ئاناناس ناوی خۆی لە کوێوە هێناوە؟ کاتێک چاو لە ئاناناسێک دەکەین وادەزانین کە سەیری میوەیەک دەکەین، بەڵام لە ڕاستیدا ئاناناس میوە نیە بەڵکوو گروپێک لە میوەی چکۆلەی پێکەوە نووساون، کە هەرکامیان وێنەی سێوێکی چووکەیان هەیە. تۆودانی ناوەندیەکەی لاسکێکە کە هەر یەکە لەم میوە چووکانە لە سەریی پێکهاتوون، بەڵام لە بەر ئەوەی میوەی ئاناناس لە بەری دار کاج دەچێ، بۆیە پێی دەڵێن "پاین ئەپل" Pineapple. ئسپانیایەکان کە لە دۆزێنەر (کاشف)ە هەوەڵەکانی قاڕەی ئامریکان بوون، کاتێک گەیشتنە باشووری ئامریکا، ئەم میوە بەتامەیان دۆزیەوە و لە گەڕانەوەدا لەگەڵ خۆیان بردیان بۆ ئوروپا و پاش ساڵانێکی دوور و درێژ ئوروپایە دەوڵەمەندەکان کە خواردینان زۆر پێ خۆشە و لەزەتی لێ دەبەن، ئەم میوە شیرینەیان لە گوڵخانەکانی خۆیاندا پەروەردە کرد. هەر بۆیە ئەم میوە زلە وەک میوەیەکی دەوڵەمەنانە دەژمێردرا. دوایش کە کەرەستەی گواستنەوەی شتوومەک پێش کەوت، ئەو هەلە ڕەخسا کە میوەی ئاناناس لە وڵاتە گەرمەسێرەکانەوە بە کەشتی بگاتە بازاڕەکانی باکووریش. هەربۆیە ئێستا ئیتر وەک پێشوو ئاناناس لە گوڵخانەکاندا پەروەردە ناکرێ و بە فراوانیش دەست دەکەوێ. ئێستا ئیتر مەزرای گەورەی بارهێنانی ئاناناس لە هێندێک شوێنیدا پێک هاتووە، "هیندی ڕۆژئاوا" West Indies فلوریدا، باکووری ئافریقا، هاوایی و ئوسترالیا وێنەی ئەو جۆرە شوێنانەن. ڕووەکی ئاناناس، تا سێ فووت بەرز دەبێ و لە هەموو وەرزێکدا میوە دەدا. دوای ئەوەی کە ئەم ڕووەکە پێگەیی، بۆ بەرهەمی داهاتوو، چەکەرەی تازەی لێ پەیدا دەبێ. لەوانەشە دارێکی ئاناناس چەندها ساڵ دەوام بێنێ و بەر بدا. گەڵاکەشی لە پارچە سازیدا بەکار دێ. بۆ پەروەردە کردنی ئاناناس، بە کەمی لە تۆوەکەی کەڵک وەردەگرن، بەڵکوو، بۆ زیاد کردنیی زۆرتر لە قەڵەمە کردنی کەڵک وەردەگرن، بەڵام ئەبێ ئەو عەرزەی کە دارەکەی تێدا دەڕوێنن پێشتر ئاوی لێ بڕابێ و وشک کرابێتەوە. ئەو زەویانەی زیخەڵانن بۆ ئەم مەبەستانە زۆر بەکەڵکن و تاکوو چەند ئینج دەبێ قووڵ بکرێن. هێندێک جاریش دەوری ئەم ڕووەکە بە پەرژینی بەرز دەتەنن تاکوو لە سەرما و گەرمای لە ڕادەبەدەر بیپارێزن. لە فرهنگ بمن بگو چرا. بەرگی سێهەم. ل. 483 و 484.