهۆیەوە کەمێک لە خەم و ژانی ئێمە کەم بکرێتەوە.
ئەو هیوایە و ئەو دەرچە گرنگە بۆ گەیاندنی ئێمە بە کەناری ئارام، ئەو هەستە نەتەوەییەیە کە لەنێو مرۆڤی کوردا درووست بووە لەناو زۆرینەی هەرە زۆری مرۆڤی کوردا لە هەموو لایەکی کوردستانەوە.
مرۆڤی ئێمە بەهۆی ئەو هێرشانەوە یەکگرتوو بووە، خۆپیشاندان دەکات، هاوکاری بۆ ئاوارەکان و تەوقدراوانی هاوزمانانی کۆدەکاتەوە.
هەموو بە پێناسە سەرەتایی و ئاسانەکەی کوردایەتی هەر یەک لەلای خۆیەوە یارمەتیدەرە، هەر ئەو کوردایەتییەیە پێمان دەڵێت هەموو کوردین و پێویستە بۆ مانەوەمان و بەدیهێنانی ژیانێکی ئازاد و شاییستە پێکەوە بەرەوڕووی بوویەرەکان ببینەوە.
هەر ئەو کوردبوونەیە پێمان دەڵێت: ژیانی ئێمە و بەردەوامبوونمان هەر بە دەوڵەتی کوردی و بوونی حکومەتی کوردییەوەیە. ژیانی مرۆڤی کورد لەگەڵ مرۆڤانی ناکورد نە دەشێت و نە دەبێت، ژیانی ئێمە لەگەڵ دەوڵەتێکی (دیموکراسی)ی ناکورد و ناکوردستانی درۆیەکی گەورەیە، هەردەم دەکەوینە ژێر مەترسیی ئەنفال و سڕینەوە. چونکە دیموکراسیی دەوڵەتانی ناکورد و داگیرکەری کوردستان بەهانەیەکە بۆ بەدەستهێنانی زۆرتری خاکی کورد، باشتر ژیانی مرۆڤی ناکورد لەسەر حسابی کورد.
لەو ماوەیەی کە مرۆڤی ئێمە لە ڕۆژاوای کوردستان بەرەوڕووی ئەنفالێکی تر بووەوە، کەس، هیچ کەس، هیچ حکومەتێک، هیچ دەوڵەتێک لەگەڵ ئێمە نەوەستا!
ئەوەی لە خەمی ئێمە و ڕۆژاوادا بوو، تەنیا کورد خۆی بوو. ئەو حکومەتە بوو کە لە باشووری کوردستان هەمانە.
بینیتان حکومەت چەند گرنگە! بینیتان یەکانگیریی نەتەوەیی چەند گرنگە! [1]
#هاوڕێ باخەوان#
26-01-2026
لاهای - هۆڵندا