پێشتر کورتە فیلمی "مەرگان" لە نووسین و دەرهێنانی سینەماکاری ئیلامی جەعفەر نوورمحەمەدی، خەڵاتی گرینگی بەشی مێرمنداڵی بەرنامە تەلەفیزیۆنییەکان لە بەشی تەلەفیزیۆنی یەکێتی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنەکانی ئاسیا ئیقیانووسیە "ئەی بی یوو" 2009ی بەدەستهێناوە.
کورتە فیلمی "مەرگان" واتە "راوچی" دەیەمین کورتە فیلمی هونەرمەندی سینەماکار جەعفەر نوورمحەمەدی، ساڵی 2008 لە بەشی کێبڕکێی کورتە فیلمەکانی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ئابرام" AUBRAM لە وڵاتی ئوستوراڵیا نمایش کرا.
ساڵی پار ئەو کورتە فیلمە لە بەشی کێبڕکێی کورتە فیلمەکانی پازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ئێکۆ" لە وڵاتی مەقدوونیە لە کیشوەری ئەوروپا و لە بەشی کێبڕکێی کورتە فیلمەکانی بەشی نێونەتەوەیی و هەروەها بەشی کێبڕکێی
سینەمای ئێران، لە میانەی 22مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران لە سینەماکانی شاری هەمەدان، نمایش کرا.
"مەرگان" واتە ڕاوچی ناوێکی کوردی کرمانجی باکووری خوراسانە. کورتە فیلمی "مەرگان" ماوەکەی 25 خولەکە و لە گوندی کوردنشینی "حەسار" لە پارێزگای خوراسانی باکوور لە لایەن سینەماکار لیا حەیدەریان وێنەی گیراوە. ئەم گوندە زۆربەی دانیشتووانی کوردن و لە باکووری خوراسان هەڵکەوتووە.
پوختەی سیناریۆی کورتە فیلمی "مەرگان": ئەم فیلمە چیرۆکی منداڵێکی تەمەن 13 ساڵی خەڵکی گوندێکی خوراسانی باکوور دەگێڕێتەوە کە بە جوانی لاسایی دەنگی پەلەوەرەکان بە تایبەت دەنگی کەو دەکاتەوە. ڕاوچییەکانی ئەو گوندە لە بەهەرەی ئەو کوڕە وەکوو ئامرازێک بۆ ڕاوکردنی باڵندە و کەوەکان کەڵک وەردەگرن. خانمە مامۆستای قوتابخانەی ئەو گوندە کاتێک کە ئەوە دەبیستێت، هەوڵ دەدات مەرگان لەو کارە بگێڕێتەوە و کارێک دەکات کە ئەو کوڕە لەو تایبەتمەندییە کە هەیەتی بۆ پەیوەندی گرتنی خۆشەویستانەی جوان لەگەڵ پەلەوەرەکە کەڵکی لێ وەرگرێت، نە وەک بۆ ڕاوکردنیان. لە ڕاستیدا ئەو منداڵە دەبێتە پردێکی پەیوەندی لە نێوان منداڵەکانی قوتابخانە و پەلەوەرەکان.