یەکێک لە ڕۆژنامەوان و سەرکردە کارا و شۆڕشگێڕەکانی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد لە باشووری کوردستان، کە ئەویش شەهید دکتۆر سیروانە. دکتۆر سیروان ناوی تەواوی خۆی (کاوە عەلی ساڵح) ە، لە ساڵی 1964 لە گوندی #چەمیاڵە#ی ناوچەی شارباژێر، کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری #سلێمانی# لەدایک بووە. ساڵی 1965 بنەماڵەکەیان هاتۆتە شاری سلێمانی و هەر لەو شارەدا ساڵی 1971 دەچێتە بەر خوێندن و قۆناخەکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی بە سەرکەوتوویی تەواو دەکات. ساڵی 1983 لە زانکۆی بەغداد لە کۆلیژی زانستەکان وەردەگیردرێت و لەساڵی 1984 دا بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانییەوە شەهید دکتۆر سیروان دەستبەرداری خوێندنی زانکۆی دەبێت.
شەهید دکتۆر سیروان لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا هەست بە تاڵاوی ژیانی گەلەکەی دەکات و لەرووی چینایەتی و نەتەوەییەوە هەستەکانی خۆی پێشدەخات و ئاشنایەتی لەگەڵ پرسە سیاسییەکانی ئەو کاتەدا پەیدا دەکات و تا لەساڵی 1980دا پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) ەوە دەکات و هەنگاو بە هەنگاو هوشیاری سیاسی خۆی بەرز دەکاتەوە و لەماوەی سێ ساڵدا چەندین چالاکی سیاسی و سەربازی ئەنجام دەدات. دکتۆر سیروان هەمیشە بەوردی ئاگاداری پێشکەوتن و گۆڕانکاری دۆخەکە بوو و لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەکدا بۆچوون و هەڵوێستی خۆی ڕاشکاوانە خستۆتەڕوو. هەر لەسەرەتای کاری سیاسی خۆی لەناو (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) دا کە بەتەمەن 20ساڵ کەمتر بوو و وەک کادیرێکی سیاسی قاڵبووەوەی ناو خەبات ڕەفتاری دەکرد و لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئەو کاتەی باشووری کوردستان و گەرمبوونی شەڕی ئێراق – ئێران و هاتنە پێشەوەی گفتوگۆی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ ڕژێمی ئێراق – کە کۆمەڵەش بەشێک بوو لە (ینک)، ئەو هەڵوێستی خۆی بە ڕەتکردنەوەی ئەو سیاسەتە دیارکرد و ڕیزی کۆمەڵەی بەجێهێشت. چونکە گەیشتبووە ئەو باوەڕییەی (ینک) لەدیاریکردنی دۆست و دووژمن و ئاراستەکردنی هێزی گەل بەهەڵەدا چووە.
دکتۆر سیروان لە ساڵی 1984دا بەناچاری ڕوودەکاتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پاش مانەوەی زیاتر لە ساڵ و نیوێک لەوێ، ئاشنایەتییەکی باش سەبارەت بە ژیان و دۆخی گەلەکەمان لەو پارچەیەی کوردستان پەیدا دەکات و فێری زمانی فارسی دەبێت. لە ساڵی 1985دا ڕووی کردە وڵاتانی ئەوروپا و لە وڵاتی دانیمارکدا جێگیر دەبێت.
پاش ماوەیەک لەوێ ئاشنایەتی لەگەڵ بیروبۆچوونی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی و پێشکەوتنخوازانەی بزاڤی #پەکەکە# پەیدا دەکات و بەهیوا و باوەڕییەکی تۆکمەوە تەڤلی ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەبێت و چالاکانە دەکەوێتە ناو خەباتی ڕێکخستنی جەماوەری و دیبلۆماسی لە وڵاتانی ئەسکەندەنافیا بەتایبەتی و ئەوروپا بە گشتی. لەبەر پێویستی کارو خەباتی ڕێکخستنی و دیبلۆماسی فێری زمانەکانی ئینگلیزی و سوێدی و دانیمارکی دەبێت. نزیکەی سێ ساڵ کاری ڕاگەیاندنی و هوشیارکردنەوەی گەل و کۆکردنەوەی کۆمەک ئەنجام دەدات.
هەر لەکاری دیبلۆماسی و پەیوەندییەکاندا لەگەڵ زۆربەی کەسایەتی و ڕێکخراوە شۆڕشگێرییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دونیادا پەیوەندییەکی باش و چالاکانەی پێشخست.
دکتۆر سیروان باوەڕییەکی پتەوی بە کاری ڕێکخستنی هەبوو، لەدژی هەر جۆرە کارێکی سەرەڕۆیی بوو، لەهەموو کار و هەڵسەنگاندنێکدا بەشێوەیەکی زانستیانە تاوتوێی مەسەلەکانی دەکرد. دکتۆر سیروان لە ئەوروپادا نموونەی کەسێتییەکی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەر و لەخۆبوردوو بوو. بۆیە هەر بە خەبات لە ئەوروپاوە نەوەستا و لەکۆتایی هەشتاکاندا بەرەو گۆڕەپانی خەبات لە کوردستان دەگەڕێتەوە. سەرەتا بە مەبەستی بینینی خولێکی پەروەردەیی لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد #عەبدوڵڵا ئۆجەلان#، دەچێتە گۆڕەپانی سەرۆکایەتی پەکەکە لە دۆڵی بیقاعی لوبنان. لەوێ لە ئەکادیمیای مەعسوم قۆرقمازدا خولی پەروەردەیی خۆی بەسەرکەوتوویی تەواو دەکات و لەرووی فیکری و سیاسی و گەریلاییەوە خۆی قووڵدەکاتەوە و کەسێتی خۆی تۆکمەتر و بەهێزتر دەکات. پاش کۆتایی خولی پەروەردەیی دەچێتە گۆڕەپانی تێکۆشانی گەریلایی لەباکووری کوردستان و تەڤلی خەباتی گەریلایی دەبێت. لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی شەڕی کەنداو و هاتنەپێشەوەی ڕووداوەکان دکتۆر سیروان لەسەر ڕێنمایی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەشداری لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی ساڵی 1991دا لەناوچەکانی #زاخۆ# و حەفتانیندا دەکات.
شەهیدی نەمر دکتۆر سیروان بەوردی لەسەر ڕووداو و پێشهاتەکانی باشووری کوردستان ڕاوەستە دەکات و لە ڕێکەوتی #01-04-1991# دا ڕۆڵێکی کاریگەر لەدامەزراندنی #پارتی ئازادی کوردستان# (پاک) دەبینێت. لەسەرەتای مانگی ئایاری 1991دا ڕاستەوخۆ دەچێتە گۆڕەپانی خەباتی ناو شارەکانی باشووری کوردستان و لەڕووی سیاسی و ئایدیۆلۆژییەوە ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لە هوشیارکردنەوەی جەماوەر و پەردەلادان لەسەر پیلان و دەستێوەردانەکانی زلهێزەکانی جیهان و دووژمنانی گەلەکەمان. لێبڕاوانە و بە بەرپرسیارێتییەکی مەزنەوە هەوڵدەدات تیشکی زانستیانە بخاتە سەر هەڵە و کەموکوڕییەکانی بزاڤی کورد بەگشتی و باشوور بەتایبەتی. هەروەها ڕۆڵێکی کارای بینی لە ناساندنی ڕاستینەی شۆڕشی ئازادیخوازی گەلی کورد بە پێشەنگایەتی پەکەکە دەبینێت.
لەکاتی شەڕی ساڵی 1992ی هێزە دەسەڵاتدارەکانی باشوور دژ بە بزاڤی ئازادیخوازی کورد، دوای شەڕێکی قورسی پازدە ڕۆژە دکتۆر سیروان بریندار دەبێت. بەڵام بە ورەیەکی بەرزەوە گۆڕەپانی بەرخودان چۆل ناکات و هاوشانی هەڤاڵانی لەبەرخۆداندا دەبێت.
دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکە وەک فەرماندەیەکی لێهاتوو فەرماندارێتی کامپێکی پەروەردەیی لەئەستۆ دەگرێت و #شەڕڤان#انی ئازادی پەروەردە دەکات و لەرووی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و مێژوویی و تێکۆشانی گەریلاییەوە سەرپەرشتی چەندین خولی پەروەردەیی دەکات.
لەساڵی 1994دا وەک ڕۆژنامەوان و نووسەر و وەرگێڕێکی بەتوانا سەرپەرشتی ڕۆژنامەی وڵات دەکات و ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە پێشخستنی ڕۆژنامەکەدا و خاوەنی قەڵەمێکی بە جورئەت و بەتوانا بوو.
لە ساڵی 1995دا ئامادەکاری بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوێکی نەتەوەیی و دیموکراتی دەکات و لە یەکەم کۆنفرانسی هەڵسوڕاوان و تێکۆشەرانی نەتەوەیی و دیموکراتیدا لەبەهاری هەمان ساڵدا ڕێکخراوی #یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان# (یندک) دادەمەزرێنێت کە دەخوازرا وەک سەکۆیەکی نەتەوەیی و دیموکراتی تێکۆشەرانی باشووری کوردستان بێت. هەر لەهەمان کۆنفرانسدا دکتۆر سیروان وەک سکرتێری گشتی (یندک) هەڵبژێردرا.
ئیتر شەهید د. سیروان وەک سەرکردەیەکی دانا و زرنگ لە تێکۆشانی نەتەوەیی و دیموکراتییانەی خۆیدا لەمیانەی خولە پەروەردەییەکان و کۆڕ و کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا پێشەنگایەتی خەباتێکی شێلگیر و بەرخودانخوازانەی دەکرد و تا دەهات وزە و توانستەکانی خۆی بە مۆراڵ و جۆشێکی بەرزەوە دەخستە خزمەت تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلەکەی. د. سیروان لەهزر و ژیان و خەبات و تێکۆشانی خۆیدا وەک سەرکردەیەکی شۆڕشگێڕی ئازادیخواز و وڵاتپەروەر باوەڕییەکی مەزنی بە ئیرادەی ئازادی گەلەکەی هەبوو و لەپێناوی بەرجەستەکردنی هیوا و ئاواتەکانی گەلەکەیدا بەجورئەت و باوەڕییەکی مەزنەوە لەتێکۆشاندا بوو، هەمیشە دژ بە شەڕی ناوخۆیی هێزە کوردییەکان بوو و یەکێتی نەتەوەیی بە پێداویستییەکی ژیانیی دەبینی و لەپێناو یەکێتی نەتەوەییدا ماندوونەناسانە لە تێکۆشاندا بوو. هەمیشە بە هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانی و دیموکراتییەکانی دەناسرا. تا لە #04-10-1996# دا لەکاتێکدا سەرگەرمی خەبات و تێکۆشانی ڕێکخستنی بوو، لە ئاوایی (قەڵاچوغەی سەی کەریم) سەر بەناوچەی #ئاغجەلەر# بەر هێرشی کۆمەڵێک چەکدار شە ڕی کورد کوژی لەگەڵ چوار لەهەڤاڵانی بەناوەکانی (حاجی قامشلۆیی، بابان، دیلان #ماردین#ی و عەگید #گەرمیان#ی) شەهید دەکرێن.