پارێزگای #کرماشان# لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێک لە سەرچاوە ئاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و خاوەن چەندین ڕووباری گەورەو بەناوبانگە، هەروەها چەندین کوێستانی بەرز وەکو بێستوون و شاهۆی هەیە کە تا وەرزی هاوین بەفریان بەسەرەوەیە، بەڵام بەهۆی کێشەی بەڕێوبەریی و سیاسەتەکانی دەسەڵاتی ئێرانەوە چەندین گوند و ناوچەی ڕووبەڕووی بێ ئاوی بوونەتەوە.
#عەلیڕەزا کاکاوەند# بەڕێوبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای کرماشان، بە ڕاگەیاندنەکانی ئێرانی وتووە: لەم پارێزگایەدا نزیکەی 400 گوند کێشەی کەمیی ئاویان هەیە.
کاکاوەند ئاماژەی بەوەداوە: کە ئەم 400 گوندە زیاتر لە 20 هەزار دانیشتوویان هەیە و لە ئێستادا 80 بۆ 85 گوندیان بە تانکەر ئاویان دابین دەکرێت و بۆریی ئاویان بۆ ڕانەکێشراوە.
بەڕێوبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند: پێشبینیمان وایە کە لە وەرزی گەرمادا، 180 گوند پێویستییان بە گەیاندنی ئاو لە ڕێگەی تانکەرەوە هەیە.
کاکاوەند هەروەها وتوویەتی: ژمارەی ئەو گوندانەی لەژێر چاودێریی دامەزراوەی ئاو و ئاوەڕۆی کرماشاندان، هەزار و 800 گوندن کە 430 هەزار دانیشتوویان هەیە.
ئاماژەشی بەوەداوە کە کێشەی 25 گوند لەو 400 گوندەی لە ئێستادا ئاوی خواردنەوەیان نییە، دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی نێوان گوندەکان کە درواسێی یەکن.
جێگای ئاماژەیە، کرماشان خاوەن چەندین ڕووباری گەورە لەوانە؛ ئەڵوەن، ڕاوەن، سیروان، گاماسیاو، ئەرمەنی، قەرەسوو، چەم بەشیر، ئاوشووران، ڕازاوەر، مێرگ، دینەوەر، مایانڕوو، زمکان، لێڵە و...، هەروەها سەرچاوەی ئاوی ڕووباری سەیمەرە پارێزگای کرماشانە.[1]