نوێترین لێکۆڵینەوە ڕووەکناسیی کە لە زانکۆی پنسیلوانیا لە ئامریکا کراوە، پیشان دەدا کە ڕووەکەکان 700 میلیۆن ساڵ پێش لە وشکاییدا دەستیان بە ژیان کردووە. ئەم ڕێکەوتەش زۆر لەو مێژووەی کۆنترە کە تاکوو ئێستا فوسیلەکان پیشانیان دەدا. ئاکامی ئەم تاقیکاریانە، ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە کۆڤاری "ساینس" بڵاو بووەتەوە. ئەم گروپە لێکۆڵێنەرە زۆرتری ئەندامەکانی لە قوتابیانی زانکۆی پنسیلوانیا پێکهاتووە و دوکتۆر "بلر هجز" ڕێبەریانە. ئەم دوکتۆرە لە بەکارهێنانی نوێترین شێوەی ژنتیکی، گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە ڕووەکەکان بۆ یەکەم جار نزیکەی 700 میلیۆن ساڵ لەمەوبەر لە ئاوی زەلیاکان هاتوونەتە دەرێ و لە وشکایدا دەستیان بە بڵاو کردنەوە کردووە. ئەم لێکۆڵینەوە زاناکانی خستووەتە سەروڕهێنانە، چوونکو فوسیلی کۆنترینی ئەو ڕووەک و قارچکەکانەی کە لە وشکیدا دەژین دەگەڕێنەوە بۆ 480 میلیۆن ساڵ لەمەوپێش. هێندێکیش پێیان وایە سەرەتای ژیانی ڕووەکەکان دەگەڕێتەوە بۆ مێژوویەکی زۆر کۆنتر، بەڵام لەبەر ئەوەی کە ئەندامی ڕووەکەکان نەرمە، ئاسەوارێکیان لە دواوە بەجێ نەماوە کە ئەم مێژووە بسەلمێنێ. دوکتۆر "برنت میشلر" کە ڕووەکناسە لە بەشی پێشکەوتنی ڕووەکەکان لە زانکۆی کالیفۆرنیادا، لەو باوەڕەدایە کە لەبەر ئەوەی ئەم مێژووە زۆر لەگەڵ مێژووی ئەو فوسیلانەدا کە بە دەستەوەن جیاوازیی زۆریان هەیە، بە شتێکی ڕاست نازانێ و دەڵێ: "ئەم باسە مرۆڤ دەخاتە دوودڵیەوە". "بلر هجز" ڕێبەری گروپی لێکۆڵێنەرەکان، لەو باوەڕەدایە کە دەبێ ئەم لێکۆڵینەوە دەبێ لە جێگای خۆیدا ڕاست بکرێتەوە. بەڵام لە سەر ئاکامی ئەم لێکۆڵینەوە دەڵێ: "ئەم مێژووەی کە بە دەست هاتووە، بەتەواوی جێگای باوەڕن." ئەم لێکۆڵینەوە بۆیە زۆر جێگای سرنجە، کە دواترین تاقیکاریی مولوکولی یە کە مێژووی زینەوەرە جۆراوجۆرەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ مێژوویەکی زۆر کۆنتر لەوەی کە فوسیلەکانیان شایەتیان بۆ دەدەن. هێندێک لە زانایان لەو باوەڕەدان، ڕەنگە ئەم زانیاریە مولوکولیانەی کە وەدەست هاتوون ڕاست بن و ئەوە فوسیل ناسەکانن، دەبێ زیاتر تێکۆشن بۆ ئەوەی فوسیلگەلێک بدۆزنەوە کە لەگەڵ ئەو مێژووانە بگونجێن. هێندێکیش لەو باوەڕەدان کە ڕەنگە زانیاریە مولوکولیەکان بە هەڵە مێژوو زینەوەرەکان زیاتر لەوەی کە هەن پیشانیان بدەن. لێکۆڵینەوەی مولوکولی بۆ وەدەست هێنانی مێژووی زینەوەری جۆراوجۆر بە ناوی "کاتژمێری مولوکولی" ناسراوە. لەم شێوە لێکۆڵینەوەدا زانایان پشت دەبەستن بەو فوسیلانەی کە بەدەستەوەن بۆ ئەوەی کاتی گۆڕانکاری لە سەر لەشی زینەوەرێکی پێشکەوتووی وەک مرۆڤ لە جۆرێکیتر لە شامپانزە دیاری بکا. بەو ژەمارە گۆڕانکارانەی کە لە ماوەیەکی دیاری کراودا ڕوویداوە، کاتژمێری مولوکولی میزان دەکرێ، کە وا بوو لێکۆڵێنەرەکان دەتوانن تەنیا جیاوازی ژمارەی ژنیتیکیی دوو جۆر بۆ پەیدا کردنی مێژووی دەستپێکردنی یەکێکیان لەویتریاندا بدۆزنەوە. هەر ئەم شێوەیەش بە کار هێنراوە بۆ دۆزینەوەی مێژووی ژیانی ڕووەکەکانی وشکانی لە قارچکەکان. ئەم شێوە لێکۆڵینەوەش هێشتا جێگای خۆی نگرتووە، بۆیە هێندێک کەس ڕاست و دروستی کار کردی کاتژمێری مولوکولیی بە هەڵە دەزانن. نووسەرانی ئەم بابەتە زانستییە ئیشارە بەوە دەکەن کە گرنگترین ڕووداوی گۆڕانکاری سروشت، ناسراو بە "تەقینەوەی کامپریان" بە هۆی دەسپێکردنی ژیانی ئەم ڕووەکە سەرەتاییانەوە ڕووی داروە. "تەقینەوەی کامپریان" نزیکەی 530 ساڵ لەمەوبەر بە هۆی بڵاو بوونەوەی زینەوەرە جۆراوجۆرەکان ڕووی دا. هێندێک لە زانایانی ئەم بوارە پێشتر ئیشارەیان بەوە کردبوو کە هۆی گۆڕانکاریی چاوەنوڕای نەکراو، شێوازی جۆراوجۆری زینەوەران لە "تەقینەوەی کامپریان" ئەوە بووە کە ئەو کاتە ئوکسیژن لە ڕادە بەدەر لە هەوادا هەبووە. نووسەرانی وتارەکە دەڵێن سەرهەڵدانی ژیانی ڕووەکەکان دەگەڕێنەوە بۆ پێش ئەم دەورەیەش و پێیان وایە کە هۆکاری هەڵچوونی لە ڕادەبەدەری ئوکسیژنی ئەو کاتەش لە هەوادا، هەر ڕووەکەکانەوە بوون. لە ئاکامیشدا بوونە هۆی پەرەگرتنی ژیان. دوکتۆر "جان تەیلر" قارچکناس لە زانکۆی کالیفۆرنیا دا کە پێشتر لێکۆڵینەوەیەکی چووکەی ژنتیکی لە سەر پەیدا بوونی ڕووەکەکان کردبوو و ژیانی ڕووەکەکانی لە ویشکانیدا بە 600 میلیۆن ساڵ پێش مزەنە دەکرد، داوای لە پسپۆڕان کردووە کە بە سرنجەوە لەم لێکۆڵینەوەی دوایە بکۆڵێنەوە، بەڵام زۆر بە پارێز و ئاگادارییەوە ئەم کارە بکەن. هەر لەم بوارەشدا وتی: دیارە ئەم مێژووە کە دیاری کراوە شتێکی مزەنەکراوە. ئەم لێکۆڵینەوەش دوا لێکۆڵینەوە نییە و هەروەها دواین وتەی منیش نیە. شایەنی باسە کە ئەم لێکۆڵینەوە نوێیە زانایانی حەبەساند، چوونکە مێژووی کۆنترین پاشماوەی فوسیلیی کە لە ڕووەکەکان و قارچکەکان لە وشکاییدا تاکوو ئێستا دۆزراوەتەوە گەیشتووەتە 480 میلیۆن ساڵ لەمەوپێش. لە کاتێکدا ئەو لێکۆڵینەوە نوێیە مێژووی ڕووەکەیان دەباتەوە بۆ حەوت میلیۆن ساڵ لەمەوبەر. ماڵپەڕی ڕادیۆ بی بی سی لە سەر تۆڕی جیهانی ئینتەرنەت. گرینۆیچ 15:27 - 51/08/100