جووز، دارێکی گەرمەسێرە و لە دار خورما دەچێ و لە تیرەی "دارخورماکان" Palmacéesنە، کە بەرزیی دەگاتە 40 میتر و گەڵاکانیشی بە درێژایی 4 تاکوو 5 میتر دەبن، میوەکەشی 30 سم درێژ و قورساییەکەی تاکو چووار کیلوش دەبێ و بە شێوەی هێشوو بە دارەکەیەوە شۆڕ دەبێتەوە و تەواوی ساڵ میوەی هەیە. هەر هێشوویەک لە حەوت تاکوو پازدە نارگیلی پێوەیە. میوەی نارگیل تۆکڵێکی قلەتینی هەیە کە ئەستووریەکەی 1 تاکوو 2 سم دەبێ و ڕەنگی قاوەییە و لە دیوی نێوەوە ئاوێکی بێ ڕەنگی تێدایە کە زۆر بەهێزە و پێی ئەڵێن شیری نارگیل. ویشک کراوی نارگیل لەگەڵ شەکر دەیکوتن و دیخۆنەوە، زۆر چەورە و ڕۆنیشی لێ دەگرن کە لە سابوون سازیی و ساز کردنی مۆم(شەمع) دا بەکاری دێنن. نارگیل جۆری زۆرە و ئەمەش جۆرێکی دیکەیەتی Cocos sechllarum کە باڵای ناگاتە ئەوەی پێشتر، بەڵام بەرێکی هێلکەیی گەورە دەگرێ کە قورسایەکەی دەگاتە 12 کیلوگرەم. بەرەکەشی دوو بەشە کە لە دوو دەنگە باقلە دەچن کە لە لای نێوکیانەوە پێکەوە نووسابن. ئەو کەشکۆڵە ساف و لووسانەی کە بە دەست دەروێش و سواڵکەرەکانی لای خۆمانەوە بوو، لە نیوەیەکی دەنکە نارگیلێک ساز کرابوو. بە فەرانسەیی بەوەی پێشتر دەڵێن Cocotier و بەمەی دوایەش دەڵێن Lodoicée. بە ئینگلیزی بە دارەکەی دەڵێن Coco nut palm. بۆ نووسینی ئەم بابەتە لە ف.م. کەڵکم وەرگرتووە.
ڕۆژی 8ی 2ی ساڵی 2001دا لە ڕۆژنامەی Aftonblader دا هەواڵێک لە سەر نارگیل بڵاو کرابووەوە کە منیش پێم باش بوو لە سوئێدیەوە وەریگێڕمە سەر کوردی ئەویش ئاوا بوو: ڕەنگە پێکەنینتان بێ بەڵام ئەمە ڕووداوێکی ڕاستە دوای ئەو ڵێکۆڵینەوەی کە دوکتۆر Hermann Oberli لە نەخۆشخانەی Honiara لە دووڕگەی Salmon دا کردوویەتی، بۆی دەرکەوتووە کە زۆربەی تەسادفەکانی ئەو دووڕگەیە بە هۆی کەوتنەخوارەوەی میوەی نارگیل یان کەوتنی دار نارگیل پێکهاتووە. ئەگەر وای لێکدەینەوە کە میوەیەکی چوار کیلویی، لە بەرزاییەکی 25 میترییەوە و بە خێراییەکیی 80 کیلومیتر لە کاتژێردا بەردەبێتەوە و بکەوێتە عەرز، جا ئەگەر مرۆڤێکی بەخت هەڵگەڕاو لەو کاتەدا سەری وەبەر ئەم نارگیلە بکەوێ، وەکوو ئەوەیە کە قورساییەکی یەک تۆنیی وەسەری کەوتبێ.