ڕۆژی پێنجشەممە 15ی ئابی 2019 سی و پێنج ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر هەڵگیرساندنی خەباتی چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان (#پەکەکە#) دژی سوپای تورکیا، بەرپرسێکی ئه و حزبەش دەڵێت: 50 هەزار کەسمان دژی دەوڵەتی تورکیا شەهید بوون.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە 15ی ئابی 1984 کە لە ئەدەبیاتی خۆیان بە 15ی تەباخ ناوزەدی دەکەن، له و ڕۆژەوە کە ئەمڕۆ سی و پێنج ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئه و یادەدا، خەباتی چەکداریان دژی دەوڵەتی تورکیا ڕاگەیاند و یەکەم فیشەکی ئه و خەباتە چەکدارییەش لەلایەن مەعسوم کورکماز سەکردەی سەربازی ئه و حیزبەوە تەقێندرا.
یەکەم شەڕی چەکداری نێوان پەکەکه و سوپای تورکیا لە ناوچەیەکی سەر بە سێرت و دواتریش #جوڵەمێرگ#ی ناوچەی #شەمزینان#ی باکوری کوردستان ئەنجامدرا.
ئه و سەرکردەیەی پەکەکە کە یەکەم فیشەکی دژی سوپای تورکیا تەقاند، دوو ساڵ دوای دەستپێکردنی خەباتی چەکداری لە ساڵی 1986 لە چیای گارە شەهیدبوو.
عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا ئاماژەی بەوەداوە کە دەبوو ساڵێک زووتر خەباتی چەکداریمان دژی دەوڵەتی تورکیا دەستپێکردبایە، بەڵام بەداخەوە زەمینەی خەباتەکە نەڕەخسێنرابوو.
هاوکات دوران کاڵکان سەرکردەی بەرەگەز تورکی پەکەکە لەساڵیادی خەباتی چەکداری حزبەکەیدا بە میدیاکانی خۆیانی ڕاگەیاندووە کە: دەستپێکردنی خەباتی چەکداری بەرگریکردن بوو لە مانەوەی کورد لە باکوری کوردستان، ئەگەر پەکەکە خەبات و تێکۆشانی دەستپێنەکردبا، شتێک نەدەما بەناوی کورد لە باکوری کوردستان.
لەلایەن خۆیەوە دیار دەنیز بەرپرسی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (#هەپەگە#) باڵی سەربازی پەکەکە بەدواڕۆژی وت: پەکەکە نزیکەی 50 هەزار کەسی کردووەتە قوربانی لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کوردو بەرگریکردن لە هێزی بوون و مانەوەی ئیرادەی گەلی کورد.
ئاماژەی بەوەشدا کە: ئێستاش گەریلاکانمان بە ڕوحیەتی دەستپێکی خەباتی چەکداری لە گۆڕەپانەکەدا ماون و سنگیان کردووەتە قەڵغان دژی سوپای داگیرکەری تورکیا.
لەساتی دەستپێکردنی خەباتی چەکدارییەوە کە سی و پێنج ساڵ تێدەپەڕێت، تا ئێستا پەکەکە نۆ جار ئاگربەستی تاکلایەنانەی ڕاگەیاندووە.[1]