نارگیل، بەری دارێکە هەر بەم ناوە و میلیوونان خەڵک لە جیهاندا دەیناسن و کەڵکی لێ وەردەگرن. شتێکی سرنج ڕاکێش لە سەر ئەم دارە هەیە و ئەویش ئەوەیە کە کەس نازانێ مێژووی پەیدا بوونەکەی لە کەیی و لە کوێوە دەست پێدەکا.! نارگیل لە دەسپێکی ژیانەوە لە وڵاتانی نێوەڕاستی گۆی زەویدا ڕواوە. زانایان لەو باوەڕەدان کە لە قەدیمدا میوەی ئەم دارە بە هۆی ئاوی زەریاکانەوە گەیشتووەتە شوێنەکانی تر و بەهۆی مرۆڤیشەوە لە ناوچە گەرمەسێرەکانیەوە گەیشتووەتە شوێنەکانیتر. هەر بۆیە مێژووی ڕاستەقینەی پێکهاتن و بڵاو بوونەوەی نارگیل تاکوو ئێستا ڕوون نەبووەتەوە.
ئەو نیشانە چووکانەی کە لە سەر نارگیل دەبینرێن، هەر ئەمانەن کە میوەی نارگیلەکەیان بە دارەکەوە بەند کردووە. نارگیل شێوەیەکی قووچ (مخروطی)ی هەیە، یانێ لە بنەوە پانۆکە و لە سەرەوە باریکەلەیە. گەورەیی نێونجی نارگیل لە 12 تاکوو 18 ئینج درێژ و 6 تاکوو 8 ئینج قەڵەوە. ئەگەر بیانەوەێ بە نیازی کڕین و فرۆشتن لە نارگیل کەڵک وەرگرن، دابەشی دەکەن بە سێ بەشەوە، لێی دەگەڕێن تاکوو ویشک دەبێتەوە پاشان گۆشتە سپییەکەی دەردێنن و جارێکیتر و زیاتر وشکی دەکەنەوە و لەم شێوەدا کە بۆنێکی زۆر ناخۆش و پیسی هەیە پێی دەڵێن "کۆپرا" Kopra. بەڵام هەر لەم میوەیە ڕۆنی نارگیل دروست دەکەن کە ڕۆنێکی زۆر گرانە و هەزاران ساڵە مرۆڤ ئەم ڕۆنە بەکار دێنێ. ئێستاش لە نارگیل بۆ مەبەستی جۆراوجۆری وەک سابوون سازیی، وەک ڕۆنەکەرێ، شتوومەکی ئارایش و زۆر شتی دیکە کەڵک وەردەگیرێ.
بێجگە لەمانە، ڕەنگە هەموومان دیبێتمان کە گۆشتی نارگیل زۆرجار لە چێشتخانە و شیرینسازیەکاندا بەکاردێ. ئایا دەزانن کە هەموو بەشەکانی ئەم دارە، هەر بەشە بە شێوەیەک لە لایەن خەڵکی ناوچەکانی نێوەڕاستی گۆی زەویەوە بەکار دێ؟ لاسک و گەڵاکانی بۆ سێبەر و دارەڕای ماڵ بەکار دێنن. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی هیند و دەریای باشوور لە گەڵای نارگیل شیلەیەک دەگرن کە پێی دەڵێن "تادی" کە هەر بەو شێوە سرووشتیەیی خۆی بەکاری دێنن یان وەک هەویر جۆرێک لیکۆری لێ دروست دەکەن. گوڵی نارگیل وەک سەوزە بەکار دێ و لە شیلەکەی خواردنەوەیەکی شادیهێنەر (مفرحی) دروست دەکەن. لەو ڕیشۆڵانەی بە دەوری نارگیلەکەوەن دەزوویەکی زۆر خۆڕاگر دروست دەکەن و لە تۆکڵەکەشی کودێکی زۆر بە قیمەت دروست دەکەن. چێوی دارەکەش بۆ دروست کردنی مۆبل و کورسی بەکار دێ. کەوابوو دەبینین، داری نارگیل یەکێکە لەو دارانەیە کە زۆر بەکەڵکە.
فرهنگ بمن بگو چرا، بەرگی شەشەم، ل. 218 و 219.
ڕۆژی 8ی 2ی ساڵی 2001 لە ڕۆژنامەی ئافتۆنبلادتدا هەواڵێک لە سەر نارگیل بڵاو کرابووەوە کە منیش پێم باش بوو لە سوێدیەوە وەریگێڕمە سەر کوردی ئەویش ئاوا بوو: ڕەنگە پێکەنینتان بێ بەڵام ڕاستە، دوای ئەو لێکۆڵینەوەی کە دوکتۆر Hermann Oberli لە نەخۆشخانەی Honiara لە دووڕگەی Salmon دا کردوویەتی، بۆی دەرکەوتووە کە زۆربەی تەسادفەکانی ئەو دووڕگە (جەزیرە) بە هۆی کەوتنەخوارەوەی میوەی نارگیل یان کەوتنی دار نارگیل پێکهاتووە. ئەگەر وای لێکدەینەوە کە میوەیەکی چوار کیلویی، لە بەرزاییەکی 25 میترییەوە بەربێتەوە و خێراییەکیی 80 کیلومیتر لە کاتژێردا بەردەبێتەوە و ئەوجار دەکەوێتە عەرز، جا ئەگەر مرۆڤێکی بەخت هەڵگەڕاو لەو کاتەدا سەری وەبەر ئەم نارگیلە بکەوێ، وەکوو ئەوەیە کە قورساییەکی یەک تۆنی وەسەری کەوتبێ.