ناونیشانی بابەت: سروودی نەورۆز چۆن لەدایکبوو؟
کاتێک باس لە جەژنی نەورۆز دەکرێت، هەمیشە حاجی تۆفیق بەگ (#پیرەمێرد#) و ئەو میراتە ئەدەبییەیمان دێتەوە یاد، کە لەبارەی جەژنی نەورۆزەوە بۆ ئێمەی جێهێشتووە و هەموو ساڵێک لەگەڵ داگیرساندنی ئاگردا، سروودی ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە دەوترێتەوە و بووە بە سیمبولێکی جەژنەکە، لەدایکبوونی ئەم میراتە ئەدەبییەش چیرۆکێکی سەیر وسەمەرەی لە پشتەوەیە و مامۆستایەکی بەشی کوردیی زانکۆی #سلێمانی# بەمجۆرە باسی دەکات.
د. عوسمان عەبدول بەرزنجی، مامۆستا لە بەشی کوردیی #زانکۆی سلێمانی# لەبارەی لەدایکبوونی سروودی نەورۆزەوە دەڵێت: لە ساڵی 1948دا تەنیا ڕۆژێکی ماوە بۆ نەورۆز، حەمە#ساڵح دیلان# لەگەڵ مامۆستا #ئیبراهیم ئەحمەد# باس لەوە دەکەن، کە هیچ شتێک بۆ جەژنەکە ئامادەنەکراوە، مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدیش دەڵێت: فریای خاڵە [پیرەمێرد] بکەون، چونکە تەنیا ئەو لەتوانایدایە بەم پەلەپەلییە شتێک ئامادەبکات.=KTML_Embed_Begin=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Embed_Alt=سروودی نەورۆز بە دەنگی حەسەن زیرەک=KTML_Embed_Source=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2023/476374/0001.MP4=KTML_Embed_End=
د.عوسمان لەدرێژەی گێڕانەوەکەیدا دەڵێت: حەمەساڵح دیلان دەچێت بۆ دوکانی حەمە سەعید خەیات و لەوێ پیرەمێرد دەبینێت و باسەکەی تێدەگەیەنێت، ئەویش داوا لە دیلان دەکات قەڵەم و کاغەزێک بگرێت بەدەستییەوە و بنووسێت، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ کاغەزێکی لەبەردەستدا نییە، دیلان پاکەتێکی جگەرەی غازی هەڵدەگرێت و پیرەمێردیش لە دەستپێکدا دەڵێت: ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە، نەورۆزە هاتەوە/ جەژنێکی کۆنی کوردە بەخۆشی و بەهاتەوە، دیلانیش ئەوەی لەسەر زاری پیرەمێردە ڕاستەوخۆ تۆماری دەکات.
وەک د. بەرزنجی دەیگێڕێتەوە، پیرەمێرد هەتا لە دوکانەکەی حەمەسەعید خەیاتەوە دەگاتە قەلەندەرخانەکەی لای #قەزازەکان#، هەڵبەستەکەی تەواو دەکات و دیلانیش هەمووی لەسەر پاکەتە جگەرەکە دەنووسێتەوە و پاشان دەیباتەوە بۆ ماڵەوە و هەتا بەیانی لەگەڵ #قادر دیلان# کار لەسەر دانانی ئاوازەکەی دەکەن و بەمجۆرەش ئەم میراتە ئەدەبییە لەدایکبدەبێت، کە لە هەموو نەورۆزێکدا دەوترێتەوە و بووە بە سیمبوولێکی جەژنەکە. [1]