قەزای دوکان یەکێکە لە قەزای پارێزگای سلێمانی لە باشوری کوردستان، لە شەش ناحیە پێکدێت (دوکان، خدران، خەلەکان، بنگرد، سورداش، پیرەمەگرون) کە ناحیەی دووکان ناوەندی قەزاکەیە.
شارۆچکەی دوکان سەرەتا گوندێک بووە سەربە ناحیەی سورداش لەسەر زێی بچووک، گرنگی و ناوبانگی دوکان دەگەڕێتەوەی بۆ ساڵی 1956 کاتێک بڕیار درا بە دروستکردنی بەنداوی دووکان. ئێستا شارۆچکەیەکی گەورەیەو ناوەندی قەزای دوکانەو گرنگی تایبەتی هەیە لە ڕوی گەشت و گوزارەوە بەهۆی دەریاچە یاخود بەنداوی دوکان و هەڵکەوتە جوگرافی و کەش و هەوایەکەوە.
ناوی دوکان:
چەند بۆچونێک هەیە لەسەر ناوی دوکان کە لە چییەوە هاتووە. لەوانە دەگوترێت ناوی دوکان لە (دوو+ کان)ەوە هاتبێت کە مەبەست لێی کانی بەرد بووە. ڕایەکی دیکە هەیە دەڵێن لە (دوو + کانی)ەوە هاتبێت، کە مەبەست لێی کانی ئاوە.
هەڵکەوتەی جوگرافی:
قەزای دوکان دەکەوێتە بەشی باکوری پارێزگای سلێمانی، لە باشوری کوردستان. قەزای دوکان لە باکوری ڕۆژهەڵات هاوسنورە لەگەڵ قەزای پشتدەر، لە باکوری هاوسنورە لەگەڵ قەزای ڕانییە. لە ڕۆژهەڵات هاوسنورە لەگەڵ قەزای ماوەت و قەزای شارباژێڕ، لە باشور لەگەڵ ناحیەی سلێمانی و لە باشوری ڕۆژئاوا لەگەل چەمچەماڵ، لە ڕۆژئاوا لەگەڵ قەزای کۆیە.
کەش و هەوا:
کەش و هەوای قەزای دووکان زستانی سارد و بەفراوییە، هاوینی مامناوەندە.
ڕووبەر:
ڕووبەری قەزای دووکان 10کم چوارگۆشەیە، بەرزی لە ئاستی ڕووی دەریا زیاتر لە 780 مەترە.
ژمارەی دانیشتوان:
ژمارەی دانیشتوانی قەزای دوکان بەپێی نەخشەی ژمارەی دانیشتوانی پێشبینیکراوی دەستەی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کودستان بۆ سالی 2018 لە 50,705 کەس پێک دێت.
دوکان_نیوز
ئا/ ئەنەس محەمەد ئیبراهیم[1]