پەرتووکخانە پەرتووکخانە
گەڕان

کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!


بژاردەی گەڕان





گەڕانی ورد      کیبۆرد


گەڕان
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆمارکردنی بابەت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
ئامرازەکان
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
زمانەکان
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
هەژماری من
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
گەڕان تۆمارکردنی بابەت ئامرازەکان زمانەکان هەژماری من
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 دەربارە
 بابەت بەهەڵکەوت
 چالاکییەکانی ڕۆژی
 ڕێساکانی بەکارهێنان
 ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
 بیروڕاکانتان
 دڵخوازەکان
 کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
 چالاکییەکان - کوردیپێدیا
 یارمەتی
بابەتی نوێ
پەرتووکخانە
دێڕگەلێک لە نەقڵ و عەقڵ و هزردا
27-04-2024
کشمیر کەریم
پەرتووکخانە
ڕۆمۆلۆسی گەورە
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
شانۆگەری دونیا
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
یادەوەری خۆشەویستیەکی کۆپی کراو
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
گریمانی ئەوەی بەڕاستی ڕویدا
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
هاوینەهەواری سۆلاڤ ساڵی 1992
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
هەڵپەڕکێی تیپی مۆسیقای سلێمانی ساڵی 1975
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
پیرمام - سەڵاحەدین ساڵی 1953
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە لە حەسەکە، ڕۆژاوای کوردستان ساڵی 1995
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئاهەنگێکی تایبەت لە باکووری کوردستان ساڵی 1992
26-04-2024
زریان عەلی
ئامار
بابەت 517,425
وێنە 105,692
پەرتووک PDF 19,156
فایلی پەیوەندیدار 96,438
ڤیدیۆ 1,307
ژیاننامە
دانا جەلال
بڵاوکراوەکان (گۆڤار، ڕۆژنام...
یادنامە
ژیاننامە
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
ژیاننامە
سامان عوسمان دەروێش
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
بە‌هاى داهێنان و پێگەى داهێنەر لە شیعری (دەروێش عەبدوڵڵا)ی گۆراندا
وێنە مێژووییەکان موڵکی نەتەوەییمانە! تکایە بە لۆگۆ و تێکستەکانتان و ڕەنگکردنیان بەهاکانیان مەشکێنن!
پۆل: کورتەباس | زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
بەشکردن
Facebook0
Twitter0
Telegram0
LinkedIn0
WhatsApp0
Viber0
SMS0
Facebook Messenger0
E-Mail0
Copy Link1
نرخاندنی بابەت
نایاب
زۆر باشە
باش
خراپ نییە
خراپ
بۆ ناو لیستی دڵخوازەکان
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!
گۆڕانکارییەکانی بابەتەکە
Metadata
RSS
گووگڵی وێنەی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
گووگڵی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
Kurmancî - Kurdîy Serû0
English0
عربي0
فارسی0
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0

بە‌هاى داهێنان و پێگەى داهێنەر لە شیعری (دەروێش عەبدوڵڵا)ی گۆراندا

بە‌هاى داهێنان و پێگەى داهێنەر لە شیعری (دەروێش عەبدوڵڵا)ی گۆراندا
بە‌هاى داهێنان و پێگەى داهێنەر لە شیعری (دەروێش عەبدوڵڵا)ی گۆراندا
#عەتا قەرەداغی#

ئەم لێکۆڵنەوەیە پێشکەشە بە هونەرمەند کاک ئەسعەد قەرەداغی کە ئەم شیعرەى بەجوانی بە دەنگە خۆشەکەى و بە ئاوازێکی کوردانە گوتووە.
“دەروێش عەبدوڵڵا” یەکێکە لە شیعرە دیارەکانی گۆرانی شاعیر کە پێشکەشی کردووە بۆ فریشتەى مۆسیقا. ئایا بە لاى گۆرانەوە فریشتەى مۆسیقا کێیە؟ دەشێ هەر لەسەرەتاوە وەها تێبگەین کە مەبەست لە فریشتەى مۆسیقا دەروێش عەبدوڵڵایە. یان ئەگەر مەبەست لە فریشتەى مۆسیقا دەروێش عەبدوڵڵا نەبێت، کەواتە ئەم دەقە پێشکەش بە کێ کراوە؟ وەکوو لە پەراوێزى دەقەکەدا هاتووە دەروێش عەبدوڵڵا شمشاڵ ژەنێکی بەهرەدار بووه و زۆربەى کات لە هەورامان ژیاوە یان بینراوە. بێگومان ژیانی ئەم شمشاڵ ژەنە هاوسەردەمی گۆران بووه و بەئاشکرا دیارە کە گۆران زۆر پێی سەرسام بووه و شیکردنەوەى دەقەکەش بەباشی ئەوە ئاشکرا دەکات. هەرچەندە دەشێ دواتر باسی پەیوەندى نێوان ئەم دەروێش عەبدوڵڵایه و گۆران خۆى لەسەر ئاستی داهێنان بکەین و دەشێ دەروێش عەبدوڵڵا وەکوو دەمامکێک بەکارهاتبێت و ئەم دەقە شیعریە ئاخاوتنی گۆران بێت لەبارەى خۆیەوە لەژێر دەمامکی دەروێش عەبدووڵادا، کە دەشێ گۆران ئەوەى بە هۆشیارییەوە کردبێت، یان لە نائاگاییەوە جۆرێک لە هەست کردن بە گرنگی نەدان بە پێگەى ئەوى داهێنەر لەلایەن خەڵکیەوە پەڵنەرى بەرهەمهێنانی ئەم دەقە شیعریە بێت.
ناونیشانی ئەم دەقە شیعریە ناوێکی ناسراوە کە لە دوو وشە پێکهاتووە (دەروێش عەبدوڵڵا) ، کە ناوى کەسە. ئایا وشەى دەروێش لێرەدا ناوى یەکەمی ئەو کەسەیه و عەبدوڵڵا ناوى دووەمە یان دەروێش خاسێت و ناونیشانی ئەو کەسەیە. دیارە لە دەقەکەدا ئەمەیان ئاشکرا نیه و زمانی دەقەکەش لەم بارەیەوە زانیارییەک پێشکەش ناکات. دەکرێ وشەى دەروێش ناو بێت هەمان شێوەى عەبدوڵڵا، هەروەک لەوانەیە وشەى دەروێش ئەگەرچی ناوە بەڵام ڕۆڵی ئاوەڵناو ببینێت و وەسفی ناوێکی تر بکات. مەبەست ئەوەیە کە وشەى دەروێش دەشێ ناسنامەى ئاسایی ئەو کەسە یان کارو پیشەکەى دەربخات کە دەروێشە. دەروێش بە کەسانی شوێنکەوتووى ڕێبازى تەسەوفی قادرى دەگوترێت کە نزمترین پلەیە لە پلەبەندیی پێکهاتەى هەرەمی قادریداو تا ئەندازەیەکی ئاشکراش وشەى دەروێش لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا دەلالەتی شوێنکەوتوو، پاشکۆ، ئاستی هۆشیارى نزم هەڵدەگرێت و کەسێکە کوێرانە بڕواى بە شێخەکەى هەیه و هەمیشە لە خزمەتیدایه و ڕەتکردنەوەى نییه و لە هەموو شتێکدا پشت بە شێخەکەى دەبەستێت و شێخ لە ڕوانینی ئەوەوە پێگەى باڵاى هەیه و پیرۆزە هەمان شێوەى پیرۆزى خوداو پێغەمبەر. هەروەک دەروێش ماناى بێ لانەیی و بە هەموو شتێک ڕازى و دێوانەییش دەگەیەنێت. کە پێ دەچێت وشەى دەروێش لە ناونیشانی دەقەکەدا زیاتر ئەم دێوانەیی و بێباکی و ڕەوتەنییە.بگەیەنێت. بێگومان ئەگەر پاشخانی مێژووییەى (دەروێش عەبدوڵڵا) ش نەزانین بە تایبەتی ئەوەى کە لە کوێ ژیاوه، ‌ هێشتا دەقەکە ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە ئەم کەسە شمشاڵ ژەن بووه و له و وەسف و ناساندنەى لە ڕێگاى زمانی دەقەکەوە بۆى دەکرێت شوناسی ئەم کەسەمان وەکوو کەسێکی شارەزاو لێهاتووى بواى ئاوازى ڕەسەنی کوردى بۆ ئاشکرا دەبێت.
ئاشکرایە لە ڕێگاى ناونیشانەوە دەرگاى دەقەکە دەکرێتەوه و بەرەو نێو بنیادى پێکهێنەرانەى دەقەکە شۆڕدەبینەوە. لە پێشەکیدا پێویستە ڕووناکی بخەینە سەر ئەو بارودۆخ و هەلومەرجە گشتیەى کە ئەو وتارە شیعریەى بەرهەمهێناوه، ‌ کە ئەم دەقە شیعریەى بۆ دەگەڕێتەوه، ‌ یان پەیوەستە پێیەوە. ئەگەر سەیرى ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتووریە بکەین کە دەقەکەى تێدا بەرهەمهاتووە، کە ساڵانی سی و چل و پەنجاکانی سەدەى ڕابردووە، بارودۆخێکی ناجۆرو دواکەوتوو پڕ لە کێشە، خاسێتی ئەو قۆناغەو ئەو زەمینەیە بووە کە دەقەکەى تێدا بەرهەمهاتووە. لە ڕووى پاشخانی ئەدەبیەوە لەپێش هاتنی بەرهەمهێنی ئەم دەقەدا بەراورد بە بارودۆخی گشتی زەمینەى بەرهەمهێنانی دەقەکه، ‌ سامانێکی تا ئەندازەیەک باش یان دەوڵەمەندى شیعرى کلاسیکی و بەرهەمی شیعرى مەولەویش هەبووە کە بەشێک لە خاسێت و بنەماکانی شیعرى ڕۆمانسی تێدایە ئەگەر هەموو بنەماکانیشی تێدا نەبێت، کە ئامادەبوونی هەبووە. ئەوەش ڕێگا خۆشکەربووە بۆ ئەوەى لە قۆناغی کلاسیکی بنیادنراو لەسەر پایەى ژیری یان بەهەمی شیعرى کلاسیکی بارگاوى کراو بە بەرهەمی ژیری و فیکر، هەنگاو بەرەو ڕۆیشتن بۆ لاى جیهانی خەیاڵ هەڵبهێنرێت، کە ئەو جیهانەش بە وێنه و جوانی و گەڕانەوە بۆ سرووشت و بۆ زاتی شاعیر یان بۆ پانتایی ژیانی تاکەکەس و تایبەتمەندییەکانی بارگاوى کراوە. ئەم دەقە شیعریە لەم هەلومەرج و بارودۆخەدا بەرهەم دێت.
بە دواى ئەمەدا دێینە سەر خستنەڕوو، نمایشکردن لە دەقەکەدا کە ئەویش بە چەند قۆناغێک ئەنجام دەدرێت. قۆناغی یەکەم قۆناغی تێبینی کردنی دەقەکەیە لەوەى کە شێوازى دەقەکە چۆنە، نەخشە یان بنیادى دەقەکە و پێکهاته و قەبارەى دێڕەکان و کێش و سەروا چییە. شێوەى یان فۆرمی دەقەکە لە هەشت کۆپلە پێکهاتووە، پێنج کۆپلەى یەکەم لە چوار نیوە دێڕ پێکدێن و دوو کۆپلەى کۆتایی هەریەکە لە سێ نیوە دێڕ پێکدێن. قەبارەى دێڕەکان مامناوەندن. بێگومان هەر لێرەدا دەشێ باسی ئیقاعی دەرەوەی دەقەکە بکەین کە بریتییە لە کێش و سەرواو بەحرو…. کێشى دێڕەکانی جۆراوجۆره و لەنێوان چوارده و پانزه و شانزە بڕگەیدایە. سەروا جۆراوجۆره و نیوەدێڕى یەکەم و سێیەم، نیوەدێڕى دووەم و چوارەم هاوسەروان، بێجگە لە دوو کۆپلەى کۆتاییدا کە لەسێ نیوەدێڕ پێکهاتوون. نیوەدێڕى یەکەم و سێیەم هاوسەروان. لە کۆى بیست و شەش نیوەدێڕ سەرواى شانزە نیوەدێڕ دەنگە بزوینەکانن کە بریتین لە پیت یان دەنگەکانی (ێ، ا، ە، ى) .
لە ڕووى زمانەوە ئاشکرایە شیعرى ڕۆمانسی لە دوو ئاستدا سنوور لەگەڵ شیعرى کلاسیک دادەنێت، یەکەمیان لە ڕوانگەى ناوەرۆکەوە کە لە ڕووبەرى گشتیەوە دەگەڕێتەوە بۆ ڕووبەرى خودو خود-زات دەدوێنێت و گوزارشت لە خود دەکات. لە ڕوانگەى شێوه و زمانەوە شێوەى شیعرى کلاسیکی کوردى کە لەسەر کێشەکانی فەراهیدى یان مەسنەوى فارسی نووسراوە، بەجێدەهێڵیت و دەگەڕێتەوە بۆ زمانی پاراوى کوردى و بۆ کێشی پەنجە، کێشی ئازاد کە ئەمیش بە جۆرێک ڕەسەنایەتیەکی کوردى هەیه و کێشی فۆلکلۆرى کوردى و کێشی گاتاکانی پەیامی ئایینی زەردەشتیە. کەواتە لێرەوە لە ڕووى ناوەرۆک و شێوەیشەوە ئەم دەقە دەقێکی ڕۆمانسیه و بە زمانێکی کوردى پاراو نووسراوە سەربارى بوونی هەندێ وشەى عەرەبی کە بەجوانی خاسێتی کوردییان پێدراوە وەکوو (حوزن، ماتەم، عومر، حەسرەت‌، ..) ، لەگەڵ ناوەرۆکێکدا کە گەڕانەوەیە بۆ ناو پێکهاتەى خود و ئەوەش هەرچەندە وەکوو دواندنی کەسی بەرانبەر لە کەسێتی دەروێش عەبدوڵڵادا باس دەکرێت بەڵام گۆران لە خۆى دەدوێت و دەروێش عەبدوڵڵا دەمامکێکە و لە پشتیەوە گۆران ڕاوەستاوە. واتە شاعیر باسی خۆى دەکات. بنیادى ڕستەى ئەم دەقە ڕستەى ڕاگەیاندن و داواکاریە. کە ئەویش پەیوەندى هەیە بە خستنەڕوو یان نمایشکردنی بابەتى دەقەکەوه و پاشانیش بە جۆرێک ڕێگا دۆزینەوە بۆ گەیشتن بە بارێکی هاوسەنگ کە وەکوو چارەسەى کێشەکە دەردەکەوێت، یان وەکوو ڕاوەستان لە شوێنێکداو لەوێوە ئاماژەدان بۆ ئاییندە هەیە، کە ئەوەش زیاتر لە ئاستی نەبینراو یان نادیاردا دەبێتە بەشێک لە بنیادى ئیحایی- ئاماژەیی یان ئاماژەدان.
بۆ تێگەیشتن لە ناوەرۆکی ئەم دەقە شیعریە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ نێو بنیادى دەقەکه و لە ڕێگاى شیکردنەوەى دەقەکەوە بۆ یەکەى دەلالی و وێنه و بیرو بابەت و هەڵوێست و و دابەشکردنی دەقەکە بۆ ڕەگەزو بەش و پێکهاتەى زمانی لە ناو و ڕاناو و فرمان و ئاوەڵناو و ئاوەڵکارو ڕۆڵ و کاریگەرى هەریەکە لەمانە لە بەرهەمهێنانی ماناو ناوەرۆک و پرسیارو جیهانبینی دەقەکەدا دیاری بکەین. وەکوو پێشتر گوتمان دەقەکە لە حەوت کۆپله و بیست و شەش نیوەدێڕ پێکدێت و قسەکەرى دەقەکە بە ناوى کەسی یەکەمی تاکەوه و بە ڕاناوى لکاوى (م) دەدوێت کە دیارە ئەویش کەسێتی شاعیر خۆیەتی. ئەوەش لەم دەربڕینانەدا دەردەکەوێت (حەزم کرد، ببیەم، بەدیم کرد، ئەزانم، ئەوەندەم، کوردەواریم، چۆڵم، ڕۆحم، کڵۆڵم) . لەم دەقەدا تەنیا یەکجار قسەکەر بە ڕاناوى لکاوى کەسی یەکەمی کۆ دەدوێت واتە (ن) ئەمەش زیاتر دەرچوونە لە بنەماى قسەکەرى دەقی ڕۆمانسی کە دەشێ ئەو تاکە بەکارهێنانەش بەرهەمی نەست بێت بە کاریگەرى نەریتی دەرەوەى دەقەکە، لەبەرئەوەى تاکەکەسی خاوەن شوناس درووست نەبووە بەردەوام کەسەکان بە ناوى کۆ، یان هەمووانەوە قسە دەکەن، واتە بە ڕاناوى کەسی یەکەمی کۆ. قسەکردنی کەسی یەکەم و بە دەمامک کردنی دەروێش عەبدوڵڵا بریتییە لە گوزارشتکردنی شاعیر لە زاتی خۆى کە ئەوەش ناوەرۆکی ڕۆمانسیانەى دەقەکە نیشان دەدات. هەر لێرەوە دەتوانین بڵێن ئەم دەقە شیعریە لەسەر هەردوو ئاستی شێوه و ناوەرۆک دەقێکی ڕۆمانسیە.
قسەکەر لە کۆپلەى یەکەمدا لە ڕێگاى دواندنی دەروێش عەبدوڵڵاوە بارى ئەوى دەروێش وەکوو شمشاڵ ژەنێک دەخاتە ڕوو، چ لە ئاستی بینراو و چ لە ئاستی نەبینراودا ئەو باسی داهێنەڕێک دەکات و لەوە دەدوێت کە ئەو داهێنەرە لە چ باڕێکی پڕ لە خەم و نیگەرانیدا دەژى، لە هەمان کاتدا حەزو ئارەزووى خۆى بۆ بیستنی بەستەیەکی پڕ لە خەم و ماتەم نیشان دەدات. قسەکەر لە وەسفی ڕوخسارى دەروێش عەبدوڵڵادا لە ڕێگاى ئاوەڵناوى زەردەوە کە بۆ وەسفی ڕەنگی ئەو بەکارى هێناوە، وێنەى کەسێکمان بۆ بەرجەستە دەکات کە لاوازو بێتاقەت و خەمبارە یان نەخۆشە، هەروەک باسی شێوەى دەست و شمشاڵی ئەم کەسە شمشاڵ ژەنە دەکات ئەویش لە ڕێگاى ئاوەڵناوى کزەوە. هەر لێرەدا حەزو ئارەزووى خۆى لەم کاتەدا دەخاتە ڕوو کە بیستنی ئاوازێکە گوزارشت لە خەم و نێگەرانی و ماتەم بکات. ئێستا ئەو کەسەی کە وەسف دەکرێت، واتە کەسێتی دەروێش بە خەمبار و بێزار نیشان دەدرێت. هاوکات ئەمی قسەکەر و هەم بینەرى ئەو کەسێتیه و ڕوخسارى خەمگینی، ناڕاستەوخۆ گوزارشت لە بارى دەروونی خۆیشی دەکات کە دیسان ئەمیش خەمبارو بێزارە، هەربۆیە ئارەزووى بیستنی بەستەیەکی پڕ لە خەم و پەژارەى هەیە. لێرەدا لە ئاستی قوڵدا جۆرێک لە لێکچوون و هاوتەریببوون لەنێوان قسەکەر، واتە شاعیرو دەروێشدا هەیە کە هەردووکیان خەمبار و بێزارن. ئەمیان دەتوانێت لە گەروى شمشاڵەکەیەوە گوزارشت لە خەمبارییەکەى خۆى بکات، ئەویشیان پەرۆشی گوێگرتنە لە بەستەیەکی خەمبار کە لە گەرووى شمشاڵەکەى ئەوەوە بێتە دەرێ. ئەویان بە ژەنینی شمشاڵەکەى خەمەکانی بەبا دەدات، ئەمیان بە وێگرتن له و ئاوازە ڕەسەنانەى لە گەروى شمشاڵەکەوە دێنە دەرێ ڕۆحی بڵند دەبێت و بەرەو ئاستی پاکژبوونەوە دەچێت.
لە کۆپلەى یەکەمی دەقەکەدا شاعیر دەڵێت:
بە ڕەنگی زەردو شێوەى دەست و شمشاڵی کزا، دەروێش
حەزم کرد بەستەیەک ببیەم سەراسەر حوزن و ماتە بێ،
لە سیماتا بەدیم کرد هەیکەلی عومرێکی حەسرەتکێش،
وەها دیارە کە بەختت ئاشیانی بلبلی خەم بێ!..
ئەمی قسەکەر ڕاستەوخۆ دەروێش دەدوێنێت و باسی ئەوە دەکات کە لە سیماى ئەودا تەمەنی پڕ لە خەم و ئازارى ئەو دەبینێت و ئەوە دەخوێنێەوە کە چ ژیانێکی پڕ لە نەهامەتی بەسەر بردووه و چ بەختێکی ڕەشی هەیە. لێرەدا قسەکەر ڕاستەوخۆ له و هۆکارو پاڵنەرە دەدوێت کە وایان لە دەروێش کردووە کە بە شمشاڵەکەى ئەو ئاوازە خەمبارانە بژەنێت. واتە پاڵنەرى بەرهەمهێنانی ئەو ئاوازانە لە ڕاستیدا ژیانی پڕ لە چەرمەسەرى و پڕ کارەساتی دەروێشە. لێرەوە ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت کە هەموو داهێنانێک ژان و خەمێک لە پشتیەوەیه و هەر به و پێیەش مرۆڤی داهێنەر خاوەنی خەم و ژانی تایبەتیە. داهێنان گوزارشتکردنە له و خەم و ژانە تایبەتیانە بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە بە چ ڕێگایەکی هونەرى ئەو خەم و ژانە تایبەتیانە وەها دەردەبڕرێن هەموو تاکێک هەست بکات خەم و ژانەکانی ئەون.
هەروەک لە ڕێگاى وێنەکانی” بەستەیەک لە حوزن و ماتەم، هەیکەلی عومرێکی حەسرەتکێش، ئاشیانی بەختی خەم”ەوە نەک هەر دیمەن، بەڵکوو بوون و گەوهەرو شوناسی دەروێش عەبدوڵڵا نیشان دەدات. بەگشتی ئاوەڵناوەکانی (زەرد، کز، حوزن، ماتەم، حەسرەت، خەم) و فرمانەکانی (بێ، ە) و ڕاناوەکانی (م، ت) وەکوو ڕەگەزە زمانییە.انی ئەم کۆپلەیە کە دەشێ هەمان ئەم شێوە ڕەگەزانە ڕووبەڕێکی فراوانی دەقەکە داگیر بکەن، بەشدارى دەکەن لەبەرهەمهێنانی ناوەرۆک یان ئاماژەیەکدا کە بەرەو خاڵێک ئاڕاستە دەکرێت کە بێئومێدیە. ئەمەش لە ئاستێکی قوڵتردا ئاماژە بۆ کۆتایی یان نەتوانینی بەدەستهێنانی ئەوە دەکات کە بە گوێرەى ئەو کەسێتە پێویستە، ئەویش گوزارشتکردنی خەمبارانەیە لە خۆى و لەوێشەوە دابەزینێک لە ئیقاعی دەنگدا بەرهەم دێت کە وشەکانی (خەم و ماتەم و حەسرەت) بەرهەمی دەهێنن و ئیحاى ڕووداوێک دەدەن کە بەدوایاندا بێت کە ئەویش مردنە. بەڵام لەگەڵ ئەوەدا ئەو ئاوازەى لە گەرووى شمشاڵەکەوە دێتە دەرەوە سەربارى بارگاوى بوونی بە ڕەگەزەکانی کۆتاییهاتن و مردن، هاوکات خودى ئاوازەکە کە لەگەڵ جوڵەى پەنجه و بینخواردنەوەى دەروێشدا بەرهەم دێت، ئاماژەیەک بۆ بەردەوامی ژیان دەکات و ئەوە دەگەیەنێت کە سەربارى فەزاى ماتەم و مەرگەسات ئامێز، لە گەوهەرى ئاوازەکاندا هێشتا ژیان بەردەوامە و جوڵە هەیە، کە دەشێ لەم بارى ڕووه و دابەزینەى ماناو دەلالەتی دەقەکەوە هێشتا پاڵنەڕێک هەبَیت بەرەو ڕابوونەوه و وزەبەخشین بە ژیان.
لێرەدا ڕەنگە ئەو پرسیارە سەرهەڵبدات: ئایا بەڕاستی ئەم کەسێتەى کە لەم دەستپێکەدا باس دەکرێت و داهێنەرو دەست ڕەنگینە لە ژەنینی چەندین ئاوازدا، لە بەر خراپی بارى ژیانە کە وا زەردو خەمبارو حەسرەتکێشە؟ یان لەڕاستیدا لەبەرئەوەیە کە کارەکەى ئەو له و زەمینه و بارودۆخە کۆمەڵایەتیەدا کە هەم ئەو ئاوازانەى تێدا دەژنرێت و هەم دەقەکەى تێدا بەرهەم دەهێنرێت، بەهاو نرخێکی بۆ دانانرێت و به و پێیەش بەرهەمهێنی ئاوازەکانیش پێگەیەکی ئەوتۆى پێنادرێت و ڕەنگە بە کەمبەهاو پەراوێزیش دابنرێت؟ لە دەستپێکی دەقەکەدا جۆرێک لە هاوتەریببوون یان هاوڕێکى لەنێوان (بە ڕەنگی زەرد و شێوەى دەست و شمشاڵی کزا) و (بەستەیەک سەراسەر حوزن و ماتەم بێ) هەیە. ئاشکرایە هاوتەریبوون تەکنیکێکی ئەدەبیە کە بیرۆکەکان پێکەوە دەبەستێت لە ڕێگاى بنیادى هاوشێوەى ڕستەوە یان لە ڕێگاى بنیادى ڕێزمانی و دووبارە بوونەوەى وشە، دەستەواژە، یان بیرۆکەوە. ئەم دووبارەبوونەوەیەش ئەو بیرۆکانە پێکەوە دەبەستێت کە گفتوگۆدەکرێن لە دەقێکداو یارمەتیی ڕێکخستنی بیرۆکەکان دەدات و دەبێتە هۆى لە بیرنەچوونەوەیشیان. ئێستا لەم نموونەى سەرەوەدا کە ئاماژەمان بۆ کرد هەم لێکچوونی بنیادى هەیە، هەم دووبارەکردنەوەى هەمان بیرۆکە هەیە کە ئەوەش بە مەبەستی زیاتر ڕێکخستنی ئەو بیرۆکەیە کە دەست و پەنجەى لاواز ئاوازى خەمبار بەرهەم دەهێنێت و دووبارەکردنەوى ئەو بنیادەش بۆ زیاتر دەرخستنی بیرۆکەکه و لە بیرنەچوونەوەیەتی کە دواجار دەبێتە بەشێک لە جیهانبینی گشتی دەقەکە.
کۆپلەى دووەمی دەقەکە بە جۆرێک وەڵامی ئەم پرسارانە دەداتەوە، کە لە کۆپلەى یەکەمداو لە ئاستی سیمانتیکیدا بەرزدەکرێنەوە، کاتێ دەڵێت
بەڵێ، دیارە، لەناو قەومی بەسیتا قەدرى سنعەتکار
وەکو و عەکسی قەمەر وایە لەناو حەوزێکی لیخندا ،
بەڵام تەختی ڕوفاه و تاجی حورمەت میللەتی هۆشیار
بە ئوستادێ ئەدا وەک تۆ لەناو شمشاڵی کون کوندا
قسەکەر لەم کۆپلەیەدا، باسی بارودۆخێکمان بۆ دەکات کە ڕاستەوخۆ تێدەگەین بارودۆخی کۆمەڵگەکەى دەروێش عەبدوڵڵایە کە دەقەکە له و دەدوێت. ئایا چ جۆرە بارودۆخێکە؟ بێگومان بارودۆخێکی دواکەوتووە، کە لە دەقەکەدا ئەو بارە بە ” قەومی بەسیت” وەسف دەکرێت، کە دەشێ مەبەست لە قەومی بەسیت، کۆمەڵگەى دواکەوتوو یان کۆمەڵگەى پەراوێزى مێژوو بێت. هەروەک لە دێڕى یەکەمدا دانانی ( قەومی بەسیت) لەپاڵ (قەدرى سنعەتکار) دا بنەماى دووانەى دژیان هەیه و هاوکات جۆرێکیشە لە ئۆکسیمۆرۆن واتە پێکەوە کۆکردنەوەى دوو زاراوە یان دوو دربڕینی ناکۆک و دژ پێکەوە کە ئەوەش لە ئاستی قوڵدا ئەو دەلالەتە هەڵدەگرێت کە دژو ناکۆکەکانیش تەواوکەرى یەکترن و ڕاگرى هاوسەنگییی و هارمۆنیان لە گەردووندا. لە پشتی ئەم لەپاڵ یەکتردانانەى دوو بۆچوونی ناکۆک ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات: ئایا دەشێ لە کۆمەڵگەى دواکەوتوودا داهێنان بکرێت؟ ئەگەر داهێنانیش کرا، ئایا دەشێت کۆمەڵگەى نەخوێندەوار لە بەهاو گرنگی ئەو داهێنانە تێبگات و نرخی پێبدات؟ هەروەک لە ڕێگاى لێکچوونەوە قەدرى سنعەتکار دەچوێنرێت بە عەکسی قەمەر لەناو حەوزێکی لیخندا. بێگومان لە ڕووى سرووشتییەوە وەها سەیر دەکرێت سنعەتکار کە هەموو جۆرە داهێنەرێک دەگرێتەوە، لەنێو کۆمەڵگەدا ڕێزى زۆرى لێ بگیرێت، بەڵام لەم لێکچواندنەدا بەهاو ڕێزگرتن لەوى سنعەتکار هەمان بەها یان هەمان جوانی مانگی هەیە کە لەنێو حەوزێکی لیخندا سەیرى بکەیت، کە دیارە مانگ نەک هەر وەکوو خۆى بە جوانی دەرناکەوێت و نابینرێت بەڵکوو ناشیرین و نادڵگیریش دەردەکەوێت.، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە وێنەى مانگ لەناو حەوزدا، لەبارێکدا حەوزەکەش لیخن بێت، هەرگیز ناشێت ئەو جوانییە. مانگ بێت کە مانگ لەڕاستیدا هەیەتی بە تایبەتی مانگی چوارده و لە ئاسمانێکی ساماڵدا، چونکە ئەوەى ناو حەوزەکە وێنەى دووەمه و هەمیشە وێنەى دووەم یان کۆپی ناگاتە ئەسڵەکە ئەمە لەبارى یەکەمدا. لە بارى دووەمدا، وێنەى مانگ لە ناو حەوزێکی ڕوون و خاوێندا سەیر ناکرێت، بەڵکوو لەناو حەوزێکی لێڵ یان لیخندا سەیر دەکرێت کە ناشێت بەباشی ببینرێت. هەروەک لێرەدا، لە ئاستێکی تردا جۆرێک لە خواستن هەیە کاتێ حەوزى لیخن دەکرێت بە زەمینە بۆ ئەوەى سەیرى مانگی تێدا بکرێت. حەوز لێچووە، ئاوێنە لەوچووە کە ناوى نەهاتووە، بوارى لێکچوون بینینە. هەروەها داهێنەر لێچووە، مانگ لەوچووە، بوارى لێکچوون درەوشانەوه و تیشکدانەوەیە. واتە هەرچۆن مانگ تیشک دەداتەوه و دەدروشێتەوە، داهێنەریش بەهەمان شێوە ڕووناکی پەخش دەکات و دەدروشێتەوە. لێرەدا داهێنەر یان سنعەتکار لە ڕووى ماناوە هاوتەریبە لەگەڵ مانگدا، هەروەک حەوز هاوتەریبە لەگەڵ ئاوێنەدا کە هەردووکیان بیرۆکەى پێچەوانەکردنەوەى وێنە هەڵدەگرن.
لەپشتی ئەم وێنانەوە لێکچوونێکی دەرنەبڕراو لەنێوان قەومی بەسیت و حەوزى لیخندا درووست دەبێت کە ئەگەر سنعەتکار مانگی درەوشاوە بێت، ئەوا حەوزى لێخن کۆمەڵگەى دواکەوتووە، کە هەرچۆن وێنەى قەشەنگی مانگ لە حەوزى لیخندا دەشێوێت و وەکوو خۆى دەرناکەوێت و نابینرێت، بە هەمان شێوە سنعەتکار یان داهێنەریش لەناو کۆمەڵگەى دواکەوتوودا، کە لێرەدا قەومی بەسیتە بەهاو نرخێکی پێنادرێت و هەندێجار بە سووک و بێ بەهاش سەیر دەکرێت. بەڵام لە کۆپلەى دووەمدا دوو نیوەدێڕى یەکەم وەکوو تەواوکەرى کۆپلەى یەکەم دەردەکەوێت کە خستنەڕووى پاشخانێکی دوواکەوتوو نائاساییە پەیوەست بە سنعەت یان داهێنان و باسی ئەوە دەکات کە چۆن له و زەمینەیەدا داهێنان و سنعەت بایەخێکی ئەوتۆیان نییە، ئەویش دیارە لەبەر ئاستی دواکەوتوویی و ناهۆشیارى کۆمەڵگا‌. ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەى داهێنەرو سنعەتکار وەکوو دەروێش عەبدووڵا ڕەنگ زەردو خەمبارو بێ ئومێدو بێ چارەنووس بێت. بەڵام لە سەرەتاى نیوەدێڕى سێیەمی کۆپلەى دووەمەوە بەراوردێک دەکرێت لەنێوان کۆمەڵگەى دواکەوتوو، کۆمەڵگەى هۆشیاردا، له و ڕوانگەیەوە کە هەریەکە له و دوو کۆمەڵگەیە چۆن سەیرى سنعەت و داهێنان دەکات. لە کاتێکدا لە کۆمەڵگەى دواکەوتوودا بەهاى داهێنەر وەکوو دەرکەوتنی وێنەى مانگە لەناو حەوزێکی لیخندا. میللەتی هۆشیار هەرچی بەهاو ڕێزو خۆشی و ئاسوودەیی شیاوە دەیبەخشێت بە داهێنەرو سنعەتکارەکانی. قسەکەرى دەقەکە دەروێش عەبدوڵڵا بە ئوستاد ناو دەبات، ئوستادێ کە لە کونی شمشاڵەکەیەوە ئاوازى بەرز و داهێنان پێشکەش دەکات.
ئایا بە پێی قسەکانی قسەکەرى دەقەکە میللەتی هۆشیار ڕێز لە کێ دەگرێت و تاجی ڕێزلێنان لەسەر سەرى کێ دادەنێت؟ ئەى میللەتی ناهۆشیار چۆن سەیرى کەسێکی وەکوو دەروێش عەبدوڵڵا دەکات؟ بێگومان لێرەدا دەگەڕێینەوە بۆ لەپاڵ یەکتردانانی دوو عەقڵ، دوو کەلتوور، دوو ڕوانین کە بەرهەمی دوو کۆمەڵگەى جیاوازن. کۆمەڵگەى وەکوو ئەو کۆمەڵگەیەى کە ئەم دەقەى تێدا بەرهەمهاتووه و ئەو کۆمەڵگایانەى کە دەقەکە بە میللەتی هۆشیار ناویان دەبات. لە کۆمەڵگەى هۆشیاردا هەموو شتێک بەهاى خۆیی هەیە بە داهێنانیشەوە، لە کۆمەڵگەى ناهۆشیارو دواکەوتووشدا نەک داهێنان و بەرهەمەکانی مرۆڤ بەڵکوو مرۆڤەکە خۆیشی بەهایەکی ئەوتۆى نییە.
لە ڕاستیدا دوو نیوەدێڕى دووەمی کۆپلەى دووەم و نیوەدێڕى یەکەمی کۆپلەى سێیەم بەتەواوەتی دابڕان لە بەشی پێشترو پاشترى دەقەکە دەکات، ئەویش بەتەواوەتی ئەو تێڕوانین و مامەڵەکردنە نیشان دەدات کە کۆمەڵگەى هۆشیار مامەڵەى داهێنەرو سنعەتکارى پێ دەکات. بۆیە ئەگەر ئەو سێ نیوە دێڕە پێکەوە دابنێین ئەوە تەنیا لە ڕووى بەراوردکردنەوە پەیوەندییان هەیە بە بەشەکانی ترى دەقەکەوه و ئەو بەراوردکردنەش بۆ زیاتر دەرخستنی پێگەى داهێنەرە لە کۆمەڵگەى دواکەوتوودا. گۆران دەڵێت:
بەڵام تەختی ڕوفاه و تاجی حورمەت میللەتی هۆشیار
بە ئوستادێ ئەدا وەک تۆ لەناو شمشاڵی کون کوندا
سەحەر بێنێتە گریان و قسە، سیحرى پەرى نەغمە !..
میللەتی هۆشیار لەپاى ئەوەى کە داهێنەرەکانی لە جۆرى دەروێش عەبدوڵڵا بەهۆى ئامێرە مۆسیقیەکانیانەوه و به و ئاوازە نایابانەى بەرهەمی دەهێنن (سەحەر) بێنێتە گریان، ئەوا قسە نرخ و پێزانین نیشان دەدات. دەشێ مەبەست لە سەحەر کات بێت یان هەربوویەکی بێ گیان بێت کە هێزو لەرینەوەى ئەو ئاوازانەى لە کونی شمشاڵەکەى دەروێشەوە بەرهەمدێن، هەمان شێوەى ئەو ئاوازانەى لە ئامێرە مۆسیقیەکانی داهێنەرانی میللەتی هۆشیارەوە بەرهەمدێن کات یان شتە بێ گیانەکان دەهێننە قسه و گریان. لێرەدا ئەو بەستەیەى کە شمشاڵەکەى دەروێش عەبدوڵڵا یان ئامێرى مۆسیقاى داهێنەرانی تر بەرهەمی دێنن تواناى بەخشینی خاسێتی مرۆڤیان بە شتە بێ گیانەکان هەیە. لێرەدا لە ڕێگاى خواستنەوە ئەوە بەرهەم دێت. سەحەر لێچووە، مرۆڤ لەوچووە بەڵام لە دەقەکەدا ناوى نەهاتووە، بوارى لێکچوون گریان و قسەیە، گریان و قسە خاسێتی مرۆڤن، ئێستا ئەو خاسێتانە دەبەخشرێن بە سەحەر واتە بە بوویەکی نامرۆیی. لێرەدا لە ئاستی نەگوتراودا جۆرێک بەراوردکردن هەیە لەنێوان مرۆڤ و سەحەردا له و ڕووەوە کامیان ئاسانتر دێنە گریان و قسە. لەبەراوردەکەدا دیارە کە سەحەر بە زەحمەتتر دێتە قسه و گریان، چونکە لە ڕاستیدا قسه و گریان خاسێتی ئەو نین، بەڵام بە کاریگەرى ئاوازەکانی شمشاڵەکەى دەروێش ئەویش وەکوو مرۆڤ دێتە قسه و گریان. بەڵام ئەو ئاوازەى بەرهەم دێت ئاوازێکە خاسێتی ئاوازى پەری یان فریشتەى هەیە. قسەکەرى دەقەکە لەم وەسفکردن و لێکچواندنانەدا دەیەوێت دڵنیایی ئەوە بکاتەوە کە ئاوازى شمشاڵەکەى دەروێش عەبدوڵڵا لە ئاستێکی بەرزدایه و تواناى ئەوەى هەیە نەک هەر ڕۆحی مرۆڤ بدوێنێ و بیخاتە جوڵە بەڵکوو سەحەریش بخاتە قسه و گریان. هەروەک لێرەدا سەحەر لێکچواندنی لەگەڵ مرۆڤ پێکراوه، ‌ بەڵام بەبێ بەکارهێنانی ئامرازى لێکچواندن کە ئەمەش دەبێتە خواستن. دیسان جۆرێک لە دژیەک لەنێوان (تەختی ڕوفاه و تاجی حورمەت) و (لە ناو شمشاڵی کون کوندا) لە ئاستی بینراودا درووست دەبێت. کە یەکەمیان واتە تەختی ڕوفاه و تاجی حورمەت بارێکی سەرو ئاسایی و پێگه و پایە نیشان دەدات، بەڵام شمشاڵی کون کون تەنانەت ئەگەر وەکوو ئامرازەکەش سەیرى بکەین ئەوا سادەیی و ساکارى و سەرەتاییبوون نیشان دەدات. لە پشتی ئەمەشەوە تاج هێماى دەسەڵاتە، بەڵام شمشاڵ ئامێرێکی سادەى ژەنینی دەستی شوانە کە ئەمیش خۆى نزمترین پێگەى کۆمەڵایەتی هەیە. بەڵام لە ئاستی نەبینراودا جۆرێک لە هاوتەریببوون لەنێوان (تەختی ڕوفاه و تاجی حورمەت) و (لە ناو شمشاڵی کون کوندا) هەیە، ئەمە بێجگە لەوەى لە ڕووى بنیادى نووسینەوە تەریبن، لە ڕووى بیریشەوە جۆرێک لە هاوتەریبوون لەنێوانیاندا هەیە. تەختی ڕوفاه و تاج خۆشی و ئاسوودەیی و ئاستێکی بەرز لە ژیان بۆ ئەوانەى له و پێگانەدان بەرهەم دەهێنێت. هاوکات ئەو ئاوازانەى لە گەروى شمشاڵەوە لە دایک دەبن تواناى دواندنی هەست و ڕۆحیان هەیه و مرۆڤ بەرەو بڵندبوونی ڕۆحی دەبەن و دەیگەیەنن بە ئاستی پاکژبوونەوە، کە ئەوەش بەرزترین پلەى ئاسوودەیی و حەوانەوەیە بۆ مرۆڤ. لەم ڕووەوە (تەخت و تاج و شمشاڵ) هەمان ئەرک جێبەجێ دەکەن و هەمان کاریگەرى و جێکەوتیان هەیە.
قسەکەر دواى ئەو بەراوردەى لەنێوان میللەتی هۆشیارو میللەتی دواکەوتوو یان ناهۆشیاردا دەیکات، ڕوودەکاتەوە دەروێش عەبدوڵڵا و بارى بێدادى و هەژارى ئەو لەلایەک دەخاتەوە ڕوو، هاوکات پاساویشی بۆ دەهێنێتەوە کە ناچارى ژیان واى لێدەکات به و جۆرە بژى یان پەنا بباتە بەرخەڵک کە لە ڕاستیدا ئەوە شایانی پایه و ئاستی تواناو داهێنانی ئەو نییە. گۆران دەڵێت:
براى دەروێش! ئەزانم بۆ مەعیشەت وێڵ و ئاوارەى،
بە زەهرى ناعیلاجییە لە ناکەس ویستنی لوقمە،
بە مردنتە کە گوێی ناشی ئەخنکێنێ خرۆشی نەى!
قسەکەر ڕاستەوخۆ دەروێش عەبدوڵڵا بە ڕاناوى کەسی دووەم دەدوێنێت، واتە وەکوو ئەوەى کە دەروێش لەبەرانبەریدا ڕاوەستابێت و ئەم قسە بۆ ئەو بکات. ئەوەش لە ڕاناوى لکاوى کەسی دووەمی تاکدا (ت- بە مردنتە) دەردەکەوێت. لێرەدا زیاتر کەسێتی کۆمەڵایەتی و ئاستی کۆمەڵایەتی دەروێش ئاشکرا دەکرێت بەوەى کە کەسێکی هەژاره و بە ناچارى لە ڕێگاى ژەنینی شمشاڵەکەیەوە دەیەوێت پێداویستی ژیانی دەستەبەر بکات، بەڵام هەر قسەکەر خۆیشی بەرگرى له و شێوە کارەى دەروێش دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە دەروێش بە ناچارى بەوشێوەیە کار دەکات. کاتێ دەروێش بە شمشاڵەکەى ئاوازى جۆراوجۆر بۆ کەسانێک دەژەنێت کە لەوانەیە ئەو کەسانە نە بەهاى ئاوازو ڕۆحی مۆسیقا بناسن نە بەرهەمهێنی ئەو ئاوازەش بەچاوى ڕێزەوه و بە هاوشانی خۆیان سەیر بکەن، ئەوە بە ناچاریە دەروێش ئەو کارە دەکات. ئەوانیش بۆ چێژى ئاوازى ڕەسەن نییە.کە گوێ لە شمشاڵەکەى دەروێش دەگرن، بەڵکوو بۆ کات بەسەر بردنه و له و پێناوەشدا پارویەک نان بەوى شمشاڵ ژەن دەدەن. ئەو پاروە نانەى کە دەروێش به و شێوەیە بەدەستی دەهێنێت وەکوو ژەهروایە. لێرەدا دەربڕینی (زەهرى ناعیلاجی) جۆرێکە لە کینایە و مەبەست لێی پارویەکی تاڵە کە وەکوو خێر پێکردن پێی دەدرێت و لەئاستی قوڵتریشدا خاڵیکردنەوەى ژیانە لە هەموو مانایەکی جوان کە بەوجۆرە بەڕێ بکرێت. یان کاتێ چێژ و خۆشی ئاوازى نەى و شمشاڵ گوێی کەسانی نەشارەزاو بێ ئاگا له و هونەرە مەزنە پڕدەکەن بۆ ئەمی ژەنیار وەکوو مردن وایە چونکە بۆ کەسانێک مۆسیقا دەژەنێت کە نازانن مۆسیقا چییە. لێرەدا ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە قسەکەر دەیەوێت بڵێت ئەوى دەروێش لەپێناوى ژیاندا ناچارە پەنا بۆ هونەرەکەى ببات، بەڵام کڕیارەکانی، هونەرەکەى وەکوو کاڵایەکی کەم بەها سەیر دەکەن و نرخێکی ئەوتۆ بە هونەرەکەى نادەن و پێگەیەکی ئەوتۆش بەخۆى ڕەوا نابینن. ئەمەش تێڕوانینی کۆمەڵگەى دواکەوتوو یان ناهۆشیارە بۆ هونەر و داهێنان. ئێستا قسەکەر خۆى دەخاتە شوێنی دەروێش عەبدوڵڵا و ئەو ئازارو خەمە دەردەبڕێت کە بەهۆى ناچاربوونییە.ە دەچێتە بەردەم قاپی ناکەس و ناچار دەبێت هونەرەکەى هەرزان فرۆش بکات. شاعیر دەڵێت:
بەڵام چی بکەین لەناو چاوى ڕەشی بەعزێ زەکاى گەورە ،
وەکو و تۆوى گوڵی دەم- با لەسەر بەردێکی ڕەق ئەڕوێن،
ئەگەر خیلقەت نەسیبی عومرى تۆى مەحکوومی ئەم دەورە
نەکردایە ، خوا عالم، لە کام عەرشت ئەسوو داوێن؟!
قسەکەرى دەقەکە لە وەسفێکی گشتیەوە دەست پێدەکات و باسی تواناى هەندێ کەس دەکات بۆ گەشەکردن و پەرەسەندن و شارەزابوون لەوەى کە چۆن توانایان هەیە لە خراپترین بارودۆخدا جێ پێی خۆیان بچەسپێنن و هەنگاوى گەورە بەرەو سەرکەوتن بنێن. ئەم پێشەکیە گشتیە دەکات بە بنەما تا لەوێوە باسی تواناو لێهاتوویی دەروێش عەبدوڵڵا بکات. بەڵام هاوکات بەراوردى زەمینەى پێگەیشتن و بەرزبوونەوەى خاوەن تواناو بەهرەکان دەکات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ڕاستە بەهره و توانا بنەمان بۆ داهێنان بەڵام زەمینه و بارودۆخیش گرنگن بۆ نرخپێدانی ئەو داهێنانه و دانانى داهێنەر لە شوێنی پێویست و شایان بە خۆی. هەروەک قسەکەر ناڕاستەخۆ باسی ئەوە دەکات کە سەرچاوەى داهێنان زیرەکی گەورەیه، ‌ کە ئەوەش وەکوو بەهرەیەک دەبەخشرێت بە هەندێ کەس. بەڵام سرووشتی ئەو بەخشینە ئاشکرا نیه و پەیوەندى نە بە ڕەک و ڕیشه و نە بە بەژن و باڵاوە هەیە و تەنانەت پەیوەندى بە بوون و زەمینه و پاشخانی ئەو کەسەشەوە نییه. بەڵکو‌ هەمان شێوەى تۆوى ئەو گوڵەیە کە با هەڵیدەگرێت و هەندێجار لەسەر بەردى ڕەق دەکەوێت و سەوز دەبێت. ئەمەش ئاماژە بۆ نهێنی سەرچاوەى زیرەکی و تواناى جۆراوجۆرو ناچوونەیەکی کەسەکان دەکات.
لێرە لە ڕێگاى لێکچواندنەوە لەنێوان زیرەکی و تۆى گوڵی دەم بادا، کە زیرەکی دەچوێنرێت به و تۆوى گوڵەى با هەڵیدەگرێت، کە هەردووکیان واتە لێچوو، لەوچوو لە خاسێتی گەشەکردندا لێکدەچن. بوارى لێکچوون گەشەکردنە، ئەمەش لە ڕێگاى ئامرازى لێکچوونی (وەکو) نیشان دەدرێت. هەروەک قسەکەر بە دەربڕینی (بەڵام چی بکەین) نیشانی دەدات کە بە جۆرێک ئەو شێوازەى بەخشینی زیرەکی یان بەهره و تواناى بەدڵ نییە. یان دەیەوێت بڵێت ئەوە ڕاستیەکەیە کە زیرەکی و بەهره و توانا به و جۆرە دەبەخشرێن و دەبێ بەوەش‌ ڕازیبین. لێرەدا قسەکەرى دەقەکە بە ڕاناوى کەسی یەکەمی کۆ دەدوێت و ئەوەش لە ڕێگاى ڕاناوى لکاوى (ن) ەوە دەردەکەوێت. ئاشکرایە قسەکەرى دەقی ڕۆمانسی تاکه و ئەو تاکەکەسەش لە خۆى دەدوێت. ڕاستە لێرەدا ئاڕاستەى ئاخاوتن بەرەو زاتی قسەکەرە بەڵام کاتێک لە شێوەى دربڕینێکی پرسیاریدا دەدوێت نایەوێت بە تەنیا ڕووبەڕووى نەزانروێک بێتەوە کە ڕەنگە ئاشکراکردنی کارێکی ئاسان نەبێت.
هەروەک لەنێوان (چاوى ڕەشی بەعزێ) و (تۆوى گوڵی دەم- با) دا هاوتەریبوون هەیە لە ڕووى بنیاد و لە ڕووى مۆسیقاوە، ئەمە سەربارى ئەوەى کە لە ڕووى بیرۆکەشەوە هەمان هاوتەریبوون هەیە کە لە هەردوو دەربڕینەکەدا دیاریکردن یان جیاکردنەوەی بەش لە گشت دەبینرێت. لە یەکەمیاندا وشەى (بەعزێ) و لە دووەمیاندا (تۆوى گوڵی دەم با نەک هەموو تۆوێک) ئەم بیرۆکەیە ئاشکرا دەبێت. ئەمە وەرگرتن یان جیاکردنەوەى بەشە لە گشت، کە لە ئاستی نەبینراوى دەقەکەدا ئەو دەلالەتە هەڵدەگرێت کە زیرەکی و بەهرە بەش یان ڕێژەیەکن لە کۆى گشتی و بێگومان ڕێژەیەکی بەرزیش نین.، هەرچۆن ناشێت هەموو تۆوەکان لە هەر کوێ کەوتن، سەوز ببن، بەڵکوو هەندێ یان ڕێژەیەک لە تۆوى گوڵ تواناى هەیە لە خراپترین شوێنیشدا سەوز ببێت کە سەربەرد له و ڕووەوە بۆ ڕواندن خراپترین شوێنە، بەڵام هەندێ تۆو لەسەر بەردیش سەوز دەبێت.
قسەکەر لە دواى ئەوەى باسی بەهره و زیرەکی هەندێ کەس دەکات، کە شێوەى پێبەخشینی ئەو بەخششە بۆ ئەوان، تاکو ئێستاش بەلاى هەمووانەوە لە گەردووندا نهێنییە.یان وەکوو نهێنییە.ی ئاشکرا نەکراو ماوەتەوە. لێرەدا ناڕاستەوخۆ ئاماژەیەک هەیە بۆ ئەوەى کە دەروێش عەبدوڵڵا کەسێکی بەختەوەرە کە زیرەکی و بەهرەیەکی له و جۆرەى پێبەخشراوه و بەرهەمی ئەو زیرەکی و بەهرەیەش تواناى دەروێشە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو ئاوازە نایاب و ڕۆح بزوێنانەى کە لە کونی شمشاڵەکەیەوە دێنە دەرەوە. قسەکەر باس لە تواناى لە ئەندازەبەدەرى دەروێش دەکات، بەڵام هاوکات نیگەرانی خۆیشی بۆ دەردەبڕێت کە ئەو کوڕى واقیعێکە نە زیرەکی و نە داهێنان و نە بەهرە بەهایان نییە تێیداو خاوەنی ئەمانەش هیچ پێگه و پلەیەکی کۆمەڵایەتی ئەوتۆى پێنا‌درێت. هەروەک قسەکەر سەبارەت بەوەى کە چارەنووسی زیرەک و خاوەن بەهرەیەکی وەکوو دەروێش عەبدوڵڵا ئەوەیە کە لە واقیع و سەردەمێکی وەهادا بژى و هیچ بایەخێکی پێنەدرێت، خیلقەت واتە ئەفرێندەرى گەردوون یان ئەوەى کە بڕیارى ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ئەم گەردوونە و توخم و ڕەگەەکانی بەدەستە تاوانبار دەکات. ئەو پێیوایە ئەگەر ئەم دەروێش عەبدوڵڵایە لە واقیع و لە کۆمەڵگەیەکی ترو لەسەردەمێکی تردا بژیایە، ئەوا گومانی تێدا نییە.کە دەبووە خاوەنی پله و پایه و پێگەیەکی زۆر بەرزو مەزن.
لێرەدا دانانی دوو وشەى (عەرش و داوێن) لە تەنیشتی یەکتردا وەکوو دوو ناکۆک یان دوو دژ یان بەلایەنی کەمەوە وەکوو دوو ڕووى بەراوردکردن ئەوە نیشان دەدات ئەگەر یاساکانی گەردوون بەڕێکی بڕۆیشتنایه، ‌ ئەوا داوێنی خاوەن بەهرەیەکی وەکوو دەروێش هێندە بەرز دەبوو دەچووە ئاستی عەرشی بەرزى پادشاکان. لەهەمان کاتدا ئەو لە تەنیشت یەکتردانانەى ئەو دوو وشە دژە، نیشانی دەدات کە سەربارى ئەوەى ئێستا داهێنهرڕێکی وەکوو دەروێش له ‌بارێکی خراپدایه و بەدەستهێنانی پاروى ژیان ناچارى دەکات کە ئاواز بۆ ناکەس و بۆ نەشارەزا بژەنێت، بەڵام ئەگەر لە زەمینەیەکی تردا بوایە ئەوا شوێنی پێیەکانی لە بەرزترین تەختی دەسەڵات بەرزتر دەبوو. هەروەک قسەکەر ناڕاستەوخۆش بە دەروێش عەبدوڵڵا دەڵێت ڕاستە ئێستا تۆ لە بارێکی باشدا نیت، بەڵام لە ڕوانگەى داهێنانەوه و به و پێیەش لە ڕونگەى بەرهەمهێنی دەقەکەوە کە گۆرانی شاعیره، ‌ پێگەى دەروێش بەرزترە لە هەموو تەختێکی دەسەڵات. لە پشتی ئەم بۆچوونەوە ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت کە ئەو پێگەیەى داهێنان درووستی دەکات بەرزترە لە پێگەى ئەو دەسەڵات و تەخت و عەرشەى کە هێز درووستی دەکات. هەروەک لە دێڕى سێیەمی ئەم کۆپلەیەدا دێڕى سێەم تەواو نەبووه و تەواوکەرەکەى هاتووەتە دێڕى چوراەم بە بێ ئەوەى خاڵ یان فاریزە لە کۆتایی دێڕى سێیەمدا دانرابێت، ئەمەش یەکێکە لە خاسێتەکانی شیعرى کلاسیک کە پێی دەگوترێت تەوریە بەڵام لەم دەقەشدا وەکوو دەقێکی ڕۆمانسی دەبینرێت (ئەگەر خیلقەت نەسیبی عومرى تۆى مەحکومی….) (نەکردایە، …) وشەى نەکرادیە چووەتە سەرەتاى دێڕى دواتر کە لە ڕاستیدا بەشێکە لەم دێڕه و بێ وشەى ” نەکرادیه”‌ ماناى دێڕەکە کە ڕستەیەکی مەرجیە تەواو نابێت.
شاعیر دەڵێت:
نە حەرفی مەکتەبێکت خوێند ، نە ئوستادێ پەلی گرتی ،
سیرف بەرزیى زەکا ئەم سنعەتەى فێر کرد بە شمشاڵت ،
هەموو وەزنێکی گۆرانی ، لە توولانی هەتا کورتی ،
بە سەرپەنجەى هونەر کردت بە دیلی کۆشش زاڵت !..
قسەکەرى دەقەکە لەم کۆپلەیەدا کە باسی دەروێش عەبدوڵڵا دەکات، ناڕاستەوخۆ لەوە دەدوێت ئایا داهێنان لە پەروەردەکردنەوە سەرچاوە دەگرێت یان سەرچاوەکەى زیرەکی و بەهرەیە؟ یان هەردووکیانە پێکەوە؟ ئەو باسی دەروێش عەبدوڵڵا دەکات بەوەى کە کەسێکی نەخوێندەواره و تەنانەت ڕێنوماییکەرو ڕێنیشاندەرێکیشی نەبووە بۆ فێربوونی شمشاڵ و ناسین و زانینی ئاوازە جۆراوجۆرەکانی مۆسیقاو گۆرانی، بەڵکوو ئەو هەموو شتێک لە زیرەکی خۆیەوە فێربووە، بەڵام هاوکات باسی کۆشش دەکات. ئەمەش ئەوە ئاشکرا دەکات کە تەنیا زیرەکی یان بەهرە بەس نییە.بۆ ئەوەى کەسێک لە بوارێکدا بتوانێت داهێنان بکات، بەڵکوو پایەیەکی تریش هەیە کە ئەویش کۆشش کردنی بەردەوامە. دیارە کۆشش کردنی بەردەوامیش جۆرێک لە خۆشەویستی و عیشقی دەوێت. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە دەروێش عەبدوڵڵا سەربارى ئەو توانا بەرزەى هەیبووە دیسان عەشقێکی قول َو بەهێزى بۆ شمشاڵەکەیی و بۆ جوڵاندنی پەنجەکانی و بۆ شارەزابوون له و بوارەدا هەبووە.
لێرەوە ئەوەى لە دەقەکەدا ناڕستەوخۆ ئاماژەى بۆ دەکرێت فێربوونە لە دوو ئاستدا، فێربوونی پیشەییانە، کە ئەمەیان پێویستی بە خوێندن و بە بەرنامه و پرۆگرامی ڕێکخراو و دانراو و مامۆستا هەیە، هەرچۆن ئەم چەمکە لە کۆى ڕۆشنبیریدا باس دەکرێت کە لە سەرەتاوە دەست پێدەکات تا سەرئەنجام بە گەیشتنی بە پلەى پیشەوەر یان ئەکادیمی له و بوارەدا کۆتایی دێت. ئاستی دووەم خولیاو ئارەزووە کە ئەمەیان لەدەرەوەى خوێندن و فێرکردنە لە قوتابخانەى تایبەتداو پشت بە لێهاتوویی و حەزوو ئارەزوو دەبەستێت و زۆربەى کات ئەو هەنگاوانەى حەزو ئارەزو و خولیا دەیجوڵێنن بۆ هەر بوارێکی فێربوون فراوانترو کراوەترو سەرئەنجامیش ڕۆحێکی زیندووترى تێدایە. بەڵام لە ڕووى ڕاستیەوە ئەگەر هەردوو ئاستەکە پێکەوە کۆببنەوە، واتە خولیاو ئارەزوو لەگەڵ ڕەخساندنی بوارى فێربوونی پیشەییانه، ‌ ئەوا بنەمایەکی پتەوتر بۆ داهێنان دێتە ئاراوە. خولیاو ئارەزوو وەکوو مادەى خاوى درووستکردنی شتێک دەمێننەوه، ‌ ئەگەر بە زانیاریی و بنەمای تیۆریی تێرو بەهێزو دەوڵەمەند نەکرێن. لێرەدا دەقەکە وێنەى داهێنەرێکی خاوەن خولیامان بۆ بەرجەستە دەکات کە شارەزاییەکی تەواوى پەیداکردووە له و بوارەدا کە پێوەى خەریکبووه و وشەى ” کۆشش” یش ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە ڕاستە ئەم کەسێتە لە ڕێگاى خوینَدنەوە نەهاتووەتە ئەو بوارەوه و خولیاو ئارەزوو پاڵنەرى بووه و زیرەکی و بەهرەش ڕێنیشاندەرى بووە، بەڵام کۆشش گەیاندوویەتیە ئاستی زانینی زۆر شت له و بوارەدا کە وەکوو قسەکەرى دەقەکە باسی دەکات شارەزابوونی بێ وێنەیە لە جۆرەکانی گۆرانی و مۆسیقادا، کە دیارە ئەوەش پەیوەست به و پاشخان و ژینگه و پانتاییە جوگرافیە باس دەکرێت کە ئەوى تێدا دەژى و دەقەکەى تێدا بەرهەم هاتووە.
بە مانایەکی تر ئەو بەرهەمهێنانە هونەرى و کەلتووریەى کە زیاتر بەرهەمی خولیا و ئارەزووە لە چوارچێوەى بنەماو تیۆرییەکانی ئەو بوارەدا ڕێکنەخراوە، زیاتر وەکوو بەرهەمی ناوخۆیی دەمێنێتەوه و ئەوەش لە ڕووى دەرەوەدا وەک ڕەگەز یان مادەى خاوى ئەو بوارە سەیر دەکرێت و بە ئاسانی نابێتە خاوەنی شوناسێکی گشتی. لە دێڕى یەکەمی ئەم کۆپلەیهدا‌ جۆرێک لە هاوتەریببوون هەیە لەنێوان (نە حەرفی مەکتەبێکت خوێند) و (نە ئوستادێ پەلی گرتی) . کە هەردوو دەربڕینەکە لە ڕووى بنیادى زمانییە.ە دوو ڕستەى ڕاگەیاندن و هەردووکیان بە وشەى نەرێی (نە) دەست پێدەکەن. لە ڕووى بیرەوە تەریبن، لە یەکەمیاندا کەسی دوێندراو کە دەروێشە، هیچی نەخوێندووە کە مەبەست ئەوەیە ئەو ئاوازو بەستانەى دەیژەنێت لە خوێندنگایەک فێر نەکراوە. لە دووەمیاندا نە مامۆستاى هەبووه و نە کەسێک پشتگیرى کردووه و شتێکی فێر کردبێت. کەواتە هەردوو دەربڕینەکە لە ڕووى بیرۆکەوە سەربارى ئەوەى لێکدەچن یان هاوشێوەن، دیسان هاوتەریبن لەوەدا کە فێربوونی ئەم کەسێتە تەنیا بە خۆڕسکی و بە کۆششی خۆى بووە.
هەروەها لە دێڕى دووەمی ئەم کۆپلەیەدا (صیرف بەرزیی زەکا ئەم سنعەتەى فێرکرد بە شمشاڵت) خواستن هەیە. زەکا خاسێتی مرۆڤ و هەندێ لە زیندەوەرانه، ‌ بەڵام لێرەدا ڕۆڵی مامۆستا دەبینێت واتە زەکا لێچووە و مامۆستا (مرۆڤ) لەوچووە کە لە دەقەکەدا نەهاتووە، بوارى لێکچوون فێرکردنە. واتە لێرەدا خاسێتێک دەچوێنرێت بە فێرکار یان بە مامۆستا. ئەم خاسێتەش لە بەرزترین ئاستی خاوێنیدایه و مەبەست لە ئاستی بەرزى زیرەکی دەروێش عەبدوڵڵایە، کە هەر ئەو زیرەکیەیە کە بێ ئەوەى حەرفی مەکتەبێک بخوێنێت و بێ ئەوەى کەسێک دەستی بگرێت گەیاندوویەتیە‌ ئەو ئاستەى فێربوون و داهێنان. دیسان لە فێرکردندا دوو ئاست هەیە، فێرکار و فێرخواز. زەکا لە پێگەى فێرکاردایه و شمشاڵ لە پێگەى فێرخوازدایە. ئەمەش بریتییە لە خواستن. زەکا لێچووه و فێرکار لەوچووە، هەروەها شمشاڵ لێچووه و فێرخواز لەوچووە، بوارى لێکچوون فێربوون یان فێرکردنی گۆرانی و بەستە یان مۆسیقایە. ئەمانەش بەگشتی کاردەکەن بۆ زیاتر دەرخستنی ئەو ڕاستیەى کە دەروێش چۆن لەسەر بنەماى تواناو زیرەکی خۆى فێرى ژەنینی شمشاڵ بووە.
دواى ئەوەى کە قسەکەرى دەقەکە باسی شارەزایی و لێهاتوویی دەروێش دەکات لە ژەنینی شمشاڵ و لە زانینی هەموو جۆرێکی گۆرانی، داوا لە دەروێش دەکات میزاجی شێواوى کوردەوارى بۆ ڕێکخاتەوە:
ئەوەندەم بیست لە مۆسیقا خرۆشی ڕۆحی بێگانە
میزاجی کوردەواریم تێکچووە ، دەروێش عەبدوڵڵا ،
دەخیلت بم دەسا به و لاوک و ئاى ئاى و حەیرانە
شەپۆلی زەوقی میللی پڕ دەروونی مات و چۆڵم کە !
لە بیتهۆڤن گەلێ زیاتر بە ڕۆحم ئاشناى، وەڵا
دە ، ئەى دەروێش ، سکاڵایەک لەگەڵ ڕۆحی کڵۆلم کە !..
قسەکەرى شیعرەکە هەر ئەوە نییە.وەسفی تواناو لێهاتوویی و پەنجەى ڕەنگینی دەروێش بکات و ڕەخنەش له و بارودۆخە کۆمەڵایەتی و کەلتووریە بگرێت کە لە لایەک ڕێز لە هونەر ناگرێت و لە لایەکی تریش هیچ پێگەیەک بە داهێنەرانی وەکوو دەروێش ڕەوا نابینێت، بەڵکوو لە پشتی باسکردنی ئەم بارودۆخەوە ئامانجێکی تایبەتی قسەکەریش ئاشکرا دەبێت، ئەویش ئاشناکردنەوەى ڕۆحی نامۆى خۆیەتی وەکوو قسەکەرى دەقەکە کە گۆران خۆیەتی بە ڕەسەنایەتی کوردەوارى. ئێستا واپێدەچێت کە قسەکەر زۆرێک لە گۆرانی و مۆسیقاى بێگانەى گوێ لێبووبێت و ئەوەش بووبێتە هۆى شێواندنی میزاجی کوردەوارى ئەم و گەیاندبێتیە بارێک کە لە لایەک هەست بە نامۆیی بکات و لەلایەکی تریشەوە هیچ چێژێک له و بەرهەمانە وەرنەگرێت کە پەیوەندییان بە ڕۆح و بوونی ئەمەوە نییە. ئەم بارەش واى لێدەکات بە جۆرێک پەنا بۆ دەروێش عەبدوڵڵا ببات بۆ ئەوەى لەم بارى نامۆبوونە ڕزگارى بکات و میزاجی تێکچووى کوردەوارى بگێڕێتەوە بۆ بارى ئاسایی خۆى.
ئەمی قسەکەر هەست دەکات دەروونی مات و چۆڵە و ئەوەش هۆکارى نیگەرانی و هەست بە نامۆییکردنێتی. هۆکارى ئەم بارەش پەرتبوون و جیابوونەوەیەتی له و ڕەگەزو توخمانەى کە خۆراکی هەست و گیان و بوونی ئەون. بێگومان ئەو ڕەگەزو توخم و هۆکارانەش بەشێکن له و پاشخان و زەمینەیەى کە ئەمی تێدا پەروەردە بووه و ئەم لەگەڵیان ژیاوه و گەوره ‌بووه و بوونەتە بەشێک لە بوونی ئەم. گۆرانی و مۆسیقاو کۆى ڕەگەزە کوردییەکان شوێن و کاریگەرییان لە بوونی ئەمدا هەیە. بەڵام ئێستا لە نەبوون یان لە نادیاری ئەمانەدا، ئەوى قسەکەر باسی ئەوە دەکات ئەوەندەى بیستووە لە مۆسیقاو خرۆشی بێگانە بیزار بووەو چونکە کاریگەرى نەرێنیان لەسەر هەست و خەیاڵی کوردبوونی درووستکردووە، بە جۆرێک وادەردەکەوێت کە پانتایی بیستن و چێژوەرگرتنی کوردانەى شێوا بێت. ئێستا ئەو بە دواى چارەسەرى ئەو بارەدا دەگەڕێت کە پێیوایە بارێکی نائاساییە. بۆیە پەنا بۆ دەروێش عەبدوڵڵا دەبات و تکاى لێدەکات کە له و بارە ناجۆرە ڕزگارى بکات. ئێستا ئەمی قسەکەرى دەقەکە کە لە ڕووى ئامادەبوونەوە تاکەکەسی ئامادەى ناو جوگرافیاى دەقەکەیە لە ڕێگاى دەربڕینی ( دەخیلت بم) داواکارى بەرزدەکاتەوه، ‌ یان دەخاتە ڕوو. لێرەشەوە قسەکەر کە پێشتر ڕۆڵی گێڕەرەوه و وەسفکەرى دەبینی، ئێستا دەچێتە پێگەى داواکارەوه و ئەوى دەروێشیش کە تەنیا لە گێڕانەوه و وەسفکردنەکانی قسەکەردا ئامادەبوونی هەبوو، ئێستا لە پێگەیەکی بەرزتردا دەردەکەوێت. ئەوەى ئەو پێگەیەى بە دەروێش داوە هونەرەکەیەتی. دیارە ئاشکرایە داهێنان و شارەزایی و مەعریفە لە هەر بوارێکدا سەربارى خراپی پاشخانی کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگهیەی تیایدا بەرهەمدێن‌، بەڵام هێشتا دەبنە‌ بنەما بۆ بەدەستهێنانی جۆرێک لە دەسەڵات. ئێستا ئەوى دەروێش داواى لێدەکرێت کە شتێک ببەخشێت بە تایبەتی بۆ کەسێک یان ڕووبەرێک کە پێویستیان به و بەخشینەى ئەو هەیە. ئەوە ئاشکرایە بۆ خۆى چەمکی بەخشین جۆرێک لە دەسەڵات لەخۆیدا هەڵدەگرێت بەرانبەر بەوەى پێویستی بە وەرگرتنی بەخشینەکەیه، ‌ ئیتر گرنگ نییە.جۆرى بەخشینەکە چییه و چۆنە.
ئەمی قسەکەرى دەقەکە بەهۆى بیستنی مۆسیقاى بێگانەوە کە نامۆیە بە ڕۆحی ئەم، میزاجی کوردەوارى تێکچووه و دەزانێت پێویستی بەوەیە کە ڕۆحی نامۆ و میزاجی تێکچووى کوردەوارى ئاشتبکرێنەوه و بگەڕێنرێنەوە بۆ بارى ئاسایی خۆیان. ئەوەش بە بیستن و ئاشنا بوونەوە دەبێت بەوەى کە دەبێتە خۆراکی ڕۆح و هێمنی و هێورى بۆ دەهێنێت، ئەویش بیستنی ئاوازى ڕەسەنی کوردەواریە کە قسەکەر ڕایدە‌گەیەنێت و داوا لە دەروێش دەکات بە لاوک و ئاى ئاى و حەیران کە ئاوازى ڕەسەنی کوردین و ئەو وەکوو شەپۆلی زەوقی میللی ناویان دەبات، دەروونی مات و چۆڵی پڕ بکات. لێرەوە دەردەکەوێت کە سەربارى بیستنی مۆسیقاى پڕ لە جۆش و خرۆشی بێگانە، بەڵام ڕۆح و دەروونی ئەو چۆڵە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە سەربارى ئەوەى مۆسیقا زمانێکی گەردوونییە. بەڵام هێشتا تایبەتمەندى ناوچەیی و نەتەوەیی هەیە، واتە سەربارى ئەو گشتیبوونە زمانی تایبەتی خۆیی هەیە کە ڕۆح و دەروونی مرۆڤ هەریەکه و لەگەڵ زمانی ڕۆحی مۆسیقاى خۆیدا باشتر تێدەگات و مامەڵە دەکات و ڕۆحی پێ پاراو دەبێت.
قسەکەر سەربارى ئەوەى لە پێگەى داواکاریەوە دەخوازێت دەروێش ڕۆحی تینووى بە ئاوازى کوردى پاراو بکات، واتە به و ئاوازانەى کە ئاشنان بە ڕۆحی ئەم. هەروەک بە جۆرێکیش پێداگرى لەسەر‌ پێداویستی ڕۆحی خۆى بە ئاوازو بەستەکانی دەروێش نیشان دەدات، کە لەپێش گەورەترین داهێنەرانی مۆسیقاى جیهانییە.ە پەیوەست بە ڕۆحی خۆیی و ئاشنابوونی ئەو ئاوازانە بەرۆحی خۆى دایدەنێت. ئاوازەکانی دەروێش زیاتر لە ئاوازەکانی بیتهۆڤن ئاشنان بە ڕۆحی قسەکەرى دەقەکە، کە گۆران خۆیەتی. لە ڕاستیدا لەسەر زمانی قسەکەرى دەقەکەوە دەردەکەوێت کە گۆران هەر ئەوە نەبووە کە داهێنەرێکی نموونەى بوارى شیعر بووه، ‌ بەڵکوو بەئاگایەکی هۆشیارى بوارەکانی ترى هونەر و ڕۆشنبیرى گشتیش بووە. ئەوێک لە زەمینەیەکی دواکەوتووى کۆمەڵگەى کوردەوارى سێ دەیەى دووەمی سەدەى بیستدا باسی ئەوە دەکات کە ئاوازو مۆسیقاى کوردى لە بیتهۆڤن ئاشناترن بە ڕۆحی. ماناى وایە ئەو گوێگرێکی باش و شارەزایەکی باشی ئاوازەکانی بیتهۆڤن بووە، بۆیە ئەو جۆرە بەراوردە دەکات و سەرئەنجامیش لەبەرئەوەى ڕۆحی ئەو پەیوەستە بە زەمینه و مێژوو کەلتوورى خۆیەوه، ‌ بۆیە بەرهەمی زەمینەکەى خۆى زیاتر ڕۆحی پەشێوى هێور دەکاتەوه و ناخی تینووى ئاودەدات و پاراوى دەکات. قسەکەر داوا لە دەروێش دەکات بە ئاوازە کوردییە ڕەسەنەکانی ڕۆحی کڵۆڵی ئەم هێوربکاتەوە. بێگومان ئاشکرایە کە مۆسیقا خۆراکی ڕۆحه و قسەکەرى شیعرەکەش کە میزاجی کوردەوارى تێکچووه و بیستنی ئاوازى بێگانە ڕۆحی نامۆکردووە، تەنیا بە ئاوازى ڕەسەنی کوردى میزاجی کوردەوراى دێتەوە بارودۆخی ئاسایی خۆیی و ڕۆحی کڵۆڵی هێور دەبێتەوە.
شاعیر لەسەر زمانی قسەکەرى دەقەکەوە دوو وێنەى دیار بەرجەستە دەکات. یەکەمیان وێنەى داهێنەرێکە لە واقیعێکی دواکەوتوودا کە ئەو داهێنەرە بە خۆڕسکی و لەسەر بنەماى زیرەکی و بەهرەى تایبەتی وەکوو خاوەن خولیایەک گەیشتووەتە ئاستی داهێنان. بەڵام دیارە له و واقیعە ناجۆرەدا گرنگیەکی ئەوتۆ نە بە خۆى و نە بە هونەر و ئەدەبەکەى نادرێت. دووەمیان وێنەى کەسێکە لە ناو ئەو واقیعە دواکەوتووەدا کە دیارە ئەو واقیعەى دەقەکە لێی دەدوێت واقیعی کوردەواریە، کە کاریگەرى کەلتوورى بێگانە کە لێرەدا باسی مۆسیقاو گۆرانی دەکرێت میزاجی میللی کوردەوارى ئەوى قسەکەرى دەقەکەى تێکداوه و سەرئەنجام داوا له و داهێنەرەى ناو واقیعەکەى خۆى دەکات به و ئاوازە ڕەسەنانەى کە ئاشنان بە ڕۆحی ئەو، میزاجی شێواوى کوردەوارى ئەو بگێڕێتەوە بارى ئاسایی خۆى و ڕۆحی کڵۆل َو پەشێوى ئەو هێور بکاتەوە.
لەم دەقەدا سەربارى ئەوەى کاتێ باسی تایبەتمەندبوون دەکرێت، دەشێ بە ئاڕاستەى دەرەوەى دەقەکە جۆرێک لە گشتیکردن یان بە بابەتیکردن لە ئاستی نەگوتراودا هەست پێبکرێت، بە تایبەتی لە کۆمەڵگەى دواکەوتوودا بەهاو پێگەى داهێنەر هەر جۆرە داهێنەرێک بێت ڕەنگە وەکوو ئەوە نەبێت کە پێویسته و هەمان شێوەى ئەو وێنە تەڵخ و شێواوەى مانگە کە لە حەوزێکی لیخندا دەبینرێت. بەڵام دیسان داهێنەر بەراورد بە کۆى کۆمەڵگە بارێکی دەگمەن و تایبەتیە. لە پشتی ئەم بۆچوونەشەوە ئەم دەقە وەکوو هەر دەقێکی شیعرى ڕۆمانسی پێکەى خود یان زات وەکوو تاکەکەس زیاتر بەرز دەکاتەوه و دەرى دەخات. کە لێرەدا کۆى پێکهاتەى زمانیی و هونەریى دەقەکە پێکەوە کاردەکەن بۆ دەرخستنی کەسێتی تایبەتی دەروێش عەبدوڵڵا لە ئاستێکی بەرزو دەگمەندا، کە دەرخستنی کەسێتی داهێنەرێکە، لەپاڵ ئەوەدا پاسیڤکردنی ڕۆڵى کۆمەڵگه و جەماوەرە لە ڕوانگەى بایەخنەدانیان به و تاکە دەگمەنه و بە بەرهەمەکانی. بێگومان لە پشتی بەرزکردنەوەى خودو پێگەى کەسی دەروێش عەبدوڵڵاوە، دەشێ ئامانجێکی تر ڕاوەستابێت و ئەرک، یان مەبەستی سەرەکی دەقەکە ئەوە بێت، کە ئەویش لەوەدا بەرجەستە دەبێت، کە دەروێش عەبدوڵڵا تەنیا بریتی بێت لە دەمامکێک، کە گۆران بەکارى هێنابێت و لە بنەڕەتدا گۆران لە پشتی وێنەى بەرجەستەکراوى دەروێش عەبدوڵڵاوە باسی خۆى بکات. تەنانەت سەربارى ئەوەی کە کەسێک بە ناوى دەروێش عەبدوڵڵاوە هەبووه و لە هەوراماندا ژیاوه و شمشاڵ ژەن بووە، دەشێ مەبەست له و دەروێش عەبدوڵڵایە، عەبدوڵڵا گۆرانی شاعیر بێت، کە وەکوو یەکەمین داهێنەرى قۆناغەکەى خۆى و یەکێک لە داهێنەرە هەرە پایەبەرزەکانی مێژووى شیعرى کوردى، کۆمەڵگەى دواکەوتووى کوردى نە ئەو پێگەیەى پێداوە کە شایانی بووه، ‌ نە لەسەروەختی خۆیشیدا بایەخێکی ئەوتۆ بە داهێنانەکەى دراوە، بەڵکوو ئازارى ڕۆحیشی دراوه و ماندوکراوە.
ئەوەى گۆران بۆ دەروێش عەبدوڵڵاى بەرجەستە دەکات، کە لە ناو میللەتی نەزان و دواکەوتوودا ڕێز لە داهێنانەکەى ناگیرێت، دەشێت مەبەستی گۆران خۆی بێت و باسی ئێش و ژانە تایبەتیەکانی خۆى ب‌کات وەکوو بابەتێکی زاتی و دەقەکە دەربڕى هەستکردنی گۆران بێت‌ بەرانبەر به و کۆمەڵگەیەى کە ناتوانێت و لەوە تێناگات کە ئەم چ گەوهەرێکی پێشکەش به و کردووە، کەچی ئەو بەچاوى سووکەوە سەیرى دەکات و هیچ بایەخێکی پێنادات. کەواتە دەتوانین بڵێین سەربارى ئەوەى کە دەقەکە زیاتر لە بیرۆکەیەک دەوروژێنێ و دەیدوێنێ پەیوەست بە هونەر و داهێنان و ڕۆڵی هونەر لەسەر گوێگرو بینەرو چۆنێتی چێژوەرگرتن و ئاستی وەڵامدانەوەى وەرگر، بەڵام کۆى بیرۆکەکان بە هێڵێک پێکەوە بەستراون و سەرئەنجام گوزارشت کردنن لە خودى ئەم تاکەکەسە، کە لێرەدا قسەکەر یان ئاشکراتر بڵێین خودى شاعیر خۆیەتی وەکوو داهێنەرێک.
ئەم دەقە سەربارى خستنەڕووى بابەتی داهێنان و کاریگەرى داهێنانی ناوخۆ و بێگانە یان پەیوەندى ئێمه و ئەوان لە ڕووى داهێنانەوە، دەردەکەوێت کە بایەخی گشتی دەقەکە لە ڕووى ناوەرۆک یان پرسیارو جیهانبینییە.ە بایەخدانە بە ناوەرۆکی عاتیفی و ویژدانی. فۆرمی دەقەکە زیاتر لە خزمەتی ئەم ناوەرۆکەدایه و تەنانەت وشەکانیش خزمەتی ئەم ناوەرۆکە عاتیفیە دەکەن و هەندێجار سەربارى بوونی وشەى کوردى پاراو وشەى عەرەبی بەکارهێنراوە کە زیاتر خزمەت به و ناوەرۆکە عاتیفیە دەکات وەکوو (حوزن، عومر، حەسرەت، قەوم، بەسیت، عەکس، قەمەر، ڕوفاه، تاج، حورمەت، ئوستاد، سیحر، نەغمە، مەعیشەت، لوقمە، زەکا، خیلقەت، مەحکوم، حەرف، صیرف، ڕۆح، میزاج، زەوق، ) . ئەمە بێجگە لەوەى کە زمان بەگشتی بۆ بەرجەستەکردنی ئەو ناوەرۆکە عاتیفیە کار دەکات کە بوون و پێگەى خود- زات- زیاتر پته و دەکات و دەریدەخات.
هەرچەندە دەقەکە بە پێچەوانەى زۆرینەى دەقەکانی گۆرانەوە کە کیمیاگەرى وێنەیان تێداکراوە، ئەم دەقە لە ڕووى وێنەى شیعریەوە به و جۆرە دەوڵەمەند نییە، بەڵام ئەو وێنانەى هەن ئەرکی گوزاشتکردن و دەربڕین لە خود یان زات یارى دەکەن. بە مانایەکی تر دەتوانین بڵێین جیهانبینی ئەم دەقە شیعریە (دەروێش عەبدوڵڵا) هەڵوێستی گۆرانی شاعیرە سەبارەت بە ڕوانین و هەڵوێستی کۆمەڵگەیەکی دوا کەوتووى پەراوێزى مێژوو بۆ داهێنەرێک کە زۆر لە پێش قۆناغی مێژوویی کۆمەڵگاکەیەوەیە. کۆى دەربڕین و پرس و جیهانبینی دەقەکە لەوەدا کۆدەبێتەوە کە ناڕەزایی دەربڕینی زاتێکی داهێنەرە بۆ ئەو پێگه و بەهایەى کە کۆمەڵگا‌ بە خۆى و بە داهێنانەکەیی دەدات کە ئەمەش لە ئاستێکی بەرزى بەرهەمهێنانی شیعریەتدا بەهەموو ڕەگەزو پایەکانییە.ە بەرجەستە کراوە. کۆى ڕەگەزەکانی بنیادنای دەقەکە لە ناونیشان و پێکهاتەى زمانی لە وشه و ڕسته و وێنەى شیعرى و دەلالات و لێکچوون و دووانەى دژو هاوتاو ئیقاعی دەروەوە لە کێش و بەحر و سەروا و ئیقاعی ناوەوە لە دووبارەبوونەوه و دەنگ و وشه و بەرزبوونەوه و نزمبوونەوەى ئیقاع و بنیادى ڕستە و پێکەوە گونجاندنی وشه و وێنه و دەلالات..هەموویان پێکەوە کاردەکەن بۆ بەرهەمهێنانی شیعریەتی دەقەکه و بنیادنانی وتارى شیعرى ئەم دەقه و لەوێشەوە دەرخستنی دیدو تێڕوانینی شاعیر و هەڵوێست و هەستکردنی بەرانبەر بە بابەتی سەرەکی دەقەکه، ‌ کە لێرەدا ڕوانینی داهێنەرێکە بۆ خۆى کە لە پشتی دەمامکێکەوە باسی خۆى دەکات و لە پێگه و نرخپێدانی خۆى وەکوو داهێنەرێک دەدوێت له و ڕوانگەیەوە کە چۆن لە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوودا سەیرى دەکرێت.
ئیقاع یەکێکە له و پایانەى کە لە بنیادى هەر دەقێکی شیعریدا ڕۆڵی دیار دەبینێت لە بەرهەمهێنانی وتارى ئێسەتیکی دەق و بەرهەمهێنانی جیهانبینی دەقدا. پێشتر لەبارەى ئیقاعى دەرەوەیی دەقەکەوە دواین واتە بنیادى گشتی دەقەکه و کێش و سەرواو… تاد. ئێستا سەرنج لە ئیقاعی ناوەوەی دەقەکە دەدەین، ئیقاعی ناوەوە پێکدێت لە دووبارە بوونەوەى دەنگی و وشەیی یان بێژەیی و هاوسەنگییی و تەریببوون – پارارێل- و گونجان. کە ئەمانە هەموو پێکەوە کار دەکەن بۆ جوانکردنی دەق و بۆ بەرزکردنەوەى ئاستی جوانناسی دەق، واتە بەشدارى دەکەن لە بەرهەمهێنانی وتارى ئێسەتیکی دەقدا، ئەمە بێجگە لەوەى کە کاردەکەن وەکوو دال بۆ هەڵگرتنی مەدلولی جۆراوجۆرو بۆ بەرهەمهێنانی جیهانبینی دەق.
لێرەدا دێینە سەرباسکردنی دووبارەبوونەوەى هەمان دەنگ لە سەرەتاى وشەدا کە ئەویش دەبێت بە دوو جۆرەوە یەکەمیان دووبارەبوونەوەى دەنگی نەبزوێنە کە پێی دەوترێت ئەلیترەیشن یان کۆنسۆنانس. دووەمیان بریتییە لە دووبارەبوونەوەى دەنگی بزوێن لە سەرەتاى وشەکانی هەمان دێڕدا کە پێی دەوترێت ئەسۆنانس. دووباربوونەوەى دەنگ بە شێوەیەکی بنەڕتی کاریگەرى دەنگیی هەیە کە هەندێجار خۆشی بەخشە یان بۆ مەبەستێکی تایبەتی بەرز دەبێتەوە، هەروەها کاردەکات بۆ زیاتر پێکەوەبەستنی وشەکان و بۆ بەهێزکردنی بنیادى دەق و بۆ بەرزکردنەوەى ئاستی زمان و بەرەو بە ڕەسمیکردنی کە ئەوەش وادەکات زمانەکە زۆر لە جوڵەدا بێت کە دەشێ ئەوەش شتێکی دڵگیر بێت یا بە پێچەوانەوە. هەموو ئەمانەش کاردەکەن بۆ جوانکردنی دەقەکه و بۆ بە زیندوویى هێشتنەوەى ئەو بیرۆکە یان ماناو دەلالەتەى کە لە پشتی ئەم دووبارەکردنانەوە وەستاوە.
دووبارەبوونەوەى دەنگیی لە کۆپلەى یەکەمدا باس دەکەین. دەنگی (ش) کە دەنگێکی نەبزوێنە، شەش جار دووبارە بووەتەوە لە وشەکانی (شێوە، شمشاڵ ، زەحمەتکێش ، حەسرەتکێش، ئاشیان) بێگومان چەندبارەبوونەوەى ئەم دەنگە لە ڕووى مۆسیقاوە بایەخێکی گرنگی دەبێت و هارمۆنیایەک دەبەخشێت بە بنیادى زمانی دەقەکە، هەروەک ئەم دەنگە لە وشەى دەروێش دا کە ناونیشانی دەقەکەیە هەیه و وادەبینرێت دەنگی (ش) لە ناونیشانەکەوە بەسەر پانتایی دەقەکەدا دابەش بووه و ئەمەش ئەو دەلالەتە هەڵدەگرێت کە بەشێکە لە بوونی ئەو کەسێتەى کە دەقەکە لێی دەدوێت و چووەتە ناو پێکهاتەى وشەکانەوه و خاڵی هاوبەشیش لەنێوان دەروێش و شمشاڵدا دیسان هەمان دەنگی (ش) کە پەیوەندیەکی عەشق ئاسا لەنێوان دەروێش و شمشاڵەکەیدا هەیە. هەروەک دووبارەبوونەوەى دەنگی نەبزوێنی (ش) لە سەرەتاى هەردوو وشەى (شێوە ، شمشاڵ) دا بریتییە لە کۆنسۆنانس یان ئەلیترەیشن.
هەروەها لە کۆپلەى یەکەمدا دەنگی (ب) نۆجار هاتوو کە ئەمەش چەند بارەکردنەوەى دەنگیە. لە دێڕى دووەم و چوارەمیشدا دەنگی (ب) لەسەرەتاى وشەدا دووبارە بووەتەوە واتە خاسێتی ئەلیترەیشن یان کۆنسۆنانسی هەیە واتە دووبارەبوونەوەى دەنگی نەبزوێن لە سەرەتاى وشەدا کە ئەویش لە دێڕى دووەمدا لە وشەکانی (بەستە ، ببیەم ، بێ) و لە دێڕى چوارەمدا لە وشەکانی (بەخت ، بلبل ، بێ) . ئەوەى جێگاى سەرنجە لەم دەقەدا دووبارەبوونەوەى وشە یان بێژە کە هەڵگرى ئەرکی جەختکردنەوه و دڵنیاییکردنەوە بێت بوونی نییە. بەڵام هاوسەنگییی وەکوو پایەیەکی ئیقاعی ناوەوەیی دەقەکە بەرچاو دەکەوێت، بۆ نموونە لە کۆپلەى یەکەمدا دوا وشەى دێڕى یەکەم و سێیەم جۆرێک لە هاوسەنگییی هەیە لەنێوانیاندا (دەروێش ، حەسرەتکێش) کە لە ڕاستیدا ئەمە جۆرێکە لە هاوتەریبی. ئەم دوو وشەیە لە ڕووى مۆسیقاوە هاوسەنگ یان تەریبن ئەگەرچی لە ڕووى ژمارەى بڕگەوە جیاوازن. هەروەها لە ڕووى دەلالیەوە هاوسەنگیییەکی تەواو لەنێوانیاندا هەیە. وشەى دەروێش وەکوو پێشتریش گوتمان بە ماناى شوێنکەوتوو، سادە، بێلانه و دڵسۆز دێت بۆ شێخ بەبێ ئەوەى چاوەڕوانی پاداشتی شێخەکەى بێت. حەسرەتکێش بە مانى کەسێکی ژیان سەخت و ماندو و دڵشکاو و ژیان پڕ لە کێشە دێت کە کەس بە فریاى ناکەوێت و تەنیا لە ڕێگاى ئاخ و حسرەت هەڵکێشانەوە دەتوانێت بارى گرانی ناخی سووک بکات. هەرچۆن دەروێش لە تەقسی دەروێشیدا دنیاى بیر دەچێتەوه و دەگاتە حاڵەتی بێ ئاگایی، حەسرەتکێشیش لە ئازاردا هەموو شتێکی لە بیردەچێتەوە. ئەم دوو کەسە دەروێش و حەسرەتکێش لە ڕووى دەروونییە.ە هاوتەریبن، ئەمەش لە ئاستێکی قوڵتردا دەبێتە هاوسەنگییی یان هاوتەریبی لە ڕووى بوون و گەوهەرو ماناوە. ئەمە بێجگە لەوەى کە حەسرەتکێش هاوواتایە بۆ دەروێش لە کاتێکدا کە کەسێتی دەروێش بە ماناى بێلانه و پاشکۆو شوێنکەوتووى ئەوى شێخ یان شوێنکەوتووى پارویەک نان دێت، خاسێتی حەسرەتکێشی هەیه و به و پێیە حەسرەت دەبێتە سیفەتی دەروێش و لێرەشەوە جۆرێک لە پەیوەندى هاوسەنگبوون یان هاوتەریبی لەنێوانیاندا هەیە.
هەروەها لە کۆپلەى دووەمدا هاوسەنگییی لەنێوان وشەکانی (سنعەتکار ، هۆشیار) دا هەیە کە دیسان هاوتەریبی نیشان دەدەن. ئەم دوو وشەیەش لە ڕووى مۆسیقاوە هاوسەنگ یان تەریبن. لە ڕووى دەلالیشەوە هاوسەنگییی و تەریبی لەنێونانیاندا هەیە. سنعەتکار کە بە ماناى پیشەییبوون یان خاوەن پیشە دێت خاسێتی کەسێکە کە شارەزاو بە ئاگا بێت لە بوارێکدا. هۆشیاریش خاسێتی کەسێکی بە ئاگایە. هەمیشە هۆشیارى دەبێتە بنەما بۆ سنعەتکارى، کەواتە لێرەشەوە پەیوەندیەکی هاوسەنگ لەنێوان ئەم دوو وشەیەدا هەیە کە پەیوەندى هاوسەنگییی نێوان بوویەکی ئاماده و ئەو پاشخانە دەوڵەمەندەیە کە پێویستە بۆ بوونی، واتە پەیوەندى نێوان سنعەتکارى و هۆشیارى کە پەیوەندییەکی ڕاستەوانەیه و هەتا هۆشیارى بەرز بێت ئاستی سنعەتکارى پێشکەوتوو دەبێت. واتە هەرچۆن لە ڕووى ماناوە ئەم دوو وشەیە تەریب و هاوسەنگن، هەروەها لە ڕووى بنیادى و مۆسیقاشەوە تەریب و هەسەنگن. کەواتە لێرەدا هاوسەنگییی و تەریببوونی -پارارێڵ- بنیادى و مانایی- دەلالی هەیە کە ئەوەش بەشداری دەکات لە پێکهێنانی ئیقاعی ناوەوەى دەقەکەدا. دووبارە بوونەوەى دەنگی و وشەیی و هاوسەنگییی یان تەریببوون لە هەر دەقێکی شیعریدا بۆ جەختکردنەوەیە لەسەر مۆسیقاو ئێسەتیک و دەلالات و ماناو پرسیارى دەق.[1]
ئەم بابەتە 227 جار بینراوە
هاشتاگ
سەرچاوەکان
[1] ماڵپەڕ | کوردیی ناوەڕاست | ماڵپەڕی وتاری کورد - 18-12-2022
بابەتە پەیوەستکراوەکان: 1
زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
ڕۆژی دەرچوون: 18-12-2022 (2 ساڵ)
پۆلێنی ناوەڕۆک: لێکۆڵینەوە
پۆلێنی ناوەڕۆک: ئەدەبی / ڕەخنەی ئەدەبی
جۆری دۆکومێنت: زمانی یەکەم
جۆری وەشان: دیجیتاڵ
زمان - شێوەزار: کرمانجیی ناوەڕاست
وڵات - هەرێم: باشووری کوردستان
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان
کوالیتیی بابەت: 94%
94%
ئەم بابەتە لەلایەن: ( زریان عەلی )ەوە لە: 21-01-2023 تۆمارکراوە
ئەم بابەتە لەلایەن: ( هومام تاهیر )ەوە لە: 21-01-2023 پێداچوونەوەی بۆکراوە و ئازادکراوە
ئەم بابەتە بۆ دواجار لەلایەن: ( هومام تاهیر )ەوە لە: 21-01-2023 باشترکراوە
ناونیشانی بابەت
ئەم بابەتە بەپێی ستانداردەکانی کوردیپێدیا هێشتا ناتەواوە و پێویستیی بە داڕشتنەوەی بابەتی و زمانەوانیی زۆرتر هەیە!
ئەم بابەتە 227 جار بینراوە
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
وێنە و پێناس
چوار گەنجی گوندی پێباز لە کەلار ساڵی 1987
وێنە و پێناس
چوار گەنجی شارۆچکەی شێخان ساڵی 1999
وێنە و پێناس
کۆمەڵێک لە گەنجانی هەولێر لە هاوینەهەواری شێرەسوار ساڵی 1995
کورتەباس
چەکخانە ژەهرینەکان
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
پەرتووکخانە
دێڕگەلێک لە نەقڵ و عەقڵ و هزردا
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
وێنە و پێناس
گەنجانی گوندی نەیبەسەرەی شارەدێی شوان ساڵی 1983
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
ژیاننامە
بەناز عەلی
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
کورتەباس
شای بازان
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
کورتەباس
یادە زیندووەکان
پەرتووکخانە
گریمانی ئەوەی بەڕاستی ڕویدا
ژیاننامە
عەبدولکەریم بەرزنجی
ژیاننامە
سەفیەدینی ئورمی
ژیاننامە
شەرمین وەلی
کورتەباس
گۆرانی میللی کوردی
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
پەرتووکخانە
ڕۆمۆلۆسی گەورە
وێنە و پێناس
سێ گەنجی کەلار لە بەغدا
کورتەباس
لەبەردەم ئاوێنەکەدا
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
ژیاننامە
هومایۆن عەبدوڵڵا
ژیاننامە
مێهرداد عەبدوڵڵازادە
پەرتووکخانە
یادەوەری خۆشەویستیەکی کۆپی کراو
ژیاننامە
مهناز کاوانی
پەرتووکخانە
شانۆگەری دونیا

ڕۆژەڤ
ژیاننامە
دانا جەلال
03-10-2010
هاوڕێ باخەوان
دانا جەلال
بڵاوکراوەکان (گۆڤار، ڕۆژنامە و ...)
یادنامە
16-12-2021
هاوڕێ باخەوان
یادنامە
ژیاننامە
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
05-01-2022
ئاراس ئیلنجاغی
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
ژیاننامە
سامان عوسمان دەروێش
14-04-2023
سەریاس ئەحمەد
سامان عوسمان دەروێش
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
17-04-2024
زریان عەلی
فەیروز ئازاد
 چالاکییەکانی ڕۆژی
بابەتی نوێ
پەرتووکخانە
دێڕگەلێک لە نەقڵ و عەقڵ و هزردا
27-04-2024
کشمیر کەریم
پەرتووکخانە
ڕۆمۆلۆسی گەورە
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
شانۆگەری دونیا
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
یادەوەری خۆشەویستیەکی کۆپی کراو
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
گریمانی ئەوەی بەڕاستی ڕویدا
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
هاوینەهەواری سۆلاڤ ساڵی 1992
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
هەڵپەڕکێی تیپی مۆسیقای سلێمانی ساڵی 1975
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
پیرمام - سەڵاحەدین ساڵی 1953
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە لە حەسەکە، ڕۆژاوای کوردستان ساڵی 1995
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئاهەنگێکی تایبەت لە باکووری کوردستان ساڵی 1992
26-04-2024
زریان عەلی
ئامار
بابەت 517,425
وێنە 105,692
پەرتووک PDF 19,156
فایلی پەیوەندیدار 96,438
ڤیدیۆ 1,307
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
وێنە و پێناس
چوار گەنجی گوندی پێباز لە کەلار ساڵی 1987
وێنە و پێناس
چوار گەنجی شارۆچکەی شێخان ساڵی 1999
وێنە و پێناس
کۆمەڵێک لە گەنجانی هەولێر لە هاوینەهەواری شێرەسوار ساڵی 1995
کورتەباس
چەکخانە ژەهرینەکان
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
پەرتووکخانە
دێڕگەلێک لە نەقڵ و عەقڵ و هزردا
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
وێنە و پێناس
گەنجانی گوندی نەیبەسەرەی شارەدێی شوان ساڵی 1983
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
ژیاننامە
بەناز عەلی
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
کورتەباس
شای بازان
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
کورتەباس
یادە زیندووەکان
پەرتووکخانە
گریمانی ئەوەی بەڕاستی ڕویدا
ژیاننامە
عەبدولکەریم بەرزنجی
ژیاننامە
سەفیەدینی ئورمی
ژیاننامە
شەرمین وەلی
کورتەباس
گۆرانی میللی کوردی
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
پەرتووکخانە
ڕۆمۆلۆسی گەورە
وێنە و پێناس
سێ گەنجی کەلار لە بەغدا
کورتەباس
لەبەردەم ئاوێنەکەدا
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
ژیاننامە
هومایۆن عەبدوڵڵا
ژیاننامە
مێهرداد عەبدوڵڵازادە
پەرتووکخانە
یادەوەری خۆشەویستیەکی کۆپی کراو
ژیاننامە
مهناز کاوانی
پەرتووکخانە
شانۆگەری دونیا

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.42
| پەیوەندی | CSS3 | HTML5

| کاتی ئافراندنی لاپەڕە: 0.594 چرکە!