- نزیکەی 185 پەنابەری کوردی خۆرهەڵات کە ماوەیەک بوو لە سنووری ئێڕاق و ئوردون بوون و ساڵانێکیش بوو لە کەمپی ئاڵتاشی شاری ڕوومادی بوون لەلایەن سویدەوە مافی پەنابەرییان پێدرا و برانە سوید.
- سەردانی سەرۆکی کۆریا ڕوا مۆ هیۆن بۆ هەولێر و تێیدا هێزەکانی وڵاتەکەیی بەسەر کردەوە و سەردانی نەخۆشخانەی زەیتونی کرد و پاشان گەڕایەوە بۆ سیئۆل، شایانی باسە نێوبراو هیچ بەرپرسێکی کوردی نەبینی. ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆکێکی بێگانەیە بۆ باشووری کوردستان.
- عەرەبە تیرۆریستەکان لە موسڵ تەقەیان لە بارەگای ینک کرد و لە ئەنجامدا ئەندامێکی ینک بەسەختی برینداربوو.
- بەپێی ئامارێک کە ڕۆژنامەی هاوڵاتی بڵاویکردەوە، ژمارەی دەنگدەرانی عەرەب لە کەرکووکدا 440 هەزارە و ژمارەی دەنگدەرانی کورد 370 هەزار کەسە و تورکمانەکانیش 104 هەزار دەنگدەریان هەیە و ئاشوریش 10 هەزار.
- پارت و ڕێکخراوەکانی کورد لە سنووری پارێزگای دیالە لەسەر پێکهێنانی لیستێکی هاوبەش بۆ هەڵبژاردن ڕێکنەکەوتن.
- د.ا کوردێکی لە ناوچەی مەهاباد بەناوی کەمال پەرویزنیاوە تیرۆرکرد. نێوبراو یەکێک لە کاسبکارەکانی ناوچەکە و لەلایەن پاسدارانەوە تەقەی لێکرا و پاشان لە نەخۆشخانەی بۆکان کۆچی دوایی کرد.
- هێزێکی پکک لەسەر سنووری سەردەشت پەلاماری هێزەکانی ئێرانیاندا و لە ئەنجامدا 3 سەرباز بریندار بوون.