دکتۆر محەمەد موکری 1921 #کرماشان#-2007 پاریس
دکتۆر محەمەد کەیوان پوور موکری، نووسەرێکی دیارە بەتایبەتیش لەلای ئەو کەسانەی کە لێکۆڵینەوە لەسەر کوردناسی و ئێرانناسی دەکەن، کە ناوبراو خاوەنی دەیان پەرتووک و هەزاران وتاری جۆراوجۆرە بە زمانەکانی فرەنسی و فارسی و کوردی و ئینگلیزی. محەمەد موکری نەک تەنیا نووسەرە، بەڵکوو شاعیر و زمانزان و لێکۆڵەرەوە و مێژووناسێکی زانایە. ئەگەر سەردانی پەرتووکخانەی گشتی زانکۆی کاتۆلیکی لەوڤەن و وەشانخانەی پێتەرس لە شاری لەوڤەنی بەلجیکا و پەرتووکخانەی نیشتمانی فەڕەنسا لە پاریس بکەی چەندین پەرتووکی دکتۆر محەمەد موکری سەبارەت بە کورد بە زمانە ئەورپییەکان دەبینرێن.
موکری ساڵی 1921 لە شاری کرماشان (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) لە دایکبووە. ساڵی 1943 بووەتە مامۆستای دواناوەندی لە تارانی پایتەختی ئێران. ساڵی 1944-1945 بووەتە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ناوچەی #مەهاباد#) . ساڵی 1945-1946 گۆڤاری (ماد) ی لە تاران دەرهێناوە. ساڵی 1947-1950 دامەزرێنەر و یەکەم بەڕێوەبەری پەروەردەی هۆز و کۆچەرەکانی ئێران بووە و لەو ماوەیەدا چەندین پەرتووکی تایبەتیی سەبارەت بە دیرۆک و جوگرافیا و ژیانی هۆزەکانی کورد نووسیوە. ساڵی 1952 بووەتە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە لە #وەزارەتی پەروەردە#ی ئێران. هەروەها ماوەیەکیش وانەبێژ بووە لە پەیمانگای هونەر و لە پەیمانگای سەربازی لە تاران. هەر لە ساڵی 1952 گۆڤاری (بەغستان) ی دەرهێناوە. دوابەدوای ڕووداوەکانی ساڵی 1953ی ئێران ڕووی کردووەتە فەڕەنسا و تا ساڵی 1979 لە فەڕەنسا ژیاوە. لەنێوان ساڵی 1979-1983 بووەتە بالوێزی ئێران لە مۆسکۆ و پاشان بووەتە بالوێزی ئێران لە مەنگۆلیا. لەنێوان ساڵی 1984-1987 بووەتە ڕاوێژکاری باڵای نێوەدەوڵەتی لە وەزارەتی نەوتی ئێران. لە ساڵی 1989وە جارێکتیر چووەتەوە فەڕەنسا و بڕیاری یەکجاری ژیانی لەوێداوە. دکتۆر محەمەد موکری لە پای نووسین و لێکۆڵینەوەکانی ساڵی 1965 لە فەڕەنسا خەڵاتی ڕێزلێنانی لەلایەن پەیمانگای (Inscription et Belles-Lettres) پێ بەخشراوە. لە سەرەتای ساڵەکانی 1990 پلەی پڕۆفیسۆری پێ بەخشراوە و کراوە بە سەرۆکی لێکۆڵینەوە لە ناوەندی CNRS لە پاریس. لە هاوینی ساڵی 2007 لە پاریس کۆچی دوایی کردووە.
ناوی چەند پەرتووکێک لە پەرتووکەکانی موکری:
-عشایر کرد، ایل سنجابی، تاریخچە، جغرافیا، تیرە، 1330، کتابخانە دانش، تهران، چاپ سیم 1993، پاریس.
-گورانی یا ترانەهای کردی، کتابخانە دانش، 1951، تهران.
-داستان بیژن و منیجە بزبان گۆرانی (هەورامی) ، 1966، پاریس.
-بهلول دانا و یاران حقیقت، 1974، پاریس.
-دورە دیوانە گورە یا دیوان عالی حقیقت بر فراز کوە شاهو (از کلامهای مقدس اهل حق بزبان گورانی) ، 1977، پاریس.
-فرهنگ نام های پرندگان در لهجەهای غرب ایران (لهجەهای کردی) ، 1979، تهران.
-دیوان استاد دکتر محەمەد مکری، 1992، پاریس.
-فهرست مقالات و تالیفات استاد محەمەد مکری، بکوشش امیر سیف الدین مکری و هیات نویسندگان انتشارات زیگفرید، 1993 پاریس.
هەروەها محەمەد موکری بە دەیان پەرتووکی بە زمانەکانی ئەوروپایی لە وڵاتەکانی فەڕەنساو بەلجیکا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.[1]